. . . .


28 May 2012

پێکهێنانی سیمینارێکی سیاسی بۆ بەرێز کاک مستەفا شڵماشی لە شاری بیرمی???


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٧/٥/٢٠١٢ لە شاری بیرمینگهام لە بریتانیا ، کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دێموکڕاتی کوردستان سیمینارێکی سیاسی بۆ بەڕێز کاک مستەفا شڵماشی، ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی یەکەمی حیزب لە دەرەوەی وڵات پێک‌هێنا. سیمینارەکە بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب لە بریتانیا و بە خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێکرد. لە سەرەتای کۆبونەوەکە کاک فەرزاد حیکمەت بەرپرسی کۆمیتەی بریتانیا لە لایەن کۆمیتەی بریتانیای حیزبەوە بەخێرهاتنی بەڕێز کاک مستەفا وە ئەندامانی بەشداری ئەو سیمینارەی کرد. لە پاشان هاوڕێ ڕزگار قادرزادە بەڕێوەبەری سیمینارەکە بەرنامەی کاری سیمینارەکە و تەوەری باسەکانی بۆ ئەندامانی بەشداربوو ڕوون کردوە.
لە بەشی یەکەمی سیمینارەکەدا ڕێزدار شڵماشی، باسێکی سیاسی لە سەر ئاڵوگۆر و پێشهاتە سیاسیەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکە دا پێشکەش کرد و بە تایبەتی تیشکی خستە سەر ئەو قەیرانە ئابوریەی کە وڵاتانی زلهێزی گرتۆتەوە و کاریگەری ئەو قەیرانە لە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئە وڵاتانە و کاردانەوەیان لە بەرامبەر گۆڕانکاریەکانی ئەو دواییەی وڵاتانی عەڕەبی و ڕۆژهەڵاتی ناڤین و هەروەها ئێران و بەتایبەتی بەرنامە ناوەکیەکەی دایە بەر شرۆڤە. بەڕێز شەڵماشی لە درێژەی وتەکانیدا ڕوونی کردەوە کە قەیرانی ئابوری نێودەڵەتی کاریگەریەکی زۆری هەبووە لە سەر سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی زلهێز لە بەرامبەر وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و هەروەها سیاسەتی نێوخۆی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان لە بەرامبەر مەسەلەی کورد و ئەو کێشە ئابوریانەی کە بە هۆی سیاسەتی دیکتاتۆری و چارەسەر نەکردنی کێشەی کوردەوە بۆیان هاتۆتە پێش، بە تایبەتی وڵاتی ئێران کە بە قەیرانێکی سیاسی نێوەخۆیدا تێدەپەرێ و بەرنامە ناوەکیەکەی و سیاسەتی دەرەوەی کەوتۆتە ژێر زەڕەبینی وڵاتانی زلهێزەوە. لە درێژەی وتەکانیدا کاک مستەفا ئەو گۆڕانکاریانەی بە دەرفەتێکی زێڕین بۆ گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان نرخاند بەو شەرتەی کە گەلی کورد لەو شێوە کلاسیکیەی سیاسەت کردن خۆی ڕزگار بکات و بە ستراتیژیەکی نوێ و سەردەمیانەوە بێتە نێو کایە سیاسیەکانەوە و کێشەی خۆی لە ئاستێکی باڵاتردا، چ لە ئاستی ناوچەیی و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پەرە پێبدات. لە کۆتای وتەکانی و لە بەشەی یەکەمی سیمینارەکە دا بەڕێز شڵماشی ئەزموونی هەرێمی کوردستانی بە هەموو کەم و کوڕیەکانیەوە بەرز نرخاند و پاراستنی ئە ئەزمونەی بە ئەرکی هەر کوردیکی دڵسۆز زانی.
لە بەشی دووەمی سیمینارەکەدا کاک مستەفا باسێکی گشتی لە سەر تەشکیلاتی نێوخۆی حیزبی دێموکڕات لە دوای لەت بونەوە و هەر دوو کۆنگرەی ١٤ و ١٥ و دەستکەوەت و کەموکوڕییەکان لەو ماوەیەدا پێشکەش کرد. لە کۆتایی دا هاوڕێیانی بەشدار چەندین پرسیار، ڕەخنە و پێشنیاریان هێنایە گۆڕێ و کاک مستەفا بە دڵێکی ئاواڵاوە و بەپێی توانا وەڵام هەموو ئەندامانی دایەوە.

لەدوای بەشی کۆتایی سمینارەکە بەرێز مەولود سوارە نوێنەری حیزب لە بریتانیا باسێکی لەسەر دروست کردنی لۆحەی رێزلێنان لە لایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەری دەرەوەی وڵاتەوە کرد کە بەمەبەستی ڕێزگرتن لە خەبات و ماندوو بوونی ئەو ئەو تێکۆشەرانەی کە ماوەی چارەگە سەدەیەک لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەندام بوون و تێکۆشانیان بووە کرد. هاوکات داوا لە بەڕێز کاک مستەفا شەلماشی ئەندامی دەفتەری سیاسی ح.د.ك کرد کە لۆحەکان پێشکەشی ئەو هاوڕێیان بکات.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
کۆمیتەی بریتانیا
وێنەکانی ئەو سمینارە لێرەوە ببینە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1271 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact