. . . .


10 Nov 2012

به‌ مه‌به‌ستی‌ پشتیوانی‌ کردن له‌ زیندانیە‌ سیاسیەکانی‌ باك??


ناوەندی هەواڵ_نۆروێژ:
رۆژی شەممە ٩ی نووامبری٢٠١٢ی زایینی لە ئۆسلۆ پێتەختی نۆروێژ بۆ پشتیوانی کردنی زیاتر لە ٧٠٠ زیندانی سیاسی کورد لە کوردستانی تورکیە کە ماوەی ٥٩ رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە، بە سەدان کەس لە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان و چەندین کەسایەتی نۆروێژی به‌ مه‌به‌ستی‌ پشتگیری‌ له‌ داواكانی‌ مانگرتووانی‌ سیاسی‌ کە لە وەزعێکی خراپی تەندروستیدا له‌ زیندانه‌كانی‌ توركیە ژیان دەبەنەسەر خۆپێشاندانێک به‌رێوه‌چوو.
خۆپێشاندانەکەلە ویستگەی شەمەننەفەری ئۆسڵۆوە بەرەو پارلەمانی نۆروێژ بە دانی دروشمەکانی، رێژیمی تورکیە دەبێ زیندانیە سیاسیەکانی کورد ئازاد بکات، بەرێز ئۆجالان ئازاد بکرێ، دەبێ رێژیمی تورکیە داوا رەواکانی زیندانیانی کورد بێنێتەدی، کە بە دوو زمانی کوردی ونۆروێژی‌ لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بە دەنگێکی بڵیند دەوترانەوە، کەوتنەرێ کە بووە هۆی سەرنجی کۆمەڵێکی زۆری ئەو نۆروێژیانەی کە رێپێوانەکە لە تەنیشتیانەوە تێپەر دەبوو.
دوای ئەوەی خۆپێشاندەران گەیشتنە بەردەرگای پارڵەمانی نۆروێژ کە بەرنامەی سەرەکی لەوێ بەرێوە چوو، سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی ئەیرەقیب و پاشان خوولەکێک بێدەنگی بۆ رێوره‌سمه‌كه‌ دەستی پێ کرد. گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان
بەرێز دلێر خورشیدی بەرپرسی بەشی پەیوەندیەکانی حدک لە نۆروێژ و یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەری خۆپێشاندانەکە پەیامی کۆمیتەی ئامادەکاری خۆپێشاندانەکەی بە زمانی نۆروێژی خوێندەوە، لە پەیامەکی بەرێزیاندا هاتبوو: مێژوی گەلی کورد زۆر ناخۆشی و چەوساندنەوەی بەخۆیەوەدیوە، گەلی کورد یەکێکە لە نەتەوەکان کە زۆرترین خوێنی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم داوە.
وڵاتانی داگیرکەر دوای چوار پارچەکردنی خاکی کوردستان بەزۆرشێوە حەولیانداوە گەلی کوردو خەباتە ڕەواکەی سەرکوت بکەن، هەر لە قەدەغەکردنی زمان، کولتور و کارکردن لەسەر قەزیەی کورد، وە هەتا چەندین جار پەناشیان بۆ ژینۆساید بردوە.
لە ماوەی ئەم ١٠٠ ساڵەی دویدا گەلی کورد قوربانیەکی زۆریداوە.
بەڵام ئێستا قۆناغی سیاسی زۆر گۆرانی بەرداهاتووە، کیانی کوردی ئێستا لەهەمو کاتێک زیاتر دەنگیداوەتەوە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بەرەو دیموکراسی دەچێت. کوردان لە باشوری کوردستان تا حەدێکی باش ئازادی و سەربەخۆییان هەیە.
جێی خۆیەتی بڵێین، ئەو دێموکراسیەی کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هاتۆتە ئاراوە، بەبێ ئازادی کوردستان و دان نان بە مافی کوردان ناتەواوە، هەر بۆیە تورکیە دەبێت ئەو ڕاستیە بسەلمێنێت کە دێموکراسی بۆ گەلی تورکیەو ئازادی بۆ گەلی کورد تاکە ڕێگەیە.
لە کۆتایی پەیامەکەی خورشیدی هاتبوو، شۆڕشی گەلی کورد بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان تا وەدیهێنانی هەمو ئامانجەکانمان هەر بەردەوام دەبێت.
لە درێژەی بەرنامەکەدا چەند لایەنی سیاسی کورد و کەسایەتی نۆروێژی کە داییم پشتیوانی گەلی کوردن پەیامی پشتیوانیان لە زیندانیەکانی کورد خوێندەوە.

بەرێز کامران مرادیان بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی هاوبەشی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نۆروێژ پەیامی پشتیوانی لە زیندانیە‌ سیاسیەکانی‌ باكووری‌ كوردستان پێشکەش کرد. لە پەیامەکەدا هاتبوو: ئێمە وەک کومیتەی هاوبەشی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ پشتیوانیی دەربڕین لە هەموو داواکانی ئەو بەندییە مانگرتووانە، سڵاو دەنێرین بۆ ورە و خۆڕاگریی ئەوان و ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە باکووری کوردستان کە ئاوا لێبڕاوانە و بە یەکڕیزیی لە خەباتی مەدەنیی و سیاسییانەی خۆیان بەردەوامن. لە هەمان کاتدا سڵاو و دەستخۆشیی بە هەموو ئەو ڕێکخراو و لایەن و کەسایەتییە کورد و غەیرە کوردانە دەنێرین کە بە هەر شێوەیەکی گونجاو پشتیوانییان لە خەبات و داواکانی مانگرتووان و خەڵکی خرۆشاو و خۆڕاگر لە باکووری کوردستان کردووە.
هەر لەو پەیوەندییەدا داوا لە دەسەڵاتدارانی ڕژیمی تورکیە دەکەین، کە ئەگەر بە ڕاستیی باس لە دێموکراسی و چارەسەرکردنی پرسی کورد لەو وڵاتە دەکەن، دەبێ دەستبەجێ بە دەنگ داوا رەواکانی مانگرتووانەوە بێن. ئەوان دەبێ ئەو هەسته‌ جەماوەرییە بەرینە بە هێند وەرگرن و مامەڵەی دروستی لەگەڵ بکەن. ئەگینا هەر هەوڵ و هەنگاوێکی پێچەوانەی ئەوە، هەر وەک تا ئێستا قازانجیان لێ نەکردووە، بە دڵنیاییەوە لە داهاتووشدا بە زیانێکی گه‌وره‌ به‌سه‌ریاندا ده‌شکێته‌وه‌.
هەر لێرەوە داوا لە ڕێکخراو و ناوەندەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ، بە تایبەتییش ئەوانەی دەست و قسەیان دەڕوا، دەکەین ئاوڕی جیددی لەو مانگرتووانە بدەنەوە و فشار بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیە بێنن تا وەڵامی ویست و داوا ڕەواکانی ئەو مانگرتووانە بدەنەوە.
کومیتەی هاوبەشی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نۆروێژ کە پێکهاتووە لە:
ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
پارتی سەربەستیی کوردستان
ڕێکخراوی دیموکراتیکی یارسان

شایانی باسە کە بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بەشداری خۆپێشاندانەکەیان کرد.

بەشی راگەیاندنی حدک لە نۆروێژ.
10.11.2012


بۆ بینینی وێنەکان لێرە کرتە بکە


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1101 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact