. . . .


1 Oct 2012

بەشداری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کنفرانسی حیزبی کارگەری بریتانیا


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: لەسەر بانگێشتی ڕەسمی حیزبی لیبەرپارتی بریتانیا هەیئەتێکی پایەبەرزی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەسەرپەرستی بەڕێز کاك خالید عەزیزی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەڕێز مەولود سوارە ئەندامی رێبەری حیزب و هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی بریتانیا ڕۆژی دووشەممە ١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٢ی زایینی، بەشدارییان لە کۆنفڕانسی حیزبی لیبەر پارتی بریتانیا دا کرد.
ئەو کۆنفڕانسە کە بە دروشمی " بنیات نانەوەی بریتانیا" لە شاری مەنچستەر بەڕێوە دەچێت، کۆنفڕانسێکی ساڵانەی لیبەر پارتییە کە ئەمساڵ بە بەشداری زیاتر لە ١٣٠ باڵوێز و نوێنەرایەتی وڵاتان و هەروەها حیزب و لایەنە سۆسیال دێموکراتەکان ڕێکخراوە.
کاتژمێری ١٢و نیوی ١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٢ میوانداریەک لە لایەن بەشی نێونەتەوەی حیزبی خانەخوێ،وە ساز کرا کە لەو میوانیەدا بەشێکی بەرچاو لە وەزیرانی دەسەڵاتی سێبەر بەشداریان تێدا کرد و لەلایەن بەڕێز داگلاس ئەلێکساندر ئەندامی پارلمانی بریتانیا و وەزیری دەرەوەی (سێبەر) بەخێرهاتنی میوانانی کرا. بەڕێز داگلاس لەسەر حیزبی لیبەرپارتی و هەلبژاردنەکانی ئەو حیزبە وتی: پێویستە حیزبەکەمان پێداچوونەوەیەك بە سیاسەت و بۆچوونەکانی خۆیدا و هەروەها شێوەی هەلبژاردن سیاسەت و ڕوانگەکانمان بکەینەوە. ناوبراو لە پەیوەندی لەگەڵ وتەکانی سەرۆکی ئەو حیزبەدا کە بڕیارە پاشنیوەرۆی ڕۆژی ٢ی ئۆکتۆبر لە سالۆنی کنفرانسەکەدا بیکات وتی: زیاتری وتەکانی پیوەندی بە بریتانیا و بۆچون و ڕوانگە و هەروەها باشتر بوونی سیاسەتی لیبەر پارتی لە بەڕێوەبردنی داهاتوودا دەبێت. بەڕێز داگڵاس لە بەشێکی تری قسەکانی دا سەبارەت بە بەشداری باڵوێز و نوێنەرایەتی حکومەت و حیزب و ڕێکخراوەکان وتی: بەشداری ئێوەی بەرێز دەرفەتێکە بۆ لێك نیزیك بوونەوە، بۆ ئالوگۆری دیدو بۆچونەکانمان سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان لە داهاتوو و هاوئاهەنگی و هاوکاری نێوان ئەحزابی سۆسیال دێموکرات لە چونیەتی ڕووبەڕوو بونەوە لەگەڵ قەیرانە نێودەوڵەتییەکاندا.
خاتوو هاریەت هارمن ئەندامی پارلمانی بریتانیا و جێگری سەرۆك وەزیرانی لە حکومەتی سێبەر، یەکێکی دیکە لە قسەکەرانی ڕۆژی یەکەمی ئەو میواندارییە بوو، کە ئەویش تیشکی خستە سەر وتەکانی بەڕێز داگلاس ئەلیکساندر و خۆشحاڵی خۆی لە بەشداری میوانان دەربڕی.

هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕۆژی یەکەمی ئەم کنفرانسەدا چاویان بە بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی پارلمان و کاربەدەستانی ئەو وڵاتە کەوت. سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە میانەی بەشداری لەو میواندایەدا چاوی بەهەریەك لەبەڕێزان داگلاس ئەلیکساندر وەزیری دەرەوەی حکومەتی سێبەر کەوت و سەبارەت بە ئاڵوگۆرەکانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران و هەروەها ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوان، هاوکات لە پەڕاوێزی چاوپێکەوتنەکە دا کتێبی پیاوکوژانی کۆشکی فیروزەی پێشکەشی بەڕێزیان کرد.
بەرێز کاک خالید عەزیزی چاوی بە هەریەك لە بەڕێزان ئیفان لویس ئەندامی پارلمانی بریتانیا و وەزیری گەشە پێدان بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و هەروەها بەڕێز ئین لوکۆس ئەندامی پارلەمانی بریتانیا و وەزیر لە کابینەی سێبەر بۆ کاروباری ئەفریقا و ڕۆژ‌هەڵاتی ناوین کەوت و لەسەر ئیران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵوگۆڕی بیرورا کرا و بۆچونەکانی حیزبی دیموکراتی لەگەڵ هێنانە بەرباس.
بەرێز کاک خالیدی عەزیزی و هەیئەتی بەشداری حیزبی لە پەڕاوێزی دانیشتنەکاندا دا لەگەڵ هەیئەتی حیزبی کارگەر لە ئیرلەند -دوبلین بەرێزان:
برایان مەکدۆوێل، جێمز کەنەدی، دەیفید لیچ، جۆن لۆنس، خاتوو مەکس مەکفی، کلیر پاوەر و جاك وال دیدارو چاوپێکەوتنیان کرد. پێویست بە ئاماژەیە کە بەشێک لەو بەڕێزانە لە کۆنگرەی ٢٤ی ئەنترناسیونالی سۆسیالیست دا بەشدار بوون و ئەو چاوپێکەوتنە دیدار نوێ کردنەوە بوو لەگەڵیان دا.
هەر لە دریژە ئەو دیدار و چاوپێکەوتنانە دا سکرتێری گشتی حدک لەگەڵ بەرێز جۆ بیلینگهام بەرپرسی نێونەتەوەی حیزبی کارگەری بریتانیا دیداری کرد و چەندین تەوەری گرینگ کەوتە بەرباس و ڕاوێژ.
پاش نیوەرۆی هەمان ڕۆژ و کاتژمێری ٤ بۆ ٥ی ئێوارە لە یەکێک لە سالۆنەکانی کنفرانس، حیزبی کرێکارانی بریتانیا کۆبونەوەیەکی لەسەر چۆنیەتی شێوازەکانی هەڵبژاردن و هەروەها پەرەپێدان و ڕاهێنان و پەروەردەکردنی ئەندامەکانیان لە زمینە جۆراوجۆرەکاندا پێشکەش کرد، ئەوە جگە لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل کە بە ئامێری سینەما سلاید لەسەر هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو و بەرنامە و پلانی داهاتوو و بەرنامە و پرۆگرامی حیزب بۆ سالی ٢٠١٥ بەشێکی تری باسەکانی ئەم سمینارە بوو.
پاشان لەلایەن بەشدار بووانەوە هێندێک پرسیار لەپەیوەندی لەگەڵ هەڵبژاردن و شێوازی کاری داهاتووی ئەو حیزبە لە داهاتوو دا ئاڕاستەی کۆڕگێر و بەرپرسانی ئەو حیزبە کرا کە لە لایەن بەڕێوەبەرانی ئەو سمینارەوە وڵام درایەوە.

لە کۆتایی ئەو سمینارە هەیئەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ بەرێز گاری کێنت ڕاوێژکاری سیاسی کۆمیتەی پارلمانتارانی بریتانیا بۆ کاروباری کوردستان پێک هێنا و سەبارەت بە چەندین تەوەری جیاواز قسە و باسیان کرد.
نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بریتانیا
١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٢
وێنەکانی بەشداری هەیئەتی حیزبی لەو کۆنفڕانسە دا لێرەوە ببینە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1004 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact