. . . .


18 Nov 2011

هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی فینلا?


ناوەندی هەواڵ- فینلاند: پێشنیوەڕۆی رۆژی سێ‌شەممە، ١٥ی ئۆکتۆبری ٢٠١١ هەیئەتێک لە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستیی کاک مستەفا شەڵماشی بەرپرسی نوێنەرایەتی حیزب لە دەرەوەی وڵات و بە هاوڕێیەتی هاوڕێیان وەستا رەحمان خالید نەژاد بەرپرسی کۆمیتەی فینلاند، ئەیوب سوری بەرپرسی پێوەندیەکانی حیزب لەو وڵاتە و شوانە رزگەیی بەرپرسی کۆمەڵەی فینکورد سەردانی وەزارەتی دەرەوەی فینلاندیان کرد و لە لایەن بەڕێز یوسسی سۆینی (jussi soini) بەرپرسی بەشی باکووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەراست لە وەزارەتی دەرەوەی فینلاند پێشوازیان لێ کرا.
لەو دیدارەدا کە کاتژمێرێکی خایاند کۆمەڵێک باس و بابەتی پێوەندیدار بە حیزبی دێموکرات، دۆزی کورد، ئێران و پرسی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە تاوتوێ کران.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە وەزارەتی دەرەوەی فینلاند باسی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد و پرسیاری لە سەر سیاسەت و بۆچوونەکانی ئەم حیزبە لە پێوەندی بە پرسە هەنوکەییەکانی ئەمڕۆی جیهان و ئێران کرد کە لە لایەن کاک مستەفا شەڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتەوە بە تەسەلی وەڵام درانەوە. بەڕێز شەڵماشی هەر لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بە زوڵم و سەرکوتی هەر دوو رێژیمی پاشایەتی و ئیسلامی بۆ سەر گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و لەم پێوەندیەش دا کۆمەڵێک بەڵگە و دۆکیۆمێنتی بە تایبەت لە سەر جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە گەلی کورد پێشکەش بە لایەنی خانەخوێ کرد. هەر لە درێژەی ئەم باسەدا پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران بە تایبەت پێشلکاریەکانی مافی مرۆڤی کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە زیاتر هەڵوەستەی لە سەر کرا و بەڕێز یوسسی سۆینی هیوای خواست کە بتوانێ لە سەردانەکانی دا بۆ ئێران، سەردانی ناوچە کوردنشینەکانیش بکا و لە نیزیکەوە گوێ لە راستیەکان بگرێ بەڵام راشیگەیاند کە هەردەم لەم بارەوە بەربەستی لە پێش بووە و مۆڵەتی ئەو کارەی پێ نەدراوە. وتیشی کە ئەو لە چاوپێکەوتنەکانی لە گەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام پرسی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەی هێناوەتە بەر باس و وەک نمونەش ئاماژەی کرد کە دوا جار نارەزایەتیی وڵاتەکەی لە هەمبەر ئیعدامی مناڵان و تازە لاوان بە گوێی بەرپرسانی ئێرانی گەیاندووە.
پرسی کۆنفرانسی "رۆژهەڵاتی ناوەراستی بە بێ چەکی ئەتۆمی" کە بڕیارە لە ساڵی داهاتووی زایینی دا و بە دەسپێشخەریی وەزارەتی دەرەوەی فینلاند لەم وڵاتە ببەسترێ، تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەم دیدارە بوو کە تێیدا هەیئەتی حیزب هیوای خواست کە رێکخەرانی کۆنفرانس رێگایەک بۆ بەشداریی جیابیران و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش بکەنەوە تا لایەنەکان بتوانن دەنگ و سەرنجی خۆیان بە گوێ لایەنەکانی بەشدار بگەیەنن کە لایەنی خانەخوێ بەڵێنی دا ئەو داوایە بخرێتە سەر مێزی کاریانەوە.
darawai-finland1.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 3759 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact