. . . .


3 Sep 2012

لە سەدو هەشت ساڵ پێش ئێستاوە، ئێمە شتێکمان بەناوی نەتەوەی ئێران نەب?


ناوەندی هەواڵ ـ نۆروێژ:
رۆژی ١٢ی خەرمانانی ١٣٩١ی هەتاوی، بەرامبەربە ٢ی سێپتامبری ٢٠١٢ی زایینی، سێمینارێک لەژێر ناوی «نەتەوەی ئێران لەنێوان واقیع‌و خەیاڵدا» بۆ بەرێز سمایل بازیار مامۆستای زانکۆ و کادری دێرین‌و تێکۆشەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە نۆروێژ پێکهات.
سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی «ئەی رەقیب»و ساتێک بێدەنگیی بۆ رێزگرتن لە خەبات‌و فیداکاریی شەهیدانی کوردستان، دەستی پێکرد. ئینجا هاورێ ئەحمەدی نەخشی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە نۆروێژ پاش بەخێرهێنانی بەشدارانی سێمینارەکە، کورتەیەک لە بیوگرافی بەرێز سمایل بازیاری بۆ هەرچی زیاتر ناساندنی ناوبراو بە بەشدارانی سێمینارەکە باسکرد. ئینجا داوا لە هاورێ بازیار کرا بۆ پێشکەشکردنی تەوەرەکانی پێکهێنەری باسەکەی، سێمینارەکە دەست پێبکا.
لەسەرەتا دا ناوبراو وتی مەسەلەی ناسیونالیزم یان نەتەوایەتی، بەپێچەوانەی بیریارانی مارکسیست‌و لیبراڵ کە پێیانوابوو بەهۆی نەمانی چینەکان، یان بەهۆی کێبەرکێی بازاری ئازاد ئەو چەمکە دەچێتە پەراوێزەوە، دیتمان نە تەنیا ئەم چەمکە نەچووە پەراوێزەوە، بەڵکوو لە ماوەی سێ دەیەی رابردووەوەو بەتایبەتی دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤییەتی‌و بڵۆکی رۆژهەڵات ئەم دیاردەیە جارێکی دیکە گڕوتینی بە بەردا کراوەو بوو بە یەکێک لە بابەتە گرینگەکانی ئەو سەردەمە، ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین لە ئورووپا، ئیرلەند، بریتانیا، ئیسپانیاو باڵکان ئێمە لەگەڵ ئەو کێشەیە، واتە لەگەڵ کێشەی نەتەوایەتی یان ناسیۆنالیزم بەرەورووین. لە ئەفریقا، رواندا، ئەلجەزایر، ئیتیۆپی‌و سوودان لەگەڵ ئەو کێشەیە بەرەورووین. لە ئاسیاش بەشێوەیەکی بەربەرینترو فراوانتر لە فەلەستین، ترکیا، عێراق، ئێران، ئەفغانستان، کشمیر، تەبەت، فیلیپین‌و سێریلانکا، لە هەمووی ئەو وڵاتانە دەبینین کێشەی سەرەکی کێشەی نەتەوایەتییە، یان کێشەی نەتەوایەتی‌و ناسیۆنالیزم مۆرک‌و نیشانەی خۆی لە هەموو رووداوە سیاسییەکان داوە.
لەناو ئەو وڵاتانەی ناویان هات، من باسم لە ئێران، ترکیاو عێراقم کرد کە هەڵبەت سووریاشم لەبیر نەکردوە، بەڵام زۆرتر تەئکیدم لەسەر ئەم سێ وڵاتە کردەوە. دەبینین لەم سێ وڵاتەدا بە دوای دروستبوونی دەوڵەت – نەتەوەکان لە سەد ساڵی رابروودا هەمیشە کێشەی نەتەوایەتی دەوڵەتی ناوەندیی لەم سێ وڵاتەی بە «چالش» کێشاوە، بەڵام بابەتی ناسیۆنالیزم لە ئێران لە پێوەندیی لەگەڵ مەسەلەی کورد دا لەچاو کێشەی کورد لە عێراق‌و تورکیا ئاڵۆزترە، بۆیە منیش پێداگریی لەسەر ئەم بابەتە دەکەمەوە. ئەو ئاڵۆزییە لە چیەوە سەرچاوە دەگرێ، یان لە چییەوە هاتووە؟ ناسیۆنالیستەکانی ئێرانی دەڵێن کوردێک لە تورکیاو عێراق کوردە، بەڵام کوردێک لە ئێران، ئیرانییە. ئاڵۆزییەکە لێرەدایەو بەداخەوە هێندێک لە کوردەکانیش ئاگاهانە یان نائاگاهانە ئاو لە ئاشی ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەکەن. ئەگەر پێناسەیەکی کورتی ناسیۆنالیزمی ئێرانی بکەم، بریتییە لەچی؟ بریتییە لە باوەر بەبوونی نەتەوەی ئێران‌و هەوڵدان بۆ شناسێک یان ناسنامەیەکی ئێرانی بۆ دانیشتوانی ئەو یەکە جۆغرافیاییە کە پێدەگوترێ ئێران.
بەرهەمی ناسیۆنالیزمی ئێرانی چییە؟ شتێکە بەناوی نەتەوەی ئێران، نەتەوەی ئێران کەی لەدایک بووە، کەی دروست بووە‌و کەی هاتۆتە ناو ئەدەبیاتی سیاسییەوە؟
تا پێش شۆرشی مەشرووتە، واتە لە سەدو هەشت ساڵ پێش ئێستاوە، ئێمە شتێکمان بەناوی نەتەوەی ئێران نەبووە، لە هیچ سەندو دێکۆمێنتێک‌دا، کە باس لە نەتەوەو میللەت کراوە، کە باس لە میللەتی ئێران کراوە، دەڵێین «ملت ایران». میللەت بەمانای دین‌و ئایین هاتووە. هەروەک لە شێعرێکی «حافظ» دا هاتووە کە دەڵێ:
«جنگ هفتادو دو ملت همە را عذر بنە
چون ندیدند حقیقت، رە افسانە زدند»
میللەتێک کە «حافظ» ئاماژەی پێدەکا، ئەو میللەتەی ئەمرۆ بەو ماناو مەفهوومە سیاسییە نیە، بەمانای دین بووە، بەڵام بۆ یەکەمجار لە شۆڕشی مەشرووتەدا ئەو دەستەواژەیە واتە نەتەوەی ئێران بەرەسمی هاتەناو یاسای بنەڕەتیی ئێران.
هاورێ سمایل بازیار بۆ شیکردنەوەی هەرچی باشترو زیاتری تەوەری سێمینارەکەی ئاماژەی بە کۆمەڵێک کتێبی نووسەرانی مێژوو نووسی ئێرانی سەبارەت بە باسەکەی کردو وتی: «ناظم الاسلام کرمانی»، مێژوو نووسێکی بەناوبانگی ئێرانییە کە کتێبێکی بەناوی «تاریخ بیداری ایرانیان» نووسیوە، لەو کتێبەدا ناوبراو کە بۆخۆی شاهیدی رووداوەکانی شۆڕشی مەشرووتەیە، دەڵێ: بۆ یەکەمجار لە خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی مەشرووتەدا بوو کە هاواری بژی میللەتی ئێران بیسترا، دەنا پێشتر نەبیسراوە، بەڵام ئەوە بەوما نایە نیە کە دەستەواژەی میللەتی ئێران کە چووە ناو یاسای بنەڕەتییەوە بەو مانایەو بەو مەفهوومە بووە کە خەڵکی ئێرانێ ئاگادارییەکی لەوە هەبووە، لەوە کە شناسێکی بۆ خۆی پەیدا کردوە، نا بە ئێعترافی زۆربەی ناسیۆنالیستەکانی ئێرانی تا ئەو سەردەمیش خەڵک زانیارییەکی ئەوتۆی لە شناسی نەتەوەیی خۆی نەبووە، زۆرتری شناسەکەی هوییەتێکی مەزهەبی بووە. «عارف قزوینی» دەڵێ: کاتێک کە تەسنیفی وەتەنم دروست کرد لە دە هەزار ئێرانی، یەک ئێرانی نەیدەزانی وەتەن یانی چی.
کەوابوو ئەو کاتیش کە زاراوەی نەتەوەی ئێران چووە ناو یاسای بنەرەتییەوە، ئەو یاسایە حاشای لە بوونی نەتەوەکانی دیکە کرد. بەداخەوە ئەو سەردەمە رووناکبیرانی کوردیش تێگەیشتوویی سیاسی‌و نەتەوەیی لەو ئاستەدا نەبووە کە بەگژ ئەو ئینکاری هوییەت‌و شناسەدا بچێتەوە، میللەتی ئێرانیش کە لە یاسای بنەرەتیی دا نووسرا لەسەر چ بنەمایەک بوو؟ لەسەر بنەمای کولتووری فارس، زمانی فارسی‌و ئایینی شیعە. بەمجۆرە نەتەوەی ئێران لەدایک دەبێ‌و دواتر بەهۆی ئەو رووناکبیرانەی کە لە هەندەران‌و بەتایبەتی لەشاری بێرلینی ئەلمان گیرسابوونەوە، تێئۆریزە دەکرێ.
دوابەدوای تەواوبوونی باسەکەی بەرێز بازیار، بەشداران بەشێوەیەکی چالاک راوبۆچوونی خۆیان سەبارەت بە تەوەرەکانی سێمینارەکە هێنایە بەرباس‌و وەڵامی پرسیارەکانیش لەلایەن ناوبراوەوە بە تێرو تەسەلی درایەوە.
پێویستە بگوترێ سێمینارەکە بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاوی ئەندامان‌و لایەنگرانی حیزبی دێمۆکرات‌و کوردانی دانیشتووی نۆروێژ، بۆ ماوەی سێ کاتژمێر درێژەی کێشا.


بۆ بینینی وێنەکان لێرە کرتە بکە


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1530 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact