. . . .


15 Jul 2012

یادی ٢٣ ساڵەی شەهیدانی وییەن لە شاری ئالبۆرگی وڵاتی دانمارک کرایەوە


ناوەندی هەواڵ- دانمارک: کاتژمێر ١:٣٠ی دوانیوەرۆی شه‌ممه‌، رێکه‌وتی ٢٤ی پووشپه‌ڕ، به‌رانبه‌ر به‌ ٢٣ ساڵه‌ی تێرۆری شه‌هید دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، له‌ شاری ئالبۆرگی وڵاتی دانمارک به‌ ئاماده‌بوونی مستەفا شەڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان و به‌ به‌شداریی که‌سایه‌تی و نوێنه‌رانی حیزب و رێکخراوه‌ کوردستانییه‌کان و تێکۆشه‌رانی دێموکرات، رێوره‌سمی یادی تێرۆری شه‌هید قاسملوو و هاورێیانی به‌ ده‌ستی دیپلۆمات تێرۆریسته‌کانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌ستی پێ کرد.
سه‌ره‌تای رێوره‌سمه‌که‌ بە ماڕشی دوژمن شکێنی ئه‌ی ره‌قیب ، ساتێک بێ ده‌نگی و داگیرساندنی ٢٣ مۆم لە لایەن ٢٣ کەسەوە بە نیشانەی رێزگرتن لە یاد و بیرەوەری ٢٣ ساڵەی شەهید کرانی دکتور قاسملوو و هاورێیانی دەستی پێکرد. دواتر به‌رێز حوسێن حەسەنزادە بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دانمارک وێرای بەخێر هێنان و بەرز نرخاندنی هەڵوێستی بەشدار بووانی رێورەسمەکە، هەڵوێستەیەکی کورتی لە سەر تیرۆری دکتور قاسملوو و هاورێیانی بە دەستی دیپلۆمات تیرۆریستەکانی کۆماری بە ناو ئسلامی کرد. دواتر لە لایەن سنور محەممەد زادەوە داوا لە بەرێز مستەفا شەلماشی کرا باسێک لە ژێر سەردێری " توانیان قاسملوو شه‌هید که‌ن، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یانتوانی و ناتوانن بیر و هزری قاسملوو له نێو به‌رن" پێشکەش بە بەشدار بووان بکات.
بەرێز مستەفا شەڵماشی لە سەرەتای قسەکانی دا ئاماژەی بەوە کرد دروستە دکتور قاسملوو بە زیندووی وەک رێبەری حدک شەهید کرا بەڵام شکم لەوە دانییە وەک شەهیدێک شەهیدی هەموو نەتەوەی کوردە و هەموو کورد شانازی پیوە دەکات و بە سەرمایەی نەتەوەی هەموو کوردی وەسف کرد. بەڕێزیان هەر وەها کوتی بیر و هزری قاسملوو نەخش و رۆلی یەکجار گەورە و بەرچاویان هەبووە لە سەر جوڵانەوەی ڕزگاری خوازی لە هەموو پارچەکانی کوردستان دا و هەمیشە بەچاوی ڕێزەوە ڕوانیویانەتە هەڵسوکەوتە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی دکتور قاسملوو.
بەڕێز مستەفا شەڵماشی له‌ خوێندنه‌وه‌یه‌کدا بۆ کەسایەتی دکتور قاسملوو ووتی: قاسملوو کەسێک بوو زووتر لە سەردەمی خۆی لە دایک ببوو. کەسیک بوو دەکری بۆ ٢٠ ساڵی دیکەش وەک رێبەریکی پراکتیزما و وەک کەسێک کە دەیتوانی لەگەڵ گیرو گرفتەکان و هەلوومەرجەکانی دونیای ئەمرۆ دا هەڵبکات، دەیتوانی بۆ هەموو ئەگەرێک لە ئەگەرە سیاسییەکان ڕێگای تایبەتی خۆی بدۆزیتەوە، بۆیە تا ئیستاشی لە گەل بیت نە تەنیا بیر و بۆچوون و هزری دکتور قاسملوو کۆن نەبوونە بگرە دەبێ لە زۆر بارەوە چ ئێستا و چ داهاتووش کەڵکی لێ وەرگرین. ئێمە دەبی هەوڵی زۆر بدەین تا بتوانین لە بۆعد و پانتایی هەموو ئەو زانست و لێوەشاوەیەی و بیر و هزرانەی دکتور قاسملوو هێناینە گۆرپانی سیاسەت لە کوردستان دا تێبگەین و بەو شێوەیەی کە ئەو مەبەستی بوو کەڵکی لێ وەرگرین.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا بەرێز شەڵماشی ئاماژەی بە نەخش و رۆلی بەرچاو و لێوەشاوەیی دکتور قاسملوو کرد لە سەر لە نوێ دارشتنەوە و بنیاد نانەوەی حدک لە ماوەیەکی کەم دا وەک حیزبێکی مۆدێرن و خاوەن بەرنامە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە نەخشی قاسملوو لە باری نەتەوییەوە وەک رێبەرێک زۆر گەورە بووە، نە حدک و نە هیچ حیزبیکی تر بۆی نییە دکتور قاسملوو تەنیا بە موڵکی خۆی بزانێت، بۆشی نییە کە شتەکانی خۆی لە پشت کارێزمای و گەورەی و خۆشەویستی دکتور قاسملوو دا بشارێتەوە. ئێمە هەر هەڵەیەک بکەین هی خۆمانە و بۆ هەر سیاسەتێکی رۆژیش کە دای دەرێژین خۆمان لێ بەرپرسیارین.
لە تەوەرێکی تری قسەکانی دا بەرێز مستەفا شەڵماشی تیشکی خستە سەر ئەوە کە "رێبازی دکتور قاسملوو چییە و ئامانجی دکتور قاسملوو چی بوو؟" بەرێزیان فەرموویان کە بە باوەری من دکتور قاسملوو لە ٣ تەوەر دا خەت و نیشانی بۆ کێشاوین کە نابێ لێیان لادەین و دەبی بیانکەین بە هێڵی سوور. یەکەم ئەوەیە کە بۆ هەمیشە خۆ ببوێرین لە دژایەتی کردنی یەکتر کە خوا نەخواستە وەک دوژمن لە بەرامبەر یەکترمان دا ڕابگرێت. بەڵام ئەو ئامۆژگارییە تەنیا بۆ حدک و بنەماڵەی گەورەی دێموکرات نییە بەڵکو ئەوە بۆ هەموو کوردێکە کە دڵی بۆ کورد دەسوتێت.دژایەتی کردنی یەکتر لە چوارچێوەی خەتی دکتور قاسملوو دا نییە، بەڵام ئەو دژایەتی کردنە بەو مانایە نییە کە نابێت جیاوازی بیر و بۆچۆنی سیاسیمان هەبێت.
دوو لە باری نەتەوەییەوە، ریبازی دکتور قاسملوو رێبازی نەتەوەییە، بەڵگەش کتێبی "کورد و کوردستان"ە کە گەورەترین پاشماوەی سیاسەتەکانی دکتور قاسملوویە کە نەخشە رێگایەک بۆ ئاواتی لە مێژینەی کورد دەخاتە روو.
تەوەری سێهەم ئەوەیە کە چۆن خۆمان بێنینە مەیدان و خۆمان دەربخەین ، بۆ ئەم مەبەستە دەبێ سیاسەتێکی ئوسولی و خاوێن ڕچاو بکەین تا بتوانین لە ئاستی نێونەتەوەی دا بەرگری لەم سیاسەتە بکەین.
له‌ به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانیدا ئاماژه‌ی به‌ چه‌ند به‌شێک له‌ ئه‌ندێشه‌ و خه‌سڵه‌ته‌ فکرییه‌کانی دوکتور قاسملوو کرد و له‌ چه‌ند ڕه‌هه‌نده‌وه‌ ڕوانگه‌ و مێتۆدی بیرکردنه‌وه‌ و کرده‌یی دوکتور قاسملووی له‌ سه‌ر واقعبینیی سیاسی و سه‌ربه‌خۆیی بریاردانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان شی کرده‌وه‌.
دوایین ته‌وه‌ری قسه‌کانی بەرێز مستەفا شەڵماسی بۆ باس له‌ سه‌ر پێویستیی یه‌کگرتوویی و یه‌کڕیزیی هێزه‌ سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ سه‌ر بناغه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی ته‌رخان کرابوو و له‌و به‌شه‌دا ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پێداگری له‌ سه‌ر سیاسه‌ته‌کانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بۆ هاوخه‌باتی و پێویستیی دیالۆگ و لێکنیزیکیی هێزه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان وه‌ک میراتی مه‌عنه‌ویی دوکتور قاسملوو کرده‌وه‌.
لە بەشێکی تری ئەو یادکردنەوە دا پەیامی" پارتی دێموکراتی کوردستان" و چەند پارچە شێعر لە لایەن ئەبوبەکر ئیسماعیلی پێشکەش کرا و دواتر لە لایەن خاتوو قومری سالحزادە پەیامی "رێکخراوی کوردۆساید کۆمیتەی ڕۆژهەڵات" خویندرایەوە و هەر بەم بۆنەوە لە لایەن ئەو هێز و رێکخراونەوە بروسکەی ماتەمینی و هاوخەمی پێشکەش بە کۆمیتەی حدک کران : یەکێتی نیشتمانی کوردستان
بزووتنەوەی گۆران
سازمانی خەباتی نەتەوایەتی کوردستانی ئێران
ماڵی کوردی
رێکخراوی خەباتی شۆرشگێری کورستان
کۆمەڵەی کوردی
جێگای ئاماژە پێکردنە کە لە ناو ئاخنی بەرنامەکان دا چەندین شێعر و پەخشان لە لایەن سنوور محەممەد زادە بەرێوەبەری ڕێورەسمەکە خوێندرانەوە. پیویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە ساڵۆنی ڕێورەسمەکە بە وێنەی شەهیدان و ئاڵای کوردستان ڕازابۆوە، ئاڵبۆمی وێنەی شەهیدان بە شێوەی ویدیۆسلاید بۆ بەشدار بووان نمایش کرا.هەروەها کۆمیتەی دانمارک بەشێک لە وتە و رێنوێنییەکانی دکتور قاسملووی بە شێوەی پۆستێر و پلاکارت چاپ کرد بوو کە بە سەر بەشدار بووانی ڕێورەسمەکە دا بڵاو کردەوە.
حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی دانمارک
وێنەکانی ئەو ڕێورەسمە لێرەوە ببینە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1149 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact