. . . .


15 Jul 2012

بەشداری لە ٢٣ مین ساڵیادی تێڕۆڕی وییەن لە دەڤەری واشینگتۆن


ناوەندی هەواڵ- ئامریکا: ئێوارەی هەینی ڕێکەوتی ١٣ ی جولای ٢٠١٢، لە دەڤەری واشێنگتۆن- پێتەختی ئەمریکا، لە لایەن سێ رێکخراوی مەدنی کوردی- ئەمریکایی بە ناوەکانی: رێکخراوی ئەنجومەنی ڕێبەری مافی مرۆڤ، ڕێکخراوی ناوەندی کورد لە ئەمریکا و یەکیەتیی خوێندکارانی کورد بۆ مافی مرۆڤ، کۆڕیادێک سەبارەت بە ٢٣ مین ساڵی تێڕۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، دکتور فازل ڕەسووڵ و عەبدوڵڵا قادری ئازەر، بەڕێوەچوو.
لەو کۆڕیادە دا دوای سروودی نەتەویی "ئەی رەقیب" بەشێوەی زیندوو، چوار کەس پانێل گێڕی بەرنامەکە بوون. سەبارەت بە تێڕۆڕی د. قاسملوو و هاوڕێیانی و هاوکاری دەوڵەتی ئەوکاتی ئوتریش، کە لە لایەن خانم کاڕۆل پرۆنهووبێر، رۆژنامە نووس و لێکۆلەر و نووسەری کتێبی خولیای مەرگی ڕەحمانی کورد پێشکەش کرا. ئەو کۆماری ئیسلامی وەک ڕێژیمێکی سەرەڕۆ و دژی کورد ناوبرد و ئەحمەدی نیژادی وەک سەرپەرستی تیمێکی بەشدار لە تێڕۆڕەکە لەقەڵەم دا.
پاشان پڕۆفسۆڕ ئیڤان ساشا شیهان لە بەشی پێوەندییە دیپڵۆماسییەکانی زانستگای باڵتیمۆر، رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هەوڵدان بۆ دەسڕاگەیشتن بەچەکی ئەتۆمی و کۆمەلکوژی و مەترسی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زانی. ناوبراو رێژیمی ئێرانی بە پێشێل کاری مافی مرۆڤ و سەرکوتی گەلانی بەرایی ئێران و یەکێک لەوان گەلی کورد زانی و کاریگەری گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی بە گرینگ وەسف کرد.
دواتر ریان ماووڕۆ، لێکۆلەری ئاسایشی نەتەویی لە تلویزیۆنی فاکس نیوز، سەبارەت بە شوێندانەریی رێژیمی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست و تێرۆریزمی دەوڵەتی و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچە و جیهان قسەی کرد و فیلمێکی دێکۆمێنتی سەبارەت بە ڕەوتی کۆماری ئیسلامی داوی شۆڕشی نەتەوەکانی ئێران بە بەشدارانی ناساند.
لە دوایین بەشی ئەو کۆڕیادە دا خانمی کاترین کامێڕۆ پۆرتێڕ،ی سەرۆکی شووڕای ڕێبەری مافی مرۆڤ، سەبارەت بە لە ژێر پێنانی مافی مرۆڤ لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆڕی کۆماریی ئیسلامی و پشتیوانی گەرم لە قسەکانی پڕۆفسۆڕ ئیڤان، سۆزێکی قوڵی هاوپیوەندی لەگەڵ کوردان و خەبات و تیکۆشانیان بۆ ئازادی و قوربانی دانیان دەربڕی.
لەو کۆڕیادە دا کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو، پیشوازییەکی زۆر باشی لێکرا، نزیکەی ٢٠٠ کەس لەهەر چوار بەشی کوردستان ئامادە بوون. حیزب و ڕێکخراوەکانی بەشدار لەو کۆڕیادە دا بریتی بوون لە: پارتی دێموکڕاتی کوردستان لقی ٧ ئەمریکا و کانادا، کۆمیتەی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان- ئەمریکا، بەرپرسان و ئەندامانی کۆمیتەکانی واشینگتۆن ی هەردوو حیزبی دێموکڕات (حدک و حدکا)، نوێنەران و لایەنگرانی کۆمەڵەی زەحمەتکیشان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە ئەمریکا، بەشێک لە بەڕێوەبەران و بەرنامە سازانی بەشی کوردی و فارسی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئەمریکا و چەند کەسایەتیەکی سەربەخۆ.
ئەو کۆڕیادە بە نشان دانی کورتە فیلمی دیکۆمێنتی، چەند پارچە مۆسیقایەک و چەند وتەیەکی بەشداران، و خواردەمەنی گەلێک کە لەلایان یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئیران ئامادە کرابوو، پاش ٣ سەعات کۆتایی هات.
washngton.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1072 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact