. . . .


16 Nov 2011

پارلمانی فینلاند پێشوازیی لە هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان کر?


رۆژی سێ شه‌ممه‌ رێکه‌وتی 15.11.20011 هه‌یئه‌تێک بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پێکهاتوو له‌ بەڕێزان کاک مسته‌فای شڵماشی ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی و به‌رپرسی نوێنەرایەتیی حیزب له‌ ده‌ره‌وه‌ی ولات، وه‌ستا ره‌حمان خالید نەژاد به‌رپرسی کۆمیته‌ی حیزب لە فینلاند، ئه‌ییوب سوری به‌رپرسی پێوه‌ندیه‌کانی حیزب له‌و وڵاتە و شوانه‌ ره‌زگه‌یی به‌رپرسی کۆمه‌ڵه‌ی فینکورد، سه‌ردانی پارلمانی فینلاندیان کرد و لە لایەن هه‌یئه‌تێکی کۆمیته‌ی مافی مرۆڤی پارلمانی فینلاند که‌ پێکهاتبوو له‌ بەڕێزان: ئیلکا کانتۆلا (Ilka kantola) سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ و ئه‌ندامی پارلمان له‌سه‌ر لیستی سۆسیال دێمۆکرات، کیمۆ ساسی (Kimmo Sasi) ئه‌ندامی پارلمان له‌سه‌ر لیستی هاوبەندیی نیشتمانی (کۆکۆموس) و ئه‌ندامی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ و سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی پێوه‌ندیه‌ ده‌ره‌کیه‌کانی پارلمان، تاریا مۆیساندێر (Tarja Moisander) سکرتێری کاروباری ناونه‌ته‌وه‌یی پارلمانی فینلاند پێشوازیان لێ کرا.

له‌و دیداره‌ دا که‌کاتژمێرێکی خایاند، دوو لایه‌ن باسیان لە ره‌وشی مافی مرۆڤ له‌ ئێران و هه‌ره‌شه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌سه‌ر ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی ولات بە تایبەت له‌ ئەگەری دەستراگەیشتن بە چه‌کی ناوکی کرد. هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تی حیزبه‌وه‌ راپۆرتی پێشێلکاریه‌کانی مافی مرۆڤ له‌ شه‌ش مانگی رابردوو دا، کتێبی قاسملووی کورد به‌ زمانی ئینگلیزی و چه‌ندین راپۆرت و زانیاری دیکه‌ له‌ سه‌ر ئێران و کوردستان پێشکەش به‌ هه‌یئه‌تی خانه‌خوێ کران.

یه‌کیکی تر له‌و باسانه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن هه‌یئه‌تی حیزبه‌وه‌ هێنرایە بەر باس، کوشتنی سیستماتیکی کاسبکارانی کۆلبه‌ری کورد له‌سه‌ر سنووره‌کانی کوردستان بوو له‌ کاتێکدا که‌ ئه‌وان لە بەر هەژاری و بێدەرەتانی به‌شوێن په‌یداکرنی پاروه‌نانێکه‌وه‌ن، به‌لام رۆژانه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامیه‌وه‌ بێ بەزەییانە دەکەونە بەر دەسڕێژ و ده‌کوژرێن.

هەیئەتی پارلمانی فینلاند بە گەرمی پێشوازی لە باسەکان کرد و کۆمەڵێک پرسیار و باس هاتنه‌گۆرێ، له‌وانه‌ش به‌ریز کانتۆلا باسی له‌وه‌ کرد که‌ قەرارە له‌ سالی 2013 دا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فینلاند ببێته‌ خانه‌خوێی کۆنفرانسی "رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستی به‌بێ چه‌کی ناوکی" و هه‌ربۆیه‌ هیوای خواست که‌ له‌و کاته‌ دا رێگایه‌ک بدۆزرێته‌وه‌ تا حیزبه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن و رێکخراوه‌ ناده‌وڵه‌تیه‌کانیش بتوانن بۆچونی خۆیان دەرببڕن و ده‌نگی خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ کۆنفرانسه‌که‌. راشیگەیاند که‌ گرینگی کۆنفرانسەکە بۆ ولاتی فینلاند له‌وه‌دایه‌ که‌ ئه‌و کات پتر ده‌که‌وێته‌ به‌ر چاو و پێشنیار و داواکانی پتر گوێیان لێ ئه‌گیرێ.
بەڕێز کانتۆڵا وێرای په‌سند کردنی قسه‌کانی به‌رێز کاک مسته‌فای شلماشی له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ پێشێلکاریه‌کانی مافی مرۆڤ و هه‌ره‌شه‌کانی ئێران له‌ ئەگەری تەیاربوونی به‌ چەکی ناوکی، وتی: ئه‌مرۆ له‌ دنیای رۆژئاوا دوو مه‌سه‌له‌ له‌ سه‌ر حکومه‌تی ئێران کێشەی له‌ سه‌ره‌ که‌ یه‌کیان مه‌سه‌له‌ی مافی مرۆڤه‌ و ئه‌وی دیکه‌ که‌ جیهان زۆر به‌ توندی لێی نیگه‌رانه‌ پرسی ره‌نێوهێنانی چه‌کی ناوکیه‌، هه‌ر بۆیه‌ به‌ دلنیاییه‌وه‌ پرسی دووهه‌م ئه‌گه‌ر بگاته‌ قۆناخی جێ به‌جێ کردن و ئیران ببێته‌ خاوه‌نی چه‌کی ئه‌تۆمی، ئه‌وکات له‌سه‌ر پێشێلکاریه‌کانی مافی مرۆڤ و زیندان و ئیعدامی بێ لیکۆلینه‌وه‌ش سورتر ئه‌بێت و هیچ رێزێک بۆ بۆچونی رێکخراوه‌ ناونه‌ته‌وه‌ییه‌کان دانانێ.
didar_parlman1.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1361 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact