. . . .


1 Feb 2012

بەشداری هەیئەتێکی حدک لە کۆبوونەوەیەکی هاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیم??


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: رێکەوتی ٣١ی جانیویری ٢٠١٢ لە پارلمانی بریتانیا کۆبونەوەیەکی کراوە بۆ بەڕێز سەلاحەدین دیمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دێموکراسی رێکخرا کە چەند ئەندام پارلمان و لۆرد و بەشێکی بەرچاو لە بنکەو بنیادە بیانیەکان و هەروەها کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستانی لە خۆ کۆکردەوە.
بەرێوەبەری کۆبونەوە و پانێڵەکە لە لایەن بەڕێز هایوێڵ ویلیامز ئەندامی پارلمانی بریتانیا بەرێوە دەچوو کە سەرەتا بە بەخێرهێنانی میوانەکان و ناساندنی پانێلەکە دەستی پێکردو پاشان بەڕێز سەلاحەدین دیمیرتاش لەگەڵ بەخێرهێنانی میوانەکان باسێکی لەسەر جێگە و پێگەی کورد و هەروەها لەسەر هەڵسوکەوتی دەوڵەت تورک دەرحەق بە گەلی کورد لەو وڵاتە، گلەیی لە وڵاتانی زلهێز کرد بۆ چاوپۆشینیان لەبەرامبەر ئەو هەموو بێ عەدالەتیانەی کە لەکورد دەکرێن. لە بەشێکی دیکە لە قسەکانی دا ئاماژەی بەوە دا کە ئوروغان نایەوێت لەگەڵ نوێنەری ڕاستەقینەی کوردان وتووێژ بکات، بەڵکو لەگەڵ خەڵکانێك دەدوێت کە نوێنەری کورد نین! ئورد‌‌‌‌غان کە بە فڕۆکەی ئێف ١٦ لە خەڵکی نیشتەجێی وڵاتەکەی خۆی دەدا نابێ بمێنێ و دەبێ بڕوا.
لەپێوەندی لەگەڵ مافی کورد لە وڵاتی تورکیە دا ناوبراو داوای کرد کە خوێندن و نووسینی زمانی کوردی دەبێ لە هەموو قوتابخانەکان دەستەبەر بکرێت، ماف و داواکارییەکانی گەلی کورد لە دەستووری نوێێ ترکیە دا بنوسرێت و ئۆتۆنۆمیش بدرێتە کوردان.
لەپەیوەندی لەگەل میدیاکانی ترك دا ووتیان کە هەموویان دژی پارتی ئاشتی و دێموکراسی دەنوسن و هەموو حیزب و لایەنەکانی ترکیە لەلایەن دەوڵەتەوە یارمەتیان پێ دەکرێت بەلام لەو نێوەدا تەنیا ئێمەین کە یارمەتی نادرێن!
ناوبرا لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا هاتە سەر ئەو بەربەستانەی کە دەخرێنە بەردەم کارکردنی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی گەل و وتی: ئیستا شەش ئەندامی پارلمانی ئیمە لە زیندان دان و نوسەرو ئەندام و چالاکانی سیاسی ئێمە دەسبەر و گیراون و تا ئیستا زیاتر لە ٦٥٠ دۆسییەی گیراوانی کورد لە مەحکەمەدان و گیراوەکان بە خەراپترین شێوە هەڵسوکەوتیان لەگەل دەکرێت.
پاشان لۆرد رەی لە پیوەندی لەگەڵ پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤی کورد لە ترکیە دوا و ئاماژەی بەو بێڕێزیانەی کە بەکورد کراوە و دەکرێت کرد و وتی: ئەو زوڵم و زۆریانە تەنیا لە ترکیە لە کورد ناکرێت بەڵکو لە دەرەوەی تورکیەش لەگەڵ ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی کورد، بۆ وێنە تەلەفزیون رۆژ کرا.
بەرێز نەزمی گوڕ ئەندامی پارلمان و هەروەها بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەیەکانی پارتی ئاشتی و دێموکراسی، لەپیوەندی لەگەڵ کێشەکانی کورد وتەیەکی پێشکەش کرد.
یەکێک لە پارێزەرانی مافی مرۆڤ بە ناوی مارگرێت ئۆوێن لە پەیوەندی لەگەڵ پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە کوردان دواو و وتی لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوو دا ٣٤پارێزەر و وەکیل لە لایەن هێزەکانی حکومەتی تورکیەوە گیراون. لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا من لە ترکیە بووم بە چاوی خۆم نادیمۆکراتیک بوونی ئەو وڵاتەم بۆ دەرکەوت، لێرە دا پرسیاری من ئەوەیە بۆ ئێمە دەبێ ئاوا بێدەنگ بین لەبەرامبەر ئەو هەموو زوڵم و زۆرەی کە لە کورد دەکرێت؟ داوام لە پارلمانتاران و کاربەدەستانی دەوڵەتی بریتانیا ئەوەیە کە هەڵوێستی جیدی بگرن و هیواش دەخوازم کە بەزوویی گۆرانکاری لە سیستەمی دەسەڵات دارییەتی و بەڕێوەبەری ترکیە دا ببینم.
دواین ووتەبێژ بەرێز جێرمی کۆربین بوو کە بەرێزیان لە قسەکانی دا ئاماژەیان بەوەکرد کە ساڵی ٨٣ چومەتە ترکیە و لە دادگایەکدا بەشداریم کرد و ماوەیەك پێش ئێستاش جارێكی دیکە چومەوە ترکیە و لە دادگایەکی دیکەدا بەشدار بووم، جیاوازی نێوان سالی ٨٣ لەگەڵ ئێستا تەنیا چرا و کامپیوتەرەکانی دیوی دادگاکە بوون و جیا لەوە شێوەی هەڵسووکەوتی کاربەدست و پلەدار و ئۆفیسەرەکانی دەوڵەتی لەپیوەندی لەگەڵ گیراوان و زیندانییەکان خەراپتر بووە و چاکتر نەبووە.
پێویستە کاربەدەستانی ئێمە کاتێک میوانداری لە سەرۆک وەزیر و بەرپرسانی حکومەتی تورک دەکەن، تەنیا نەلێن خۆشحاڵین بە دیدارتان و زۆر بەخێر بێن بۆ بریتانیا بەڵکو پێویستە پێیان بڵێن کە ئێوە دێموکرات نین، زیندانی سیاسیتان هەیە و بێ رێزی بەخەڵکەکەتان دەکەن و پێویستە ئەم شێوە سیستم و سیاسەتەتان بگۆرن.
بەشێکی کۆتایی پانێڵەکە تەرخان کرا بوو بۆ پرسیار و وەڵام، کە بەشداران زۆر چالاکانە بەشداریان لە باسەکاندا کرد و چەندین پرسیار و لە پیوەندی لەگەڵ کورد و کێشەکانی و هەروەها ئالوگۆرەکانی ناوچە و داهاتووی کورد ئاڕاستەی دەمیرتاش و هاوڕێیانی کران کە لە لایەن ئەو بەرێزانەوە وڵام درانەوە. کۆبونەوەکە کاتژمێر شەش و نیو تا هەشت و نیوی شەو درێژەی کێشا.
جێگای ئاماژە کە هەیئەتی حیزبمان توانیان چاویان بە میوانانی بەشدار لە پانێلەکەدا بکەوێت و لەگەڵ هەرکام لە بەڕێزان سەلاحەدین دیمیرتاش، نەزمی گوڕ و هەروەها جێرمی کۆربین و مارگەرێت ئۆوێن بەرپرسی رێکخراوی بێوەژنان بۆ ئاشتی لە رێگای دێموکراسی و هەروەها وەکیلی مافی مرۆڤ بکەوێت.
هەیئەتی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا پێك هاتبوون لە بەڕێزان: مەولود سوارە،فەرزاد حیکمەت و دیاکۆ نووری سیا سیاهی.
نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان- بریتانیا
فیلمی ئەو کۆبوونەوەیە لێرەوە ببینە
وێنەکانی ئەو کۆبوونەوەیە لێرەوە ببینە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1186 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact