. . . .


25 Sep 2012

وڵامی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا به نامه‌ی نوێنه‌ری حیزب?


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ و کۆمۆن وێلسی بریتانیا، یه‌که‌ی تایبه‌ت به ئێران،17 ی سێپتامبری 2012.
به‌ڕێز سواره‌ی خۆشه‌ویست!
سپاس بۆ ئه‌و نامه‌یه‌ت که به ڕێکه‌وتی 12ی ژوئیه‌ سه‌باره‌ت به بارودۆخی خراپی رۆژنامه‌وانی کوردی ئێرانی و دامه‌زرێنه‌ری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران محه‌ممه‌د سه‌دیق که‌بودوه‌ند بۆ سه‌رۆک وه‌زیرت ناردبوو. من وه‌ک ئه‌ندامێکی به‌شی به‌رپرسیار له پێوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ ئێران له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ وڵامت ده‌ده‌مه‌وه.
نیگه‌رانیی ئێوه سه‌باره‌ت به به‌ڕێز که‌بودوه‌ند که وه‌ک ده‌گوترێ باری ته‌ندروستیی پاش مانگرتنه‌که‌ی له خواردن زۆر خراپ بووه، نیگه‌رانیی ئێمه‌شه، هه‌رچه‌ند که مانگرتنه‌که‌ی رۆژی 24 ی ژوئیه کۆتایی هاتووه. ئێمه ڕۆژی 3ی مەی له که‌مپه‌ینێکی یه‌ک حه‌وتووییدا له‌سه‌ر فه‌یسبووک سه‌باره‌ت به‌و رۆژنامه‌وانه ئێرانییانه‌ی گیراون و ڕێژیم ڕه‌فتاری خراپیان له‌گه‌ڵ ده‌کا، ناوبراومان له ڕیزی پێشه‌وه‌ی ناوه‌کان دانا. ڕۆژی 24 ی ئووت وه‌زیری ده‌ره‌وه ڕاگه‌یاندراوێکی ده‌رکرد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر له‌نوێ سه‌رنج بۆ لای که‌یسی به‌ڕێز که‌بودوه‌ند ڕاکێشێ و له‌و ڕاگه‌یاندراوه‌دا پێشێلکردنی به‌ربڵاوی مافی مرۆڤی و هاووڵاتییان له‌لایه‌ن رێژیمی ئێرانه‌وه‌ وه‌ك "شووره‌یی" و "تاوانێکی مایه‌ی شه‌رم بۆ رێبه‌رانی ئێران" له قه‌ڵه‌م درابوو.
حکومه‌تی بریتانیا چالاکانه به‌شداری له هه‌موو ئیبتکارێکدا ده‌کا بۆ ناچارکردنی رێژیمی ئێران به وڵامدانه‌وه‌‌ سه‌باره‌ت به هه‌موو ئه‌و پێشێلکارییانه که ئه‌و ڕێژیمه له‌بواری مافه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی مرۆڤدا ئه‌نجامیان ده‌دا. له مانگی مارسدا حکومه‌تی بریتانیا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌کانی له یه‌كێتیی ئورووپا ڕێبه‌ریی کۆمه‌ڵێک هه‌نگاوی به‌کرده‌وه‌ی له‌‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کارنامه‌ی ئێران له‌بواری مافی مرۆڤدا کرد، به‌تایبه‌تی له ڕێگای قه‌ده‌غه‌كردنی سه‌فه‌ر و به‌ستنی دارایی ئه‌و که‌سانه‌ی له پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ له ئێران به‌رپرسیارن. لیسته‌که‌ ناوی که‌سانێك له به‌رپرسانی هێزه ئه‌منیه‌تییه‌کان و ده‌زگای قه‌زایی و دادستانه‌کان له خۆی ده‌گرێ که پێشێلکاریی قورسی وه‌ک شکه‌نجه و زه‌وتکردنی مافی دادگایی کردنی عادڵانه‌یان ئه‌نجام داوه. لیسته‌که به‌رده‌وام له‌ژێر پێداچوونه‌وه‌دایه و ئێمه درێژه به کۆکردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌کان سه‌باره‌ت به‌و که‌سانه‌ ده‌ده‌ین که له پێشێلکاریی گه‌وره‌ی مافی مرۆڤدا هاوده‌ست بوون. ئێمه ده‌مانه‌وێ ئه‌و که‌سانه‌ی ناویان له‌ لیسته‌که‌دایه کۆتایی به‌و ڕه‌فتاره‌یان بێنن و که‌سانی تریش ده‌‌رس له‌و هه‌نگاوانه وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان تێکه‌ڵی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ نه‌که‌ن.
تازه‌ترین ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا سه‌باره‌ت به مافی مرۆڤ و دێموکڕاسی نیگه‌رانیی به‌رده‌وامی حکومه‌تی بریتانیا سه‌باره‌ت به کارنامه‌ی ئێران به ڕوونی نیشان ده‌دا. بریتانیا، هاوشان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ئورووپا و هاوپه‌یمانه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی، له‌سه‌ر خستنه ‌به‌رباسی که‌یسه‌کانی جێگه‌ی نیگه‌رانی له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی ئێرانی به‌رده‌وام ده‌بێ. ئێمه هه‌روه‌ها له نزیکه‌وه له‌گه‌ڵ ئێن جی ئۆکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ کار ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر که‌یسه تایبه‌تییه‌کان کۆ بکه‌ینه‌وه.
ئێمه له‌ فشارهێنان بۆ سه‌ر ڕێژیمی ئێران به‌رده‌وام ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌رک و ئیلزاماتی خۆی له‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی ئێران له‌سه‌ر بنه‌مای یاسای ئێرانی و یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی جێبه‌جێ بکا.
له‌گه‌ڵ رێز و سڵاو.
کۆنیل ئۆگون بەنجۆ- لێپرسراو له یه‌که‌ی تایبه‌ت به ئێران له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1101 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact