. . . .


5 Jul 2012

بانگه‌واز (با په‌یامه‌که‌ی که‌بوودوه‌ند بکه‌ین به‌ ڕێنوێنی ???


22ی پووشپه‌ڕی ئه‌مساڵ، 23 ساڵ به‌ سه‌ر تێرۆری د.عه‌بدولره‌حمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرات و هاوڕێیانی:عه‌بدوڵلا قادری ئازه‌ر و د.فازڵ ره‌سووڵ دا راده‌برێ.
23 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، رێژیمی کۆماری ئیسلامی له‌ به‌رزترین ئاست دا پیلانی بۆ تێرۆری دوکتور قاسملوو داڕشت و له‌ سه‌ر مێزی وتووێژ، ئه‌م رێبه‌ره‌ و دوو که‌س له‌ هاوڕێیانی له‌ شاری ڤییه‌ن تیرۆر کرد.
یاد و بیره‌وه‌ریی ئه‌م تیرۆره‌، به‌ تایبه‌تی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، هه‌وێنێک بووه‌ بۆ بێزاری ده‌ربڕینی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ تیرۆریزمی ده‌وڵه‌تیی کۆماری ئیسلامی و دووپاتکردنه‌وه‌ی وه‌فاداری به‌ رێگا و ئامانجه‌ به‌رزه‌کانی ئه‌و رێبه‌ره‌ شه‌هیده‌. نه‌ریتی ناره‌زاییده‌ربڕینی گشتی و جه‌ماوه‌ری له‌ 22ی پووشپه‌ڕدا، زۆربه‌ی شاروناوچه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی گرتۆته‌وه‌ و چه‌ندین لاپه‌ره‌ی پڕشنگداری خستۆته‌ سه‌ر خه‌باتی مه‌ده‌نیی خه‌ڵکی کوردستان.
ئه‌مساڵ له‌ کاتێکدا به‌ره‌و 22ی پووشپه‌ڕ ده‌چین که‌ چه‌ندین که‌س له‌ چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نی که‌ هێندێکیان حوکمی درێژخایه‌ن و ته‌نانه‌ت ئێعدامیان هه‌یه‌‌، له‌ به‌ندیخانه‌کانی کۆماری ئیسلامیدان. له‌ کاتێک دا یادی ئه‌و تێرۆره‌ ده‌وڵه‌تییه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ دامه‌زرێنه‌ری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، محه‌ممه‌د سه‌دیق که‌بوودوه‌ند، زیاتر له ‌چل رۆژه‌ وه‌ک ناره‌زایه‌تیده‌ربڕین له‌ هه‌لومه‌رجی دڵته‌زێنی به‌ندکرانه‌که‌ی، مانی له‌ خواردن گرتوه‌. که‌بوودوه‌ند سه‌مبۆلی داکۆکی له‌ مافه‌کانی مرۆڤ به‌ شێوازێکی مه‌ده‌نییه‌ و به‌ هۆی بره‌وپێدانی خه‌باتێکی خاوێن و ئینسانییه‌وه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، ناوبانگ و ئیعتبارێکی جیهانیی هه‌یه‌. که‌ چی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئاماده‌ نییه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌مووه‌ نه‌خۆشییه‌ی که‌بوودوه‌ند له‌ زیندان دا تووشیان بووه‌، ئازادی بکا.ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی مه‌ره‌خه‌سی پێناده‌ن به‌ نه‌خۆشیی گرانی کوره‌که‌ی رابگا.
وه‌ختایه‌ک که‌بوودوه‌ند به‌م پێشینه‌ی خه‌بات و به‌و ناوبانگ و ئیعتباره‌ جیهانییه‌، به‌م جۆره‌ ره‌فتاری له‌ گه‌ڵ ده‌کرێ، ئاشکرایه‌ که‌ ده‌یان و سه‌دان چالاکی سیاسی و مه‌ده‌نیی دیکه‌ی کورد له‌ به‌ندیخانه‌ کۆماری ئیسلامیدا، بارودۆخیکی چه‌نده‌ دڵته‌زێنیان هه‌یه‌. به‌ سه‌رنجدان به‌ سه‌رکوت وراوه‌دوونانی چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نی و به‌ هه‌ڵوێسته‌ کردن له‌ بارودۆخی به‌ڕێز که‌بوودوه‌ند و مانگرتنه‌ درێژخایه‌نه‌که‌ی، به‌ وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی ئه‌زموونی پڕشکۆی نه‌ریتی خه‌باتگێڕانه‌ی 22ی پووشپه‌ڕ له‌ ساڵانی رابردوودا، حیزبی دیموکراتی کوردستان په‌یامه‌که‌ی ساڵێک له‌مه‌وبه‌ری به‌ڕێز که‌بوودوه‌ند ده‌کا به‌ هه‌وێن و رێنوێنی ناره‌زایه‌تیده‌ربڕینه‌کانی ئه‌مساڵ.
سه‌رۆکی رێکخراوی داکۆکی له‌ مافی مرۆڤ له‌ کوردستان، ساڵی رابردوو له‌ په‌یامیکدا به‌ بۆنه‌ی 22ی پووشپه‌ڕ پێشنیاری کرد ئه‌م رۆژه‌ به‌م هۆیه‌وه‌ که‌ نموونه‌یه‌کی هه‌ره‌ دیار له‌ تیرۆریزمی ده‌وڵه‌تیی تێدا ئه‌نجام دراوه‌، به‌ "رۆژی سه‌رکوتی تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تی له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه‌وه‌" ناودێر بکرێ. هه‌ر وه‌ها مانگی پووشپه‌ڕیش سه‌باره‌ت به‌ سه‌رکوتی ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕینی مه‌ده‌نیی سه‌رانسه‌ریی پووشپه‌ڕی 1384 به‌ "مانگی بێزاری ده‌ربڕینی گشتی له‌ سه‌رکوته‌ ده‌وڵه‌تیه‌کان" ناوی بنرێ. هه‌ر وه‌ک که‌بوودوه‌ند پێشنیاری کردوه‌، 22ی پووشپه‌ڕ و مانگی پووشپه‌ڕ ده‌توانن بۆنه‌ و ده‌رفه‌تێکی گونجاو بن بۆ ئه‌وه‌ی تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تی و سه‌رکوتی ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕینی مه‌ده‌نی و هێمنانه‌ له‌ لایه‌ن ده‌وله‌ته‌وه‌، که‌ هه‌ر دوویان زۆرترین و به‌ نرخترین قوربانییان له‌ گه‌لی کورد ئه‌ستاندوه‌، مه‌حکووم بکرێن.
حیزبی دیموکراتی کوردستان، له‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک به‌ گشتی و حیزب و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کان و کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ و دامه‌زراوه‌ مه‌ده‌نییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ تایبه‌تی داوا ده‌کا له‌ 22ی پووشپه‌ردا بیره‌وه‌ریی تێرۆری د.قاسملوو و هه‌موو قوربانیانی تێرۆریزمی ده‌وله‌تیی کۆماری ئیسلامی، تێکه‌ڵی یادی تێکڕای شه‌هیدان و قوربانیانی سه‌رکوت و تاوانه‌کانی ئه‌و رێژیمه‌ له‌ هه‌موو مه‌یدان و بواره‌کاندا بکه‌ن. با له‌ رێگای جێبه‌جێکردنی په‌یامه‌که‌ی که‌بوودوه‌نده‌وه‌ خه‌باتی رابردوو و ئێستامان و تێکۆشانی رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ نێو به‌ندیخانه‌ و له‌ دووره‌وڵاتی، له‌ ده‌ره‌وه‌ و ژووره‌وه‌ی کوردستان، له‌ دژی ریژیمی کۆماری ئیسلامی لێک گرێ بده‌ین. به‌م جۆره‌ هه‌م به‌ باشترین شێوه‌ یادی د.قاسملووی نه‌مر به‌رز راده‌گرین، هه‌م له‌و کاتوساته‌دا، نمایشێکی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌رانسه‌ری به‌ پشتیوانی له‌ که‌بوودوه‌ند وه‌ڕێ ده‌خه‌ین.
بۆ پێشه‌وه‌ به‌ره‌و 22ی پووشپه‌ڕ و که‌لکوه‌رگرتن له‌ هه‌موو فۆرم و شێوه‌کانی بێزاریی گشتی له‌ تێرۆریزم و سه‌رکوتی ده‌وڵه‌تی.
سڵاو له‌ شه‌هیدانی ڤییه‌ن و هه‌موو شه‌هیدان و قوربانییانی تێرۆریزم و تاوانه‌کانی دیکه‌ی رێژیمی کۆماری ئیسلامی.
سڵاو له‌ به‌ندییه سیاسی و مه‌ده‌نیه‌‌کان و به‌‌ هیوای رزگاربوونیان له‌ سیاچاڵه‌کانی دیکتاتۆری و کۆنه‌په‌رستی.

حیزبی دیموکراتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
15ی پووشپه‌ڕی 1391
5ی ژوئیه‌ی 2012

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1953 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact