. . . .


3 Jun 2012

بەشداری هەیئەتیکی حدک لە ڕێورەسمی ساڵڕۆزی دروست بوونی ی ن ک لە بریتا???


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: مەکتەبی رێکخستنی یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان بریتانیا، بەبۆنەی دامەزرانی ٣٧مین سالرۆژی دامەزرانی ئەو حیزبەوە پاشنیوەرۆی شەممە رێکەوتی ٢ی جونی ٢٠١٢ هەمرسمیت لە لەندەن بە بەشداری ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی مەراسمێکی پێك هێنا.
ئەم بەرنامەیە بە دەقیقەیەك وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردو کوردستان و هەروەها نیشان دانی فیلمێکی دۆکیمێنتی لە دەسپێکرنەوەی شۆرشی چەکداری دژی داگیرکەرانی کوردستان و هەروەها پەیامی بەرپرسانی یەکیەتی بەڕێزان شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و کاک هاوار حاجی دەستی پێکرد.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشێکی بەرچاو لە لایەنە کوردستانی و خەڵکانی بیانی بەشداری ئەم رێ و رەسمە بوون وبەپەیام و پیرۆزباییان خۆیان بۆ دامەزران و یادکردنەوەی ئەم رۆژە ئاڕاستەی ئەندامانی و لایەنگرانی یەکیەتی کرد. بەشێکی تری بەرنامەکە بەشی هونەری و هەلپەرکێ کوردی بوو.
حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ئەم بۆنەیە بانگێشتن کراوبوو کە بەرێزان مەولود سوارە نوێنەری حیزب لەبریتانیا، کاک فەرزاد حیکمەت بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە بریتانیا و کاک یونس موکری بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە لەندەن بە پەیامی حیزبەوە بەشداریان کرد.
وێنەکانی ئەو ڕێوڕەسمە لێرەوە ببینە

ئەوەی خوارەوەش دەقی پەیامی کومیتەی بریتانیای حیزبی دیموکراتی کوردستان- بریتانیایە بۆ ئەو ڕێوڕەسمەبەشدارانی بەڕێز، ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتی نیشتمانیی کوردستان!

سەرەتا بەبۆنەی سی و حەوتەمین ساڵرۆژی دامەزرانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئێمە قەبوڵ بفەرموون.

٣٧ ساڵ لەمەوپێش لە کاتێکدا هەوری رەش و نائومێدی ئاسمانی کوردستانی داپۆشیبوو، لە کاتێکدا نەتەوەکەمان هێشتا تاساوی ئەو نسکۆیە بوو کە دوژمنان بەسەریاندا سەپاندبووین و سەرەنجام لە کاتێکدا دوژمنان سەرمەستی سەرکەوتنە کاتییەکەیان بوون، هەواڵی دامەزرانی یەکیەتی نیشتمانیی کوردستان و سازدانەوەی خەبات و شۆڕشی نەتەوەکەمان وەک برووسکەیەک دڕی بە هێزی دڵرەشان داو مزگێنی درێژەدانی خەبات هەتا سەرکەوتنی یەکجاری نەتەوەکەمانی، گەیاندە گوێی دۆست و دوژمن.

ئەوانەی ئەو ساڵانەیان لەبیرە دەزانن کە هەڵگیرسانەوەی شۆڕش و خەباتی چەکداریی لەو کات و ساتەدا چ ورەو لەخۆبووردووییەکی دەویست و بەکردەوە خەبات لەوکات دا، یانی چوونە سەفەری بێگەڕانەوە. هەرواش بوو، کەم نین ئەو کەسانەی لەم رێگایەدا گیانیان فیدا کرد و بوونە دەستەچیلەی هەڵایسانەوەی ئەو شۆڕشە .

هاونیشتیمانە بەڕێزەکان!

هێشتا تەمەنی یەکیەتی نیشتمانیی کوردستان نەگەیبووە دوو دەیە کە ڕاپەڕینی بەشکۆی نەتەوەکەمان لە باشووری کوردستان دژ بە یەکێک لە دوژمنە دڵڕەق و فاشیستەکانی دا سەرکەوت و دڵی باقی دوژمنانی لە ناوچەکەدا خستە لەرزین. پاش رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق و کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ئەم رژێمە بەسەر عێراق و کوردستاندا، ئەرکی یەکیەتی نیشتمانیی کوردستان و هێزە شۆڕشگێڕەکانی دیکەی ئەم بەشەی وڵاتەکەمان قورستر بوو، ئەمجار نۆرەی ئاوەدان کردنەوەی کوردستان و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دێموکرات و فرە رەنگ هات.هەموومان دەزانین کە لەو قۆناغەش دایەکیەتی نیشتیمانی کوردستان هاوشان دەگەڵ باقی هێزە رەسەن و شۆڕشگێڕەکانی کورد شوێن دانەری خۆی هەبووە لە دانانی بناغەیەکی شیاو بەرەو کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو. نکۆڵی لەوە ناکرێ کە ئەم رێگایە کەند و کۆسپی زۆری لەسەر رێ بوو وهەیە، بەڵام بێشک ئەم کارەش بە

لێوەشاوەیی و هاوکاری وتەبایی نێوان هێزە شۆڕشگێڕەکان دەگاتە بەرهەم و رێگای بۆ تەخت دەکرێ.

بەشدارانی هێژا!

کاتێک کوردیش وێڕای نەتەوەکانی دیکەی نیشتەجێی عێراق،دەوری خوڵقێنەری خۆی گێڕا و مام جەلال بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق. هەموو پێمان وابوو دەورەی سەرەڕۆیی وتاکڕەوی لە عێراقدا کۆتایی پێ دێ و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی عێراق وەک یەک و هاوسەنگ لە عێراقی داهاتوودا دەژین و کەس مافی ئەوی دیی لەژێر پێ نانێ. بەڵام

رووداوەکانی ئەمدواییانەی عێراق و خۆ گێل کردنی سەرۆک وەزیران و هاوبیرانی لە بەڕێوەبردنی دەستووری بنەڕەتی عێراق کە جەختی لەسەر فیدڕالی و مادەی ١٤٠ و قانوونی نەوت وگاز کردووەتەوە، زەنگی مەترسیی بۆ نەتەوەکەمان لێدا. هەلومەرجی ئێستای عێراق و کوردستان، هەلومەرجێکی ناسک و هەستیارە. دەستێوەردانی دەرەکی زۆر بەرچاوەو هەر وڵاتەی دەستی بە پشتی لایەنێکەوە گرتووە و یارمەتییان دەدا. لەم ناوەدا تەنیا کوردە کە هەموو لایەنە دەرەکیە ناوچەییەکان لەدژی دەجوڵێنەوەو هەموو حەولەکانیان بۆ بەرتەسک کردنەوەی دەسکەوتەکانی نەتەوەکەمانە و ئەگەر بۆشیان بکرێ لەباربردنی ئەم هەلەیە کە بۆ ئێمەی کورد هاتووەتە ئاراوە. ئێمە پێمان وایە بۆ دابین کردنی مافە ڕەواکانی میللەتەکەمان وبەڕێوەبردنی خاڵەکانی دەستووری عێراق و دەرباز بوون لەو هەڵ و مەرجە ی ئێستا، تەنیا یەکگرتوویی هەموو لایەنەکانی کوردە کە دەتوانێ دژبەران بە چۆکدا بێنێ و مافە دەستوورییەکان دەستەبەر بکا.

لە کۆتایی‌دا وێڕای پیرۆزبایی دووبارەمان بە بۆنەی ئەو رۆژەو دەربڕینی پشتیوانی خۆمان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامودەزگا یاساییەکانی، هیوادارین یەکڕیزی و تەبایی هێزە نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان، کە هەوێنی دەستەبەرکردنی ئەم ئەزموونە بووە، هەروا بپارێزرێ و پتەوتر بێ.


حیزبی دێموکراتی کوردستان- کۆمیتەی بریتانیا

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 964 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact