. . . .


3 Oct 2012

ئێوارە خوانێكی نێونەتەوەیی لەلایەن لیبەرپارتیەوە


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١٢، کاتژمێری ٥و ٤٥ خولەک، لەیەکێك لەسالۆنەکانی کۆنفراسی لیبەرپارتی بۆ بەشداران و میوانانی کۆنفڕاسی ساڵانەی ئەو پارتە، ئێوارەخوانێکی نێونەتەوەی ساز کرا.
پاش بەخێرهاتنی میوانان لەلایەن بەڕێز خاتوو هاریەت هارمن ئەندامی پارلمانی بریتانیا و جێگری سەرۆك وەزیران، وتەیەکی پێشکەش کردو داوای لەبەڕێز ئید میلیباند سەرۆکی لیبەرپارتی کرد کە وتەکانی پێشکەش بکات.
پاشان بەرێز میلیباند لە وتەیەکی زۆر کورت دا لەگەڵ بەخێرهاتنی دووبارەی میوانان، سوپاس و پێزانینی لیبەرپارتی پێشکەشی میوانانی نێونەتەوەی کرد بۆ بەشداریان لەو کنفرانسە دا. بەڕێزیان لە بەشیکی دیکەی وتەکانی دا ڕێزی لە پەیوەندی حیزبەکەی و پارت و ڕێکخراوە دەستە خۆشکەکانی پارتەکەی گرت و بە گرینگ وەسفی کرد و ڕایگەیاند کە بە بێ هاریکاری نێوانمان، چ وەک وڵات و چ وەک پارت و ڕێکخراوە سوسیال دیموکراتەکان، دژایەتی لەگەڵ تیرۆر و ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ هەژاری و پیس بوونی ژینگە کارێکی ئەستەمە. بۆ دەسەڵاتێکی سەرکەوتوو، بوونی ئەو پەیوەندی و دۆستایەتییانە زۆر گرینگ و کاریگەرە و دەکرێ بنیاتی داهاتوویەکی گەشتری لە سەر بنرێ. سپاس بۆ گوێگرتنتان لە وتە دوور درێژەکەم لە کۆنفڕانسەکە دا کە ٦٤ خولەکی خایاند. هیوا دارم لە مانگ و ساڵەکانی داهاتوو دا بتوانین پەیوەندییەکانی نێوانمان پتەوتر بکەین و لەو پەیوەندییانە بۆ خزمەت بە گەل و وڵاتەکانمان کەڵکی پێویست وەرگرین. کات و ساتێکی خۆشتان بۆ بە ئاوا دەخوازم لە ڕۆژانی کۆنفڕانسەکەماندا.
دوای تەواو بوونی وتەکانی بەرێز ئید، بەڕێز کاک خالید عەزیزی سکرتێری گشتی حیزب و بەڕێز مەولود سوارە ئەندامی رێبەری حیزب، لە نزیکەوە چاویان بە چاویان پێی کەوت و لەگەڵ دەسخۆشی و پیرۆزبایی بۆ وتە بە نرخەکانی لە کۆنفرانسە دا، کتێبی پیاوکووژانی کۆشكی فیرووزە،یان نوسینی ڕوئیا حەکاکیان کە لە سەر میکونوس نووسراوە پێشکەشی بەڕێزیان کرد.
هەیئەتی حیزبمان لە میانەی ئێوارە خوانەکەدا چەندین دیدارو چاوپێکەوتنیان لەگەڵ میوانانی بەشدار بوو ئەنجام دا کە بەشێکیان بریتی بوون لە:
هەیئەتی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان
هەیئەتی یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان
هەیئەتی کۆنگرەی نیشتمانی کوردستان
بەڕێزان:
هۆراکۆ فێرناندێس پالاچیۆ باڵوێزی ئارژانتین لە لەندەن
خاتوو ڕێبۆن نەیۆمی مۆشۆلی بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەیی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقای باشوور.
خاتوو دوکتۆر هێلە مایەت تایوای ئەندامی پارلمان لە وڵاتی میانمار.
لە سەرجەم ئەو چاوپێکەوتنانە دا، وێرای دیدار تازە کردنەوە، بارودۆخی گەلی کورد بە گشتی و کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، تەوەری سەرەکی باس و خواسەکان بوو.
پێویست بە گووتنە کە ئەو ئێوارە خوانە لەلایەن کۆمپانی بلومبەرگەوە پشتوانی لێدەکرا.
نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان- بریتانیا
بۆ بینینی وێنەکان کرتە لێرە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 763 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact