. . . .


7 May 2012

کۆنفڕانسی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرکەوتووی ?


ناوەندی هەواڵ- دانمارک: رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٥/٥/٢٠١٢ی زایینی کۆنفرانسی ساڵانه‌ بۆ نۆژەن کردنەوه‌ی کۆمیته‌ی ح.د.ک. له دانمارک به ئاماده بوونی نوێنەرانی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرێزان کاک حەمەڕەسووڵ کەریمی ئه‌ندامی جێگری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و کاک سەید ئەحمەد حوسێنی و خاتوو شوعله قادری و به بەشداری ڕادەیەکی بەرچاو له ئەندامانی حیزب له وڵاتی دانمارک پێک هات.
کۆنفرانس کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ به سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگەیاندنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن له یادی شەهیدانی سوورخەڵاتی حیزب و گەل دەستی به کارەکانی خۆی کرد. سەرەتا به چەند وتەیەک له لایەن کاک ناسری پیرانی تێکۆشەری دێرینی ڕێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرانەوەی کۆنفرانس ڕاگەیێندرا. پاشان ڕاپۆرتی کارو تێکۆشانی کۆمیته له لایەن کاک ڕەشید قازی بەرپرسی کۆمیته خوێندرایەوه و له لایەن بەشدارانەوە بەوردی خرایه بەر باس و لێکۆڵینەوه. پاش باس و ڕخنه و پێشنیار له‌ لایه‌ن به‌شدارانی کۆنفه‌رانسه‌وه‌ کاک ڕەشید قازی‌ وڵامی پرسیاره‌کانی به‌شدار بووانی دایه‌وه‌ و له کۆتایی باسەکه دا ڕاپۆرتەکه به زۆربەی ده‌نگ له لایەن به‌شدارانەوە په‌سند کرا.
له‌ بڕگەێیکی دیکه‌ کۆنفه‌رانس دا له لایەن کاک حەمه‌ڕەسووڵ کەریمی ئەندامی جێگری کومیتەی ناوەندی حدک باسێک له‌ سه‌ر کارو تێکۆشانی حدک له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ڕوانگه‌ و بیروبۆچوونی حیزب سه‌باره‌ت به‌ پرسی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌روه‌ها شێوه‌کانی خه‌بات پێشکه‌ش کرا و له‌ لایه‌ن کاک سەید ئەحمه‌د حوسەینی‌یەوە باسێک له‌ سه‌ر کاری ته‌شکیلاتی و باس له سه‌ر سیاسەتەکانی حیزب و چۆنێەتی شێوەی هەڵبژاردن پێشکه‌ش کرا و پاشان له‌ لایه‌ن هه‌ر دوو به‌رێزه‌وه‌ وڵامی پرسیاری به‌شداران له سەر سیاسەتی حیزب به گشتی درایەوە.
دوایین بەشی کۆنفرانس تەرخان کرابوو بۆ هه‌ڵبژاردنی کومیتەی نوێ، که لەم بەشه دا چەند کەس له هاوڕێیان خۆیان بۆ ئەندامەتی کومیتەی داهاتوو و وه‌ئەستۆ گرتنی ئەرکی حیزبی پاڵاوت و به کۆی دەنگی به‌شداربووان به ئەندامی کومیته‌ی گشتی هه‌ڵبژیردران.

کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان
وێنەکانی ئەو کۆنفڕانسە لێرەوە ببینە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1057 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact