. . . .


27 Jun 2012

په‌یامی پشتگیری له‌ "کەمپەینی پشتیوانی لە محەممەد سدیق کەبوودوە???


خه‌ڵکی خه‌باتگێڕی کوردستان!
کۆڕو کۆمه‌له‌کانی داکۆکیکاری مافه‌کانی مرۆڤ!
ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان!

زیاتر له‌ 5 ساڵه‌ محه‌مه‌د سدیق که‌بوودوه‌ند دامەزرێنەرو بەرپرسی ڕێکخراوی داکۆکی له‌ مافی مرۆڤی کوردستان و بەڕێوەبەری هەفتەنامەی داخراوی"پیام مردم"، لە دژوارترین هه‌لومه‌رجدا له‌ گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا به‌ند کراوه‌. هه‌رچه‌ند ئه‌م تێکۆشه‌ره‌ مه‌ده‌نییه‌ی کورد له‌سه‌ر تاوانێکی بێ بنه‌ما به‌ند کراوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌ به‌ندیخانه‌دا له‌ دۆخێکی زۆر دژوارو به‌ دوور له‌ هه‌رچه‌شنه‌ رێوشوێنیکی مرۆییدا راگیراوه‌‌، له‌ دۆخیکی ئه‌وتۆدا که‌ ویژدانی هه‌ر مرۆڤێکی خاوه‌ن ویژدان ده‌هه‌ژێنێ. هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ که‌بوودوه‌ند له‌لایه‌ک ببێته‌ نموونه‌یه‌کی هه‌ره‌ دیاری ره‌فتاری سته‌مکارانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ وه‌ک هێمای خۆڕاگریی نێو به‌ندیخانه‌کانی ئه‌م رێژیمه‌ بۆ بیروڕای گشتیی جیهانیان بناسرێ.
بۆیه‌ داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و تێکۆشه‌ران و چالاکانی مه‌ده‌نی و سیاسی له‌ درێژه‌ی هه‌وڵه‌کانیاندا بۆ رزگاریی ئه‌م سیمبوله‌ کورده‌ی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ جارێکی دیکه‌ که‌وتوونه‌ته‌وه‌ خۆ و، ئه‌م جاره‌یان که‌مپه‌ینێکی به‌رینیان وه‌ڕێ-خستوه‌و داوا ده‌که‌ن له‌ رۆژی 10ی پووشپەڕ دا به‌شێوه‌یه‌کی گشتی هاوپێوه‌ندی له‌گه‌ڵ که‌بوودوه‌ند نیشان بدرێ.
حیزبی دیمۆکراتی کوردستان له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ که‌ خۆی به‌ پشتیوان و هاوخه‌باتی چالاکانی بزووتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌زانێ و هه‌میشه‌ ره‌فتاری سته‌مکارانه‌و پێشێلکاریی مافه‌کانی مرۆڤی له‌لا‌یه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه‌ له‌قاو داوه‌، پشتوانیی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی خۆی له‌م که‌مپه‌یه‌نه‌ راده‌گه‌یه‌نێ.
له‌م پێوه‌ندییه‌دا حیزبی دیمۆکراتی کوردستان به‌شه‌کانی راگه‌یاندن، پێوه‌ندییه‌کانی له‌ هه‌موو ئاسته‌کان داو سه‌رجه‌م ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی له‌ کوردستان و هه‌موو جێیه‌کی جیهان راده‌سپێرێ، هه‌روه‌ک له‌ که‌مپه‌ینی کاندیداتۆریی به‌ڕێز که‌بوودوه‌ند‌ بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ئاشتیی نوبێل دا نیشانیان دا، ئه‌مجاره‌ش چالاکانه‌تر له‌ پێشوو له‌ هه‌موو چالاکییه‌کانی پێوه‌ندیدار به‌ "کەمپەینی پشتیوانی لە محەممەد سدیق کەبوودوەند"دا به‌شداری بکه‌ن.
داکۆکی له‌ که‌بوودوه‌ند داکۆکییه‌ له‌ ویژدانی مرۆڤایه‌تی.

حیزبی دیمۆکراتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
7/4/1391
27/6/2012

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1667 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact