. . . .


22 Jun 2012

روونکردنه‌وه‌یه‌ک له‌ سه‌ر ئیددیعای په‌یوه‌ستبوونی کۆمه‌ڵێ


بۆ ئاگاداریی بیرورای گشتی و سه‌رجه‌م هۆگران ودۆستانی حیزبی دیموکرات کوردستان
له‌ راگه‌یه‌ندراوێک دا که‌ دوا نیوه‌ڕۆی 1ی پووشپه‌ر(21ی ژوئه‌ن ) به‌ ناوی ده‌فته‌ری سیاسیی حدکاوه‌ بڵاو بۆته‌وه‌، ئیدیعا کراوه‌ که‌ کۆمه‌ڵێک کادر وپێشمه‌رگه‌ و ئه‌ندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان، وه‌ک ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕین له‌ کار و کرده‌وه‌ی رێبه‌ریی حیزب، به‌ ریزه‌کانی ئه‌وان په‌یوه‌ست بوون‌. له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ دا جگه‌ له‌وه‌ی هه‌وڵ دراوه‌ شته‌که‌ وه‌ک په‌یوه‌ستبوونه‌وه‌ی به‌ کۆمه‌ڵی کادر و پێشمه‌رگه‌ی حیزبی ئێمه‌ به‌ ریزه‌کانیان نیشان بدرێ، سیناریۆک که‌ خۆیان رێکیان خستبوو، وه‌ک هه‌نگاوێکی به‌رپرسانه‌، یه‌کڕیزیخوازانه‌ و له‌ خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی کورد له‌ کوردستانی ئێران دا ناوی براوه‌.
کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامیی حیزبی دیموکراتی کوردستان له‌م پیوه‌ندییه‌ دا روونکردنه‌وه‌ی چه‌ند راستییه‌ک بۆ بیروڕای گشتی به‌ پیویست ده‌زانێ‎:
بێجگه‌ له‌ یه‌ک که‌س که‌ ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر له‌ سه‌ر بێنه‌زمی و له‌ ژێرپێنانی پێڕه‌وی نیوخۆی حیزب و دووپاتکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵیک کرده‌وه‌ی‌ به‌ دوور له‌ شه‌ئنی تێکۆشه‌رێکی دیموکرات له‌ ئه‌ندامه‌تیی حیزب هه‌ڵپه‌سێردرابوو، هیچ کادر و پێشمه‌رگه‌یه‌کی حیزبی دیموکراتی کوردستان، له‌ ژێر ناوی "گرووپی هه‌ڵوێست" دا، نه‌چۆته‌ ریزه‌کانی حدکا. ئه‌و چه‌ند کادر و پێشمه‌رگه‌یه‌ش که‌ ناویان له‌ لیستی پشتیوانانی ئه‌و گرووپه‌ دا هاتبوو، ئه‌وه‌ له‌ ریزه‌کانی حیزب دا خه‌ریکی خزمه‌تن و زۆریش له‌وه‌ که‌ که‌لکی خراپ له‌ ناو و ئیمزای ئه‌وان وه‌رگیراوه‌، تووڕه‌ و نارازین.
له‌ دواین لیستی گرووپی ناوبراو دا ناوی کۆمه‌ڵه‌‌ خه‌ڵکێکی دانیشتووی شار و شارۆچکه‌کانی باشووری کوردستان هاتوه‌ و وا نیشان دراوه‌ که‌ ئه‌ندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانن. ئه‌م لیسته‌یه‌ش هه‌ر وه‌ک لیستی به‌ ناو پشتیوانانی ئورووپای گرووپه‌که‌، یا ئه‌ندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان نین، یا ئه‌گه‌ر ئه‌ندامی حیزبیش بن، ناو و ئیمزاکه‌یان بۆ مه‌به‌ستیکی دوور له‌ چاوه‌ڕوانی و ویستی خۆیان به‌ کار هێنراوه‌. دیاره‌ له‌ماڵپه‌ره‌کان و تۆڕی فه‌یسبووکدا ژماره‌یه‌کی زۆر له‌و روونکردنه‌وانه‌ و وه‌درۆخستنه‌وانه‌ هه‌ن. ئه‌م هاوڕێیانه‌مان له‌ گه‌ڵ ئاگاداربوونه‌وه‌یان‌ له‌و ساتوسه‌ودایه‌ی به‌ لیستی ناوه‌کانیان کراوه‌، پیوه‌ندیان به‌ رێبه‌ری و کۆمیسیۆن و کۆمیته‌ حیزبییه‌کانه‌وه‌ گرتوه‌ و پشتیوانیی خۆیان له‌ حیزبه‌که‌یان و ناره‌زایه‌تیان له‌ ساتوسه‌ودا به‌ ناوه‌کانیان ده‌ربڕیوه‌.
هاتنی که‌س یا که‌سانێک له‌حدکاوه‌ بۆ نێو حیزبی دیموکراتی کوردستان یان پیچه‌وانه‌که‌ی له‌ روانگه‌ی ئێمه‌وه‌ شتێکی ئاسایی و به‌شێکه‌ له‌ سه‌ره‌تاییترین مافی بڕیاردانی هه‌ر تاکێک. هه‌ر بۆیه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو دا که‌ چه‌ندین جار پێشمه‌رگه‌ و ئه‌ندامانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر یه‌ک یه‌ک و دوو دوو و ته‌نانه‌ت پۆل پۆل، هاتوونه‌وه‌ نێو ریزه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئێمه‌ به‌ هیچ جۆر ته‌بلیغاتمان پێوه‌ نه‌کردوون. ئێستا هۆی چییه‌ ده‌فته‌ری سیاسیی حدکا، له‌ به‌ره‌به‌ری کۆنگره‌که‌یان و له‌ هه‌لومه‌رجێک دا که‌ له‌ نێو ریزه‌کانی خۆیان و له‌ کۆنفرانسه‌کانیاندا داوای دیالۆگ و لیکنزیکبوونه‌وه‌ی دیموکراته‌کان بۆته‌ داوایه‌کی جیددی،مه‌رج وسیناریۆ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی سزادراوێکی ناو حیزبی دیموکراتی کوردستان، داده‌نێ و له‌و ئاسته‌ دا ته‌بلیغاتی له‌ دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان پێوه‌ ده‌کا؟
راستیی مه‌سه‌له‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ نیو حدکاش دا به‌ خۆشییه‌وه‌ که‌سانێک له‌ ئاستی جۆراوجۆر دا گه‌یشتوونه‌ ئه‌و ئاکامه‌ که‌ ناکرێ داوای خه‌ڵکی کوردستان بۆ هه‌بوونی دیالۆگ و لێکنزیکبوونه‌وه‌ی دوو حیزبی دیموکرات، بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ پشتگوێ بخرێ و زیان و ئاکامه‌کانی به‌ که‌م بگیرێن. ئه‌و راستییه‌شیان بۆ ده‌رکه‌وتوه‌ که‌ هه‌ڵوێست و وڵامی حیزبی دیموکراتی کوردستان به‌م داوایه‌ی خه‌ڵک،مه‌نتیقی و موسبه‌ت بووه‌. هه‌ر بۆیه‌ ئیستا نۆره‌ی ئه‌وانه‌ له‌م کۆنگره‌یه‌یاندا کۆسپه‌کانی به‌رده‌م دیالۆگ و لێکنزیکبوونه‌وه‌، هه‌ڵ بگرن. ده‌رکی ئه‌و پێویستییه‌ و دروستکردنی جۆرێک چاوه‌روانی له‌م باره‌یه‌وه‌، به‌ لێدوان و وتوێژه‌کانی ته‌نانه‌ت که‌سی یه‌که‌می حدکاشه‌وه‌ دیاره‌. جیددی بوونی هه‌وڵ و چاوه‌روانییه‌کان له‌م پێوه‌ندییه‌دا، بووه‌ به‌ هۆی نیگه‌رانیی موخالیفانی لێک نزیکبوونه‌وه‌ و یه‌کڕیزی له نیو ریبه‌ریی حدکا دا ‌ . هه‌ر بۆیه‌ که‌وتنه‌ هه‌وڵ تا به‌ وه‌ڕێخستنی شانۆسازیی"په‌یوه‌ستبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک کادر و پێشمه‌رگه‌ به‌ ریزه‌کانیان" و ناودێرکردنی به ‌"شکستی پڕۆژه‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستان" خۆ له‌ ئه‌سلی مه‌سه‌له‌که‌ که‌ دیالۆگ و لێکنزیکبوونه‌وه‌ی دیموکراته‌کانه‌، بدزنه‌وه‌ و که‌شوهه‌وای کۆنفرانسه‌کان و کۆنگره‌ی داهاتوویان له‌ ژێر ئه‌م ته‌بلیغاته‌دا به‌ره‌و ئاقارێکی دیکه‌ که‌ خۆیان پێیان خۆشه‌، به‌رن.

ئێمه‌ به‌ ده‌رفه‌تی ده‌زانین وه‌بیر هه‌موو هۆگران و دڵسۆزانی یه‌کڕیزیی دیموکراته‌کان به‌ تایبه‌ت له‌ نیو هاوڕێیانی پێشوومانی بێنینه‌وه‌ که‌ نه‌هێڵن به‌م جۆره‌ هه‌وڵانه‌ کۆسپ بێته‌ سه‌ر رێی ره‌وتی خوازیاری ته‌بایی ولیکنزیکبوونه‌وه‌‌ له‌ نێو دیموکراته‌کاندا. به‌ ته‌بلیغاتی ناواقیعی و وه‌ڕێخستنی هه‌را وهوریا و شانۆسازی، ته‌نیا بۆ چه‌ند رۆژێک ده‌کرێ راستییه‌کان له‌ خه‌ڵک بشاردرێنه‌وه‌. ئێستا ده‌فته‌ری سیاسیی حدکا له‌ هه‌موو که‌س باشتر ده‌زانێ له‌ رێگای به‌ڕێوه‌بردنی شانۆسازیی "په‌یوه‌ستبوونه‌وه‌ی گرووپی هه‌ڵویست به‌ حیزبی دیموکرات" نه‌ حیزبی دیموکراتی کوردستان له‌ هیز و توانای که‌م بۆته‌وه‌ و نه‌ ئه‌وان ده‌سکه‌وتێکی واقیعیان پێبڕاوه‌‌. دژایه‌تیکردن وته‌بلیغاتی ناڕه‌وا‌ له‌ دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان، هه‌ر وه‌ک له‌م چه‌ند ساله‌ی دواییدا، نه‌بووه‌ به‌ هۆی لاوازی و له‌ نیوچوونی ئه‌م حیزبه‌، بگره‌ هێز و ئیعتباریشی بردوه‌ته‌ سه‌ر، له‌مه‌ودواش، پێشی گه‌شه‌ و هه‌لدانی ئه‌م حیزبه‌ی پێ‌ ناگیرێ. له‌م جۆره‌ هه‌وڵانه‌ ته‌نیا ره‌وتی ئاساییبوونه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌کان و لێک نزیکردنه‌وه‌ی ریزه‌کانی ئه‌م دوو حیزبه‌، زیان ده‌بینێ. له‌ گه‌ڵ هه‌مووی ئه‌وانه‌ دا ئێمه‌ چاوه‌ڕوانین بێئاکامیی ئه‌م دوایین دژایه‌تییه‌یان له‌ گه‌ڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان، بۆ هاوڕێیانی پێشوومان ببێته‌ ئه‌زموون‌ و بیر له‌و رێگایانه‌ بکه‌نه‌وه‌ که‌ خه‌ڵکی کوردستان، پێشوازییان لی ده‌کا.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامی
2ی پووشپه‌ڕی 1391
22ی ژوئه‌نی 2012

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1571 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact