. . . .


25 Oct 2012

پرسی بە ژینۆساید ناساندنی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و مەسەلەی کورد‌ ل?


ناوەندی هەواڵ- نۆروێژ: له ‌دانیشتنی ڕۆژی پێنج شه‌ممه،‌ ٢٥ی ئۆکتوبری ٢٠١٢ی زایینی بۆ یە‌کە‌م جار و به ‌شێوه‌یه‌کی رەسمی ویاسایی پرسی شیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ‌و ئه‌نفال له‌ کۆشکی "ستوورتینگه"‌واتا پەرڵەمانی نۆڕوێژ باسی لێ‌کرا ، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا به‌ ئاماده‌بوونی بەرێز ئارام ئه‌حمه‌د وه‌زیری شەهیدان و ئەنفالی کوردستان و ژماره‌یه‌کی زۆر له‌کوردانی دانیشتووی نۆروێژ له‌لایه‌ن پارتی (ئێسڤێ)ئه‌م پرسه به ‌هۆی (ئه‌ختەرچۆڕده‌ری) ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ڕاپه‌ڕاندنی ڕێکه‌وتننامه‌ی چه‌کی شیمیایی و جێگری چواره‌می په‌ڕڵه‌مانی نۆڕوێژ وروژێندرا وتێدا (ئیسپن برێت ئیدی) وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نۆروێژ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ بانگهێشت کرا.

سه‌ره‌تا سه‌رۆکی په‌رڵه‌‌مانی نۆروێژ به‌مه‌به‌ستی خستنه‌ڕووی بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌چه‌کی کۆمه‌ڵکووژی و دواتر به‌کارهێنانی دژی گه‌لی کورد، کورته ‌باسێکی پێشکه‌ش کرد و دواتر ئه‌ختەر چۆدەری پرسیاره‌کانی ئاراسته‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵات کرد، کە تیایدا ئاماژه‌ی به‌مێژووی به‌کارهێنانی چه‌کی قه‌ده‌خه‌ کراوی دژ به‌گه‌لی کورد له‌ باشووری کوردستان، به‌تایبه‌تی هه‌ردوو شاڵاوی ئه‌نفال و شیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌کرد. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ‌ئێسپن ئێدی وه‌زیری ده‌ره‌وه ‌لە وڵامدا تیشکی خسته ‌سه‌ر ئه‌م کاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر گه‌لی کورد هاتووه‌ له‌ پەیوەندی لەگەڵ هه‌ڵوێستی نۆروێژ له‌م باره‌یه‌وه ناوبراو وتی: ئێمه ‌پاڵپشتی له‌هه‌ر بڕیارێک دەکەین که ‌له ‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵتییه‌وه ‌سه‌باره‌ت به ‌پرسی به ‌ژینۆساید ناساندنی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه دەربچێت، کە بووە مایە‌ی خۆشحاڵی ئاماده ‌بووان.

چه‌ندین په‌رله‌مانتاری دیکەش بۆچوونی خۆیان بۆ ئه‌م پرسه‌ خسته ‌ڕوو و زۆر ڕاشکاوانه باسیان له کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ وئه‌نفال کرد، ئەوە وێڕای باسکردنی پرسی سووریا و ئێران که‌ ئێستاکه ‌بۆته‌جێگای بایه‌خی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی.

جێگای ئاماژە پێ کردنە کە پرس و کێشەی چەکی ئەتۆمی ئێران، لە لایەن چەند پارلەمانتارێکەوە هاتە بەر باس. ئەو پارلەمانتارانە لە باسەکەیاندا وتییان: کێشەی ئەتۆمی ئێران وای لە ئیسڕائیل کردووە کە باس لە هێرشی نیزامی بۆ سەر ئەو وڵاتە بکات و چەندین جار دەوڵەتی ئیسڕائیل ئیحتمالی بەکارهێنانی هێزی سەربازی ڕاگەیاندووە، کە ئەوەش بەهۆی هەڵوێستی نا بەجێی سەرانی ڕژیمی ئیسلامی ئێرانەوەیە کە دەڵێن دەوڵەتی ئیسڕائیل لە سەر نەقشەی جیهان پاک دەکەینەوە، هەر بۆیەش ئیسڕائیل بە مافی خۆی دەزانێ بۆ پاریزگاری لە سەروماڵی هاووڵاتیانی دەست بداتە هەموو کارێکی نەخوازراو.

پارلمانتار "پێتەر سکۆڤهۆلت گیتمارک"لە بەشێکی وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کاتێک ئێمە باسی کێشە و نەهامەتییەکانی گەلی کورد دەکەین، دەبێ ئەوەش بڵێین کورد گەورەترین نەتەوەیە کە تا ئێستا وڵاتێکی سەربەخۆی نیە. دوای شەڕی یەکەمی جیهانی کە دەسەڵادارانی ڕۆژئاوا بەڵێنی سەربەخۆییان بە کورد دابوو، بەڵام مستەفا کەمال دەستی بەسەر بەشێک لە خاکی کوردستان داگرت و ئەو ئاواتە لە مێژینەی کوردانی بردە ژێر گڵەوە.

لە ساڵی ١٩٤٧ بە یارمەتی یەکێتی سۆڤیەت کۆماری کوردستان دامەزرێندرا کە مەهاباد پایتەختی ئەو کۆمارە بوو، هەرچەندە تەمەنی کۆماری کوردستان کورت بوو، بەڵام تائێستاش کاریگەری گەورەی لە سەر کولتورو سیاسەتی کورد هەیە.

پاشان بەرێز ئارام ئه‌حمه‌د وه‌زیری ئه‌نفال و شه‌هیدانی کوردستان له ‌لێدوانێکی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌ تێروتەسەڵ ئاماژه‌ی به ‌دانیشتنی په‌رڵه‌مانی نۆروێژ کرد که‌ پرسی به‌ ژینۆساید ناساندنی شاڵاوی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه له‌خۆگرتبوو. ناوبراو سوپاسی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی کرد که ‌له ‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی بەڕێزیان ئه‌م پرسه ‌گرنگیه‌کی تایبه‌تی پێده‌درێت و هه‌روەها خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی که‌ به ‌شێوه‌یه‌کی ڕەسمی له ‌نێو په‌رڵه‌مانی نۆروێژ باسی ئه‌م پرسه ‌گرنگه‌ کرا و هه‌روه‌ها وتی ئه‌مه‌ هەنگاوێکی گرینگه ‌بۆ ئه‌وه‌ی پرسه‌که ‌زیاتر بچێته ‌نێو بنچینە یاساییە‌ نێوده‌وڵه‌تییەکان.

شایانی باسه ‌کۆمیته‌ی کار بۆ مافی کوردان لە نۆروێژ به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارتی ئێسڤی(حیزبی سوسیالیست چەپی نۆروێژ ) ماوه‌یه‌که‌ سەرقاڵی ئەوەن کە پرسی به ‌ژینۆساید و ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه ‌بکه‌نه پرسێکی نێوده‌وڵه‌تی و لە نیو کۆڕ و کۆمەلە نێودەوڵەتییەکان پشتیوان و پشتگیری بۆ پەیدا بکەن.

پێویستە بگووترێ کە هەیئەتێکی بەرچاو لە کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان و یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سەر بانگهێشتنی ڕەسمی ئامادەکارانی ئەو سمینارە، لە پارلەمان ئامادە بوون.

بەشی ڕاگەیاندنی کۆمیتەی حدک لە نۆروێژ.
٢٥/١٠/٢٠١٢

وێنەکانی ئەو سمینارە لێرەوە ببینە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 934 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact