. . . .


29 Oct 2012

سیمینارێك له‌سه‌ر پرسی ژنی کورد له‌ هەر چوار پارچه‌ی کوردستان لە


ناوەندی هەواڵ_نۆروێژ: رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٧ی ئۆکتوبری ٢٠١٢ی زایینی به‌مه‌به‌ستی خستنه‌ ڕووی پرسی ژنانی کورد له‌هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان ، له‌شاری ئۆسلۆی پایته‌ختی وڵاتی نۆروێژ و به‌سه‌رپه‌رستی حیزبی کرێکارانی نۆروێژ و گرووپی کوردی سوسیال دێمۆکرات، به ‌ئاماده‌بوونی مارێت نیباک جێگیری سه‌رۆکی په‌رڵه‌مانی نۆروێژ و شیرین ئامێدی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رکردایه‌تی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و گوڵتەن کێشاناک ئه‌ندامی په‌رڵه‌مانی تورکیا و هاوسه‌رۆکی پارتی ب د پ و نیگن شێخولئیسلامی نووسه‌ر و چالاکوان له‌بواری ژنان و بەشێکی زۆر لە کوردانی دانیشتوی نۆروێژی سیمینارێك به‌ڕێوه‌چوو .
سه‌ره‌تا بۆ ڕێزگرتن له‌گیانی پاکی شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان خوولەکێک بێدەنگی راگەیاندرا.
دواتر وتاری به‌خێرهێنان له‌لایه‌ن گرووپی ئامادەکاری کاره‌کانی سیمینار خوێنرایه‌وه‌ و له‌ پاشاندا جێگیری په‌ڕڵه‌مانی نۆرویژ ووتارێکی تێرووته‌سه‌ڵی له‌مه‌ڕ رەوشی ژن لە وڵاتی نۆروێژ پێشکەش کرد، لە باسەکەی ناوبراودا هاتبوو، لەمێژ نیە ژنان لە نۆروێژ بە مافی یەکسانی گەیشتوون کە وەک پیاو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا حەقی یەکسانیان هەبێت،
بەرێزیان وتی ئەرکی ئێمە وەک ژنانی حیزبی کرێکاران ئەوەیە هاوکاری ئەو ژنانە بکەین کە تا ئێستاش لە لایەن پیاوانەوە دەچەوسێندرێنەوە.
لەدرێژەی باسەکەیدا وتی من بە شانازێوە دەڵێم کە ٢٠ ساڵە لە گەڵ ژنانی کورد بۆ چارەسەری گیروگریفتەکانیان کار دەکەم.

پاشان نیگین شێخولئیسلامی باسی له‌ڕه‌وشی ژنانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کرد ،که‌ له‌باردوودۆخێکی پڕ مه‌ترسیداردا ژیان ده‌به‌نه سه‌ر، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە من لەوبەشەی کوردستانەوە هاتوم کە ژن لەژێر زوڵم و ستەمی کۆماری ئیسلامی دەچەوسێندرێتەوە و رۆژانە بە دەیان ژن لە نێوان ١٥ تا ١٦ ساڵی لە لایەن کاربەدەستانی ئەو رێژیمەوە دەستبەسەر و ئێعدام دەکرێن، بەرێزیان لەدرێژەی باسەکەیدا وتی، لە زیندانەکانی ئێراندا هیچ کەسێک، بە تایبەت ژنانی کورد بە زیندانی سیاسی لەدادگاکاندا محاکەمە ناکرێن، بەڵکوو بە تاوانی ئەوەی کە ژنن و تاوانی بێناموسیان دەخرێتە پاڵ، بەرێز نگین ئاماژەی بەوەدا کە زیندانبانەکانی کۆماری ئیسلامی شەوی پێش ئێعدام کردنی ژنانی کورد تەجاوزیان پێدەکەن، چوونکە پێیان وایە ئەگەر ئەوکارە بکەن ئەوە تەجاوز بە شەرەفی میللەتی کورد دەکەن.
خاتو نگین نمونە چەندین ژنی کوردی هێنایەوە کە لەسێدارەدراون تەنها لەبەر ئەوەی کە کورد بوون، بەرێزیان ئاواتی خواست کە رۆژێک بێت ژنی کوردیش وەک ژنانی هەموو دونیایی پێشکەوتوو ئازاد و مافی یەکسانی هەبێت.

ئینجا شیرین ئامێدی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رکردایه‌تی پارتی دێموکراتی کوردستان لە وتارێکدا باسی له‌خه‌باتی گه‌لی کورد ‌ له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانانی ئافره‌تان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە له‌لایه‌ن کابینه‌کانی پێشوو و ئێستای حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بایخێکی گرینگ بە مافی ژنان دەدرێت و دراوە.

دوایین پانێل گێر بەرێز گوڵتان کاشاناك ئه‌ندامی پارڵه‌مانی تورکیا و هاوسه‌رۆکی ب د پ به‌شێوه‌یه‌کی گشتی باسی پرسی کورد و هه‌روه‌ها ئافره‌تانی کورد لە باکووری کوردستان کرد که‌ به‌هۆی سیاسه‌تێکی خەڵەت ده‌بینین زۆرجاران دووچاری کێشه‌ ده‌بنه‌وه‌ .

گوڵتەن وتی تورکیە یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بارودۆخی ژنان تێیدا زۆر خراپە، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر بێن وباس لە ریزبەندی ئەم وڵاتانە بکەین ئەوە تورکیەلە شومارە ١٢٤دا دەبینین واتە تەنها ٣ وڵاتی تر لە تورکیە بۆ بواری ژیانی ژنان خراپترن، لەتورکیەدا فەڕقی نێوان ژنانی کوردو تورک زۆرن، ژنانی کورد لەزۆربەی خزمەت گوزاریەکانی پزیشکی و ئاموزشی بێبەشن، شەڕی ناوخۆی تورکیە زەرەری زۆری لە ژنانی کورد داوە، هەرگوندێکی کوردستان کە دەسوتێندرێت خەڵکەکەی ئاوارەی شارەکان دەبن و زۆربەیان لەگەڵ ژیانی ئۆردوگانشینی روبەرو دەبنەوە هەر بۆیە ژنانی کورد لە باکوری کوردستان بە خراپترین شیوە دەچەوسێندرێنەوە. لە درێژەی قسەکانیدا خاتو گوڵتان گوتی لە پارتەکەی ئێمە، واتە ب د پ هەرپیاوێک زوڵم لەژن بکات ناتوانێت ببێت بە ئەندام.
لەدوایی باسەکەیدا کێشناک وتی، ڕژێمی تورکیە دەبێت کێشەی کورد بەشێوەی دیالۆگ لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان چارەسەر بکات، تەنها ڕێگەی ئاشتی لە نێوان تورک و کورد دانیشتن لەگەڵ نەتەوەی کوردەو دواییهێنان بە کێشەی کوردە لەو وڵاتەدایە.
لە پرسیارێکی هەواڵنێری کوردکانالدا کە خاتو گۆڵتەن چۆن رەوشی ژنان لە رۆژهەڵات دەبینێت ناوبراو وتی، لە پێشەکیدا بە حورمەتەوە سڵاوم هەیە بۆ ئەو شێرە ژنانەی کە لە ڕۆژهەڵات تێدەکۆشن، حورمەت و خۆشەویستیم هەیە بۆ ئەو ژنە کوردانە کەلە زیندانەکاندا مقاوەمەت دەکەن، من لەو باوەڕەدام کە هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەیەکی نەترسانە تێدەکۆشن بۆ ئازادی کوردستان، ئازادی ژنان و سەرکەوتنیش زۆر دور نیە، باوەڕم وایە کە هەمومان پێکەوە ئازادی بەدەست دێنین. بێگومان کوردستانی ئازاد، نەتەوەی کورد و ئازادی ژنانی کورد لە داهاتویەکی نزیکدا بەدەست دێت، ئێمە دڵمان یەکە، بژی کورد، بژی کوردستان.
شایانی باسە کە بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حدک لەو سمینارە دا بەشدار بوون.
بەشی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، نۆروێژ.

بۆ بۆ بینینی وێنەکان لێرە کرتە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1225 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact