. . . .


3 Sep 2012

کۆمیتەی حدک له‌ وڵاتی نۆروێژ، له‌ رێوره‌سمێکی به‌شکۆدا‌ یادی٦٧ ?


ناوەندی هەواڵ- نۆروێژ: کاتژمێر ٤ی ئێواره‌ی رۆژی شه‌ممه‌ رێکه‌وتی ١ی سەپتەمبری ٢٠١٢ی زایینی به‌ به‌شداریی سه‌دان کوردی دانیشتووی نۆروێژ له‌ رێوره‌سمێکی به‌شکۆ دا یادی ٦٧ ساڵ خه‌بات‌و خۆراگریی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان له‌به‌رامبه‌ر رێژیمه‌ سه‌ره‌رۆیه‌کانی په‌هله‌وی‌و‌ کۆماری ئیسلامی‌و‌ فیدا کردنی هه‌زاران کادرو پێشمه‌رگه‌و ئه‌ندامی قاره‌مان‌و گیانبه‌خت کردووی دێمۆکرات دا به‌رزوو پیرۆز کرا.
سروودی نه‌ته‌وایه‌تیی "ئه‌ی ره‌قیب" ده‌سپێکی رێوره‌سمی ساڵیادی ٢٥ی گه‌ڵاوێژ بوو که‌ له‌لایه‌ن کۆری سروودی یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراتی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێشکه‌ش کرا. پاشان به‌ خوله‌کێک بێده‌نگیی بۆ رێزگرتن له‌ یادو بیره‌وه‌ریی شه‌هیدانی سه‌ربه‌رزی رێگای ئازادی‌و سه‌رفیرازیی کوردستان، رێوره‌سمه‌که‌ ده‌ستی پێکرد.
له‌ سه‌ره‌تای رێوره‌سمی رێزکرتن له‌ 67 ساڵ خه‌بات و خۆڕاگریی تێکۆشه‌رانی دێموکرات، به‌رێز کاک حەسەن رەستگار، تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات پەیامی پیرۆزبایی بە بۆنەی ٦٧تەمین ساڵوەگەری دامه‌زرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی پێشکەش بە بەشدارانی ئەو یادە کرد.
بەرێز رەستگار له‌ وته‌کانی دا باسی له‌ بارودۆخی ئه‌مڕۆی مه‌سه‌له‌ی کورد کردو وتی، مەسەلەی کورد مەسەلەیەکی ئاڵۆزە، نەتەوەی کورد لە نێوان چەند وڵاتدا دابەشکراو، کە هەر کام لەو دەوڵەتانە هه‌وڵیان داوه‌ ئه‌م میله‌ته‌ ئاسمیله‌ بکه‌ن و حاشا له‌ مافه‌کانی بکه‌ن. له‌ هەمانکاتیشدا دەوڵەتە زڵهێزەکان دایم بەرژەوەندی خۆیان لە سەروەی بەرژەوەندی گەلانی تر داناوە و پشتیوانیان لە دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان کردوە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانی دا وتی خەبات و قوربانی دانی نەتەوەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان وای کردوە کە ئەمرۆ مەسەلەی نەتەوەکەمان وەک نەتەوەی کورد لە قۆناغی مافی مرۆڤ دەربچێت و بکەوێتە قۆناغێکی سیاسی یه‌وه‌. خەباتی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان جێگایی شانازیەو هیوادارین بگەن بە ئامانج.
بەرێزیان ئاورێکی وەرابردو داوەو وتی، کەم بوون ئەو کەسانەی کە لە دوای تێکچوونی کۆماری سەربەرزی کوردستان لە مهاباد کە باوەریان وا بوو مەسەلەی کورد بگاتە ئەو ئاستە کە ئێستا لە بەشێکی کوردستانی خۆشەویستمان حکوومەتی هەرێم دامەزراوە و لە زۆر بارەوە لەو حکومەتانەی کە بە سەربەخۆیی گەیشتوون لە پێشترە و هیوادارین لەوەش بەرەو پێشتر بچێت، و هەروەها لە باکووری کوردستان لە دوای ئەو هەموو زوڵم و زۆرییەی کە لە نەتەوەکەمان کرا، خەباتێکی بەرین هاتۆتە ئاراوە کە حکومەتی تورکیەی ناچار کردۆه‌ دان بەو راستیە دا بنێ کە کورد نەتەوەیەکە لە تورکیە و ئەو مەسەلەیە دەبێت چارەسەر بکرێت. به‌ڕێز کاک حه‌سه‌ن ره‌ستگار به‌ گه‌شبینییه‌وه‌ روانییه‌ پیگه‌ی کورد له‌ رۆژاوای سووریه‌و وتی به‌ خۆشییه‌وه‌ کورد توانیویه‌تی رۆڵی کارای له‌ گۆڕانه‌کانی سووریه‌دا بگیڕێ.
ناوبراو لە دواین وتەکانی دا ئاماژەی بە رۆژهەڵاتی کوردستان کردو وتی، هەموومان دەزانین کە لەو بەشەی کوردستاندا خەباتێکی بێ وچان لە ئارادایە، ئەو کەسانەی پێیان وایە کە خەباتی ئەو پارچەیە کز و لاواز بووە بە بروای من هەڵەیەکی گەورە دەکەن، چوونکە هەردەرفەتێک بێتە پێش کورد هەر هەمان کوردە کە لە پێشدا خەباتی کردوە، هەموومان دەزانین کە پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزب چ رۆڵێکی گرینگیان هەبوە لە بەربەرەکانی لە گەڵ رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا و بەو پێیە وا دێتەبەرچاو کە مەسەلەی کورد گەرانەوەی بۆ دواوە تێدانیە و هیوادارین کە بەرەوپێشتریش بچێت، بە بروای زۆر کەس وا دەردەکەوێت کە دوور نیە ئەگەر کیانی کورد دروست بکرێت. رێزدار رەستگار له‌ درێژه‌ی قسه‌کانی دا وتی، کیانێکی کوردی خەون نیە، بەڵکو ئارەزووش نیە، ئەوە واقعێکە کە نەتەوەکەمان لە هەر بەشێکی کوردستاندا پێی دەگا، بەڵام رێگایەکی ئەستەمە کە دەبێ بنەماڵەی کورد یەک بگرێت کە ئێمە لەو بارەوە زۆر لاوازین و دەبێ ئەو بۆشایە پڕ بکرێتەوە، چوونکە ئەوە لە زۆر بارەوە زەرەری لێداوین، بەڵام لە ئامانجە گەورەکاندا هەموو گەلی کورد یەک ئامانجی هەیە، ئەویش رزگاری گەلی کوردە.
له‌ به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م رێوڕه‌سمه‌دا له‌ لایه‌ن بەرێز دلێر خورشیدی، ئەندامی بەرێوەبەری کۆمیتە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ پەیامی پیرۆزبایی خوێندرایەوە.
لە بەشێکی ‌پەیامەکەدا هاتبوو، حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە سەرەتاکانی دامه‌زرانیەوە هەوڵی داوە وەک حیزبێکی مەسئوول ئەرکە نەتەوەیی و دێمۆکراتیکەکانی خۆی بەجێ بگەیەنێت و گشت تواناکانی خۆی لە پێناو بەجێگەیاندنی دوو ئەرکی گرنگدا خستۆتە گه‌ڕ: یەکەم ئەرکی خەباتی حیزبەکەمان لە پێناو گەشەپێدانی ئاستی وشیاری نەتەوەیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو و، دووهەم ئەرکی خەباتی حیزبەکەمان، هەموار کردنی کولتورێکی مەدەنیانە و بردنە سەری ئاستی وشیاری کۆمەڵگا لەبەرامبەر کێشە کۆمەڵایەتییەکانی دا بوو.
لە درێژەی پەیامی کۆمیتەی نۆروێژدا هاتبوو کە، ئێمە لە کاتێدا یادی ئەم رۆژە مێژووییە دەکەینەوە کە مافە نەتەوەییەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لە لایەن ماشینی تیرۆر و سەرکوتی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێشل دەکرێت و هەموو ساڵێک بە دەیان رۆڵەی کورد راپێچی سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێن و تووشی سزای نارەوا دەبنەوە. بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان بە هۆی سیاسەتە پاوانخوازەکانی ئەم رێژیمەوه‌ رۆژ بە رۆژ ئه‌ستەم تر دەبێت، سەرەتایی ترین مافە کانی مرۆڤ لە لایەن رێژیمەوە پێشێل دەکرێن، قسە کردن لەسەر مافی ژن وەک تاوانێکی گەورە لە لایەن رێژیمەوە چاو لێدەکرێت و هەروەها رۆژ نییە هەواڵی سوتاندن و قڕکردنی سروشتی کوردستان نەبیستین کە بە هۆی کەمتر خەمی کاربەدەستانی رێژیم لە کوردستان دا روو دەدەن.
لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە هۆی سیاسەتە توندئاژۆکانی و سیاسەتی ئاژاوەگێڕی و دەستوەردان لە پرۆژە سیاسییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین دا و مودیریەتی پرۆژە ئەتومییەکانی، رۆژ بە رۆژ تەریک تر دەبێتەوە و لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە تووشی سزای قورسی تەحریم دەبیتەوە. لە ئاستی نێوخۆییشدا رێژیم بە هۆی سیاسەتە سەرکوتکارییکانی و پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەکان، لەگەڵ شەپۆلی نارەزایەتی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەره‌ و روو بۆتەوە و هەزاران کەس لە خەڵکی ئیران بە تاوانی بیری جیاواز لە زیندانەکان دا دەورانی مەحکومیەتی خۆیان دەبینن.
له‌ بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌م رێوره‌سمه‌دا، په‌یامی کۆمیته‌ی یه‌کێتی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان لە لایەن خاتوو مەحبوب رەحیمی بەرپرسی ئەو یەکێتیە خوێندرایەوە.
له‌م په‌یامه‌دا هاتووه‌، ئەمرۆ ئێمە لە دەوری یەک کۆبووینەوە و تێپەربوونی ٦٧ ساڵ خەباتی پر لە شکۆو شانازی حیزبی دێموکرات رێز دەگرین، خەباتێک کە لە ماوەی ٦٧ سالی رابردوو دا مێژوویەکی بۆ خۆی تۆمار کردووە, کە لە گەل هەموو گیروگرفتەکان و هەموو هەورازو نەشیوەکانی سەر رێگای هەستێکی پر لە شانازی بەخشیوەتە ئەندامەکانی، حیزبی دێموکراتی کوردستان لە خەباتی خۆی بۆ وەدەستهێنانی مافی رەوای گەلی کورد و دەستەبەر کردنی دێموکراسی چ لە زەمانی پاشایەتی و چ ئێستا لە دژ ی حکومەتی کۆماری ئیسلامی قەت دەریغی نەکردووە و بە درێژایی تەمەنی بێ وچان تێکۆشانی خۆی لە قۆناخە جیاواز و تایبەتیەکاندا بەو جۆرەی کە لە بەرژەوەندی گەل و حیزبدا بو وە بەو پەری لە خۆ بردوویی و حەکیمانە درێژەی داوە.
لاوی کورە شەهیدی حدک بەرێز سیروان بەرزگەر رێپۆرتاژێکی تەسویری لە سەر دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئامادە کردبوو کە بوو بە جێگای سرنجی بەشداربوان.

پیویست به‌ ئاماژه‌ پیدانه‌ که‌ ناو ئاخنی ئه‌م رێوره‌سمه‌ به‌ گۆڕانی و سروودی دڵرفێن و هونه‌رنه‌مایی گرووپی هه‌ڵپه‌ڕکیی کوڕان و کچانی یه‌کێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان رازێندرابوه‌وه‌و له‌ کۆتایی ئه‌م رێوره‌سمه‌دا هونه‌رمه‌ندان؛ ئارەزوو عومەرزادە، سەید حەسەن کۆساری، رۆنی و فەرهاد ئالانی به‌ ده‌نگه‌ دڵرفێنه‌کانیان شایی و خۆسییان خسته‌ دڵی به‌شداربووانه‌وه‌.

وێنەکانی ئەو ڕێوڕەسمە لێرەوە ببینە



بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1573 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact