. . . .


8 Jul 2009

دیداری به‌رپرسی پێوه‌ندی‌یه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی حیزب له?


ناوه‌ندی هه‌واڵ - پاریس: کاتژمێر چواری دوانیوه‌ڕۆی دوو شه‌ممه 6 ی ژوئیه‌ی 2009، د. ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده به‌رپرسی به‌شی پێوه‌ندی‌یه‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی حیزب له ده‌ره‌وه‌ی وڵات له باره‌گای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕانسه ناسراو به "کێ دۆرسێ" له‌لایه‌ن به‌ڕێز کریستۆف بیگۆ راوێژکاری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕانسه و به‌رپرسی به‌شی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست و ئه‌فریقای باکوور له وه‌زاره‌ته‌وه پێشوازیی لێ کرا.

له سه‌ره‌تای دیداره‌که‌دا ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده پاش وه‌بیرهێنانه‌وه رابردووی پێوه‌ندی‌یه‌کانی حیزبی دێموکڕات له‌گه‌ڵ داموده‌زگا ده‌وڵه‌تی و غه‌یره ده‌وڵه‌تی‌یه‌کانی فه‌ڕانسه، ئاماژه‌ی به مشت و مڕه‌کانی ئه‌م دوایی‌یانه‌ی نێوان ئێران و ئورووپایی‌یه‌کان به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به رووداوه‌كانی پاش هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماریی ئێران کرد. ناوبراو وێڕای خۆشحاڵی له توندتر بوونی هه‌ڵوێستی فه‌ڕانسه و ئورووپایی‌یه‌کان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی‌دا، پێی له‌سه‌ر له‌بارتر بوونی هه‌لومه‌رج بۆ پشتیوانیی به‌کرده‌وه‌ له بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی له کوردستان و سه‌رتاسه‌ری ئێران له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و له چوارچێوه‌ی پره‌نسیپه مه‌شرووعه‌کانی پێوه‌ندی‌یه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کاندا گرت و ئه‌و مه‌نتیقه‌ی خسته روو که ئێستا قازانجه هاوبه‌شه‌کان زیاتر ئورووپایی‌یه‌کان و خه‌ڵکی ئێران پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه تا ئورووپایی‌یه‌‌کان و کۆماری ئیسلامی.

هه‌رچی راوێژکاری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕانسه‌شه، وێڕای ئاراسته‌کردنی کۆمه‌ڵێک پرسیار سه‌باره‌ت به وه‌زعییه‌تی کوردستان و بزوتنه‌وه‌ی کورد و یادداشت کردنی ویست و چاوه‌ڕوانی‌یه‌کانی هه‌یئه‌تی حیزب، روانینه‌كانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا شی کرده‌وه و ته‌عه‌هودی گه‌یاندنه‌وه‌ی په‌یامی حدک به به‌ڕێز بێرنارد کووشنێر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی دا.

له دوابه‌شی دیداره‌که‌دا مه‌سه‌له‌ی دامه‌زرانی پێوه‌ندیی به‌رده‌وام و نه‌هادینه‌ی نێوان هه‌ردوو لا بۆ داهاتوو تاوتوێ کرا. له‌و به‌شه‌دا به‌ڕێز کریستۆف بیگۆ به ‌هۆی ئه‌وه که وه‌ك سه‌فیری فه‌ڕانسه له ئیسرائیل دیاری کراوه، راوێژکارێکی دیکه‌ی کووشنێری به هه‌یئه‌تی حیزب ناساند که له پۆستی به‌رپرسایه‌تیی به‌شی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕانسه‌دا جێی ده‌گرێته‌وه.

شایانی باسه ئه‌و دیداره که له رێگای پێوه‌ندیی پێشووتری هاوڕێیانی حیزب له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئێریک شۆڤالییه وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و له‌سه‌ر راسپارده‌ی ناوبراو به به‌ڕێز بیگۆ رێک خرابوو، سه‌عاتێکی خایاند و هاوڕێ که‌ماڵ شه‌مامی به‌رپرسی کۆمیته‌ی حیزب له فه‌ڕانسه‌ش تێیدا به‌شدار بوو.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1125 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact