. . . .


1 Oct 2012

سه‌باره‌ت به ده‌رچوونی رێکخراوی موجاهیدینی خه‌لق له لیستی ڕه‌??


پاش ئه‌وه‌ی دادگای فێدڕاڵی واشینگتۆن داوای له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا کرد که به بڕیاری خۆی له‌باره‌ی دانانی رێکخراوی موجاهیدینی خه‌لقی ئێران له‌نێو لیستی رێکخراوه تێرۆریستییه‌کاندا بچێته‌وه‌، رۆژی 28 ی سێپتامبری 2012 وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌‌مریکا لابردنی ئه‌و رێکخراوه‌ی له لیسته‌که‌ی به‌ڕه‌سمی راگه‌یاند. پێشتریش یه‌كیه‌تیی ئورووپا هه‌ربه‌و شێوه‌یه‌ ئه‌و رێکخراوه‌ی له لیستی ره‌شی خۆی هێنابووه ده‌ر که‌ کاتی خۆی حیزبی ئێمه‌ له‌ هه‌ڵوێستێکی ره‌سمی‌دا پێشوازیی له‌م هه‌نگاوه‌ کرد.

گومانی تێدا نیه که کاتێک پازده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌مریکا موجاهیدینی خسته‌ نێو لیستی رێکخراوه تێرۆریستییه‌کانه‌وه، ئه‌م بڕیاره زۆرتر ئیمتیازبه‌خشینێک به ده‌وڵه‌تی ئه‌و کاتی سه‌ید محه‌ممه‌دی خاته‌می و به‌گشتی رێژیمی ئێران بوو. ئێستاش، له‌گه‌ڵ ئه‌وی کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریکا بڕیاری لابردنی موجاهیدین له‌لیسته‌كه‌یان وه‌ک به‌رهه‌می پرۆسه‌یه‌کی قه‌زایی نیشان ده‌ده‌ن و به "په‌نانه‌بردنی ئه‌و رێکخراوه بۆ کاری تێرۆریستی" له‌ ساڵانی رابردوودا و ده‌روه‌ستییشی بۆ داهاتوو له‌م پێوه‌ندییه‌داو هه‌روه‌ها هاوکاریی موجاهیدین له ره‌وتی چۆڵکردنی که‌مپی ئه‌شره‌فیدا ده‌به‌ستنه‌وه، حاشای لێ‌ناکرێ که بڕیاری هێنانه‌ده‌ری موجاهیدین له لیستی ڕه‌شی ئه‌مریکا هانده‌ر‌ی سیاسییشی له ‌پشته و ناکرێ له کۆنتێکستی ئاڵوگۆڕه‌کانی پێوه‌ندیدار به مشت‌ومڕی نێوان ئه‌مریکا و ئێران که ئێستا له خراپترین باری خۆیدایه، جیا بکرێته‌وه.

دانانی ڕێکخراوی موجاهیدین له‌نێو لیستی ڕه‌شی ئه‌مریکا و ئورووپادا به هه‌موو ئه‌و مانا سیاسییانه‌و ئه‌و ئاکامه حقووقییانه‌ی له بڕیارێکی ئه‌وتۆ که‌وتبوونه‌وه، کادۆیه‌کی دیپڵۆماسی بۆ کۆماری ئیسلامی بوو که هاوکات ببووه مایه‌ی دڵخۆشی‌و زمان‌درێژیی زیاتری ئه‌و رێژیمه له‌لایه‌ک و له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه تاوان و ده‌ستدرێژی له‌ دژی هێزێک بوو که سه‌ره‌ڕای تێبینی مان له‌سه‌ر سیاسه‌ت‌و هه‌ڵویسته‌کانی، یه‌کێک له‌ جیددیترین هێزه‌کانی ئۆپزیوسیۆنی رێژیمی کۆماری ئیسلامییه‌. هه‌ربۆیه هه‌موو ئه‌وانه‌ی خوازیاری له‌نێوچوونی رێژیمی کۆماری ئیسلامین هه‌ق نییه‌ ئه‌م بڕیاره‌ی‌ وه‌ز‌اره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکایان پێ ناخۆش بێ.

هه‌ر له‌و کاته‌دا جێی خۆیه‌تی ئه‌م بڕیاره‌ی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ڕێکخراوی موجاهیدین هان بدا هه‌تا به‌ له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخێکی نوێ که ئه‌م رێکخراوه تێی‌که‌وتوه‌ و پێوێستییه‌کانی سه‌رده‌می ئه‌مڕۆ، چ له‌بواری پێوه‌ندییه نێوخۆییه‌کانیداو چ له مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌کته‌ره‌کانی دیکه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی ئێراندا به‌خۆیدا بچێته‌وه و به ئه‌قڵییه‌تێکی کراوه ‌و دێموکڕاتیکه‌وه بۆ داهاتووی سیاسیی خۆی بڕوانێ ‌و ئه‌و داهاتوویه له چوارچێوه‌ی ئاینده‌ی هاوبه‌شی ئازادیخوازانی ئێراندا پێناسه بکا. دروست وایه که هه‌ر چه‌شنه خوێندنه‌وه‌یه‌کی سه‌‌رله‌نوێی جێگه‌وپێگه‌ی موجاهیدین له‌لایه‌ن ئه‌مریکاو رۆژئاواییه‌کانیشه‌وه هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ بێ.

سکرتاریای

حیزبی دیموکراتی کوردستان

1/10/2012

10/7/1391

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1546 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact