. . . .


29 Sep 2012

سپاس و پێزانینی بنەماڵەی نه‌قشی بۆ کوردانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات


هەروەک هه‌موو لایه‌ک ئاگادارن، ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٩ ـ ٢٠١٢ برای خۆشه‌ویستمان"عه‌لی نه‌قشی" به هۆی ڕووداوێکی دڵته‌زێنی هاتووچۆ، له کاتێکدا که له گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌که‌ی ده‌گه‌ڕانه‌وه شاری سه‌رده‌شت، گیانیان له ده‌ست دا و ماڵ ئاواییان لە بنەماڵە و کەسوکار و نەتەوەکە‌یان کرد.

عه‌لی پیاوێکی ڕووح سوک و له‌ به‌ردڵان بوو. که‌سایه‌تیه‌کی خۆشه‌ویست و جێی متمانه‌ی دانیشتوانی سه‌رده‌شت و ده‌وروبه‌ری بوو. عه‌لی کوردێک بوو که به به‌رده‌وامی خه‌ونی به سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌که‌ی و سه‌ربه‌ستی نیشتمانه‌که‌ی ده‌دی. عه‌لی مامێکی به توانا و پاڵپشتێکی به هێزی برازاکانی بوو. عه‌لی برایه‌کی خه‌مخۆر و جێگای شانازی بنه‌ماڵه‌که‌ی بوو. عه‌لی پردی پێوه‌ندی نێوان بنه‌ماڵه‌کانی ئێمه بوو. عه‌لی پشت بوو، خه‌مخۆر و جێگای باوه‌ڕ بوو. به‌رزی که‌سایه‌تی عه‌لی ئه‌و ڕۆژه زیاتر ده‌رکه‌وت که کاتی ناشتنی ته‌رمه‌که‌ی، گۆڕستان لێواولێو له هاونیشتمانانی عه‌لی ئاخندرابوو.

هەر بە‌م بۆنە‌وه، ئه‌وه‌ی بۆی کرا له نێزیکه‌وه، ده‌نا به ته‌له‌فوون و تێکستی تەلەفۆنیەوە، یا له ڕێگای فه‌یسبووک و ئیمه‌یڵه‌وه، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی و په‌یامی هاوده‌ردی خۆیان به‌‌م ڕێگایانه‌ی خواره‌وه به ئێمه ڕاگه‌یاند:
1. ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان – سه‌رده‌شت له رێگای محه‌مه‌د نه‌قشیه‌وه
2. باشووری کوردستان – سلێمانی له رێگای ئایشه گووڵ نه‌قشی و کاک که‌ریمه‌وه
3. نۆڕوێژ – ئۆسڵۆ له رێگای ئه‌حمه‌د نه‌قشی و عیسمه‌ت ڕۆسته‌میانیه‌وه
4. ئاڵمان – له رێگای ڕه‌حیم نه‌قشیه‌وه
5. که‌نا‌دا – له‌نده‌ن له رێگای حوسێن نه‌قشی و ڕه‌حمان نه‌قشیه‌وه
6. ئوسترالیا – ئادڵاید له رێگای فه‌ریده نه‌قشی و هیوا جه‌ڵدیانیه‌وه

لێره‌دا وه‌ک که‌س و کاری عه‌لی خۆشه‌ویست سپاسی هەموو ئەو هاورێ‌یانه، به تایبه‌تی بنه‌ماڵه‌ی مه‌عڕووفزاده، دەکەین کە لە ناشتنی برای خۆشه‌ویستماندا زەحمەتێکی زۆریان کێشاوە. هەروەها ڕێزی تایبه‌تیشمان هه‌یه بۆ هەموو ئەو کەسانەی که له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا هاودەردیان لە گه‌ڵدا کردووین. بێ گومان هاودەردی ئێوه قورسایی خەمەکانی ئێمه‌ی سووک کردۆته‌وه.

ئه‌حمه‌دی نه‌قشی – به نوێنه‌رایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی نه‌قشیه‌کان
نۆڕوێژ
27 – 09 – 2012
ali-naqshi.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1062 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact