. . . .


7 Oct 2012

سێمیناری "مێژووی خەباتی ژنی کورد و پەروەردە و فێرکردن لە دوو کۆمەڵگاو


ناوەندی هەواڵ-نۆروێژ: کاتژمێر ٢ی پاشنیوەرۆی رۆژی شەممە ٦ی ئۆکتوبری ٢٠١٢ی زایینی یەکێتی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان لە نۆروێژ سێمینارێکیان بۆ بەرێزان گەلاوێژ قادری و ئەوین رۆستەمی لە شاری سترۆممێن پێک هێنا.
سەرەتا سێمینارەکە بە یەک خولەک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد. پاشان هاورێ مەحبووبە رەحیمی بەرپرسی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ، بەخیر هاتنی میوانان‌ و بەشدارانی سێمینارەکەی کرد. پاشان ناوبراو وتی: هەموومان دەزانین کە ژنان لە کۆمەڵگای کوردەواریدا ئەگەر رۆڵی سەرەکیشیان نەگێرا بێ، ئەوا دەور و کاریگەریان چی وا لە ڕۆڵی پیاوان کەمتر نەبووە، مێژووی خەباتی ژنی کورد زۆر هەوراز و نشێوی بڕیوە کە بە خەبات و تێکۆشانی بەردەوام توانیویەتی بگاتە ئاستێک کە جێگای شێاوی خۆی بکاتەوە.

ئینجا خاتوو گەلاوێژ قادری باسێکی لە سەر مێژووی خەباتی ژنان بەگشتی و ژنی کورد بە تایبەتی پێشکەش بە بەشداربووان کرد. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی کە خەباتی ژنان لە سەرەتای سەدەی هەشتاکاندا لە پێناو وەدیهێنانی مافە سەرەکیەکانی ژنان بۆ وێنە مافی دەنگدان، خوێندنی باڵا و هەروەها مافە سەرەتاییەکان دەستی پێ کرد و ئاماژەی بەوەدا کە
ژنی کورد و چۆنیەتی ڕەوتی ئەو شۆڕشە لە هەموو پارچەکانی کوردستان و هۆکارە سەرەکیەکانی زوڵم و زۆری گەراندەوە بۆ تەئسیری مەزهەب و کولتور بۆ سەر ژنان. بەڕێزیان بەزۆر بەشوودانی کچانی وەک گەورەترین کێشەی کۆمەڵایەتی لە ناو کوردەواریدا دەست نیشان کرد.

بەرێز ئەوین ڕۆستەمی لە سەر پەروەردە و فێرکردن بەتایبەت زبانی دایک لە دوو کۆمەڵگا و کولتووری جیاوازدا و رۆڵی دایک دەبێ چۆن بێت باسێکی تێر و تەسەلی پێشکەش کرد. بەرێزیان ئاماژەی بەو بابەتانە کرد و وتی: بەشێکی بەرچاو و گرینگ لە پەروەردە و فێرکڕدن باس لەوە دەکا کە چۆن منداڵ فێری هەڵس و کەوتی نێو کۆمەڵگا بکرێت و هاوکات ڕابهێنرێت بۆ خۆ گونجاندن لە ناو کۆمەڵگادا. یەکێک لە ئەرکەکانی دایک و باوک ئەوەیە کە هەوڵ بدەن بۆ هاندان و فێرکردنی منداڵ دەربارەی هەڵس و کەوتی گونجاو و چۆن دووری بکەن لە هەڵس و کەوتی نە گونجاو. واتە دایک و باوک فێرگەیەکن بۆ منداڵ و دەبێت منداڵ ڕا بێنن لە سەر ئەوەی کە هەر هەڵس و کەوتێک دەر ئەنجامی خۆی هەیە، باش یا خراپ و موحیببەت و خۆشەویستی و هاندان بۆ ناخێکی سالم و بڕوا بەخۆبوون. هاوکات دەبێت منداڵ هەست بەوە بکات کە وەک تاکێک رێزی هەیە. ئەمە بناخەیە بۆ ئەوەی منداڵ بتوانێت هەوڵەکانی خۆی لە ژیاندا زیاد بکا بۆ ئەوەی توانایەکانی بە باشترین شێوە بەکار بهێنێ و ئامانجی دیاریکراویان هەبێت لە ژیاندا. خاتوو ئەڤین لە کۆتایی قسەکانی دا کوتی کە زمانی دایک پردێکە لە نێوان دایک و باوک و منداڵ و دایک و باوک زیاتر شارەزاییان هەیە لە زمانی زگماکی و زیاتر دەتوانن هەست و بیرەکانیان بە زمانی دایک دەرببڕن. زمانی دایک سەرچاوەیە بۆ بوونی گفتوگۆیەکی ڕوون، داواشی لە دایک وباوکان بە تایبەت لە تاراوگە کرد کە بە زبانی زگماکی مناڵەکانیان بدوێنن، چوونکە منداڵ دەتوانێت و توانای فێربوونی ٥ زبانی لە یەک کاتدا هەیە.
سمینارەکە بە پرسیار و وڵام دوای ٣ کاتژمێر کۆتایی پێ هات.

یەکێتی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان، نۆروێژ
07.10.2012

بۆ بینینی وێنەکان لێرە کرتە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1481 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact