. . . .


14 Nov 2011

لە فینلاند سمینارێکی سیاسی بۆ هاوڕێ مستەفا شەڵماشی بەڕێوە چوو


ناوەندی هەواڵ- فینلاند: رۆژی یەکشەممە ١٣ی ئۆکتۆبری ٢٠١١ سمینارێکی سیاسی بۆ کاک مستەفا شەڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەرپرسی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات پێک هات. ئەم سمینارە کە بە بەشداریی دەیان کەس لە ئەندامانی حیزب لە وڵاتی فینلاند و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتیەکانی کورد نیشتەجێ لەو وڵاتە و نوێنەری چەند لایەنی سیاسیی کوردستان بەڕێوە چوو، لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی فینلاند و لە ژێر ناوی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە، کاردانەوەیان لە سەر پرسی کورد و هەڵوێست و روانگەکانی حیزبی دێموکرات رێکخرابوو.
سمینارەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب لە لایەن کۆڕی هونەریی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە وڵاتی فینلاند دەستی پێ کرد و پاشان ئامادە بوان بۆ رێز گرتن لە یاد و خەباتی شەهیدانی رێگای رزگاریی نەتەوەکەیان، خولەکێک بە بێدەنگی راوەستان. لە سەرەتا دا هاوڕێ بێستوون ئیزەدی ئەندامی کۆمیتەی فینلاند وێڕای بەخێرهاتن کردنی ئامادەبوان و بە تایبەت هاوڕێ مستەفا شەڵماشی، ئامانجەکانی ئەو سمینارەی بۆ بەشداران شی کردەوە. بە دوای ئەوەدا کاک مستەفا شەڵماشی باسەکەی خۆی پێشکەش کرد.
بەڕێز شەڵماشی لە سەرەتای وتەکانی دا تیشکی خستە سەر گۆڕانکاری و پێشکەوتنە گشتی‌یەکانی جیهان لە بیست ساڵی رابردوودا و بە تایبەت ئەم ئاڵوگۆڕانەی لە دوو دەلاقەی سیاسی و راگەیاندنەوە شرۆڤە کرد. ئەو لە باری سیاسیەوە باسی لە نەمانی جیهانی دوو جەمسەری و ئاسەوارەکانی گۆڕانی نەزمی نوێی جیهان بۆ چەند جەمسەری و چەندین ناوەندی دەسەڵات کرد و هەروەها پەرە گرتنی راگەیاندن و بڵاوبوونەوەی ئامرازە جۆراوجۆرەکانی راگەیاندن بە هەموو جیهان و رۆڵی مێدیا لە دانی زانیاریی نوێ بە خەڵک و رەوشەنگەری لە ناو کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکان دا وەک دوو فاکتەری سەرەکی لە گۆڕانکاریەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی تا ئیستا و بۆ داهاتووش دەستنیشان کرد. بەڕێز شەڵماشی پێیوابوو کە لە دۆخی ئیستا دا کە سیاسەت بە جیهانی بووە، کرانەوەکان لە سیاسەت و راگەیاندن و بوارگەلی تر وای کردووە کە هەموو لایەنە سیاسیەکان ناچار بن بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوە. هەروەها پێیوابوو کە ئەم دۆخە وای کردووە گەلان بۆ وەدەست خستنی مافەکانیان بە پشتبەستن بە خۆیان و بە هێز و توانای خۆیان بێنە مەیدان ئەگەرچی پشتیوانی نێونەتەوەیی هەردەم وەک پاڵپشتێک سەیری دەکرێ و تەنانەت لە هەلومەرجی ئیستادا زۆر جار گەلان توانیویانە بە هەوڵی خۆیان کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ناچار بە پشتیوانی لە خەبات و خواستەکانی خۆیان بکەن.
بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەشێکی دیکە لە وتەکانی دا باسی لە سەرهەڵدانەکانی ئەم دواییانەی وڵاتانی عەرەبی کرد و لەم بارەوە وتی؛ زلهێزەکانی جیهان بۆیان روون بۆتەوە کە چیدی ناتوانن لە رێگای حکومەتە دیکتاتۆر و تاکەکەسیەکانەوە بەرژەوەندیەکانی خۆیان دابین بکەن و لە سایەی هوشیاری خەڵکی ئەو وڵاتانەوە هاتوونە سەر ئەو باوەڕە کە دەبێ قازانجەکانیان لە رێگای پێوەندی لە گەڵ سیستمە سیاسیەکان دا دابین بکەن. هاوکات دوو فاکتەری نەبوونی ئازادی و هەژاری وەک هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەو نارەزایەتیانە دەستنیشان کرد. بە ئاماژە بە سەرکەوتنی گەلان بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوایەتیەکانیان، وتیشی کە ئەو سەرکەوتنانە سەلماندیان کە گەلان بۆخۆیان دەتوانن مافی خۆیان دیاری بکەن و خواستەکانی خۆیان تەنانەت بە سەر کۆمەڵگای نێونەتەوەییش بسەپێنن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، کاک مستەفا شەڵماشی هەڵوەستەی لە سەر پرسی کورد و کاردانەوە و دەرسەکانی ئەو سەرهەڵدان و نارەزایەتیانە لە سەر پرسی نەتەوەکەمان کرد و لەم بارەوە پێیوابوو کە لە باری ستراتژیەوە پێویستە ستراتژیی نەتەوەیی کورد گۆڕانی بەسەردا بێ. لەم بارەشەوە وتی: ستراتژی خەباتی نەتەوەیی کە پێشتر لە سەر بنەمای پێوەندیی نێوان وڵاتانی داگیرکەری کورد و هەروەها قازانجی زلهێزەکان دیاری کرابوو، دەبێ لە هەلومەرجی ئیستا دا پشت بە کەسایەتیی نەتەوەیی تاکەکان و هێزی خۆی ببەستێ. لە جیاتی ئەوەی چاوەروان بین کە لە تارانەوە بڕیار لە سەر مافەکانمان بدەن، دەبێ بۆخۆمان بڕیار بۆ خۆمان بدەین و نابێ چاوەڕوانی مەرکەز بین. لە بابەت ئێرانی داهاتووش، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێیوابوو کە دەبێ کورد بۆخۆی بڕیار لە سەر مانەوە لە ئێران دا بدا و پێوەندیدار بە ئێرانی داهاتووش پێیوابوو کورد دەبێ لە دروست کردنەوەی ئەو وڵاتە و لە دابەش کردنی دەسەڵات لەو وڵاتە دا بەشدار بێ، پێویستە چیتر پرسی زۆرینە و بە کەمینە ناساندنی ئەو نەتەوانە نەمێنێ چونکە هەر نەتەوەیەک لە سەر خاکی خۆی زۆرایەتیە.
ئەرکی حیزب و گۆڕان لە چەمکی حیزبایەتی لە هەلومەرجی ئێستا دا، تەوەرێکی دیکەی باسەکەی هاوڕێ مستەفا شەڵماشی بوو. ئەو پێیوابوو کە ئەرکی حیزب لە هەلومەرجی ئێستا دا دروست کردنی کەسایەتیی نەتەوەییە و ئەو قۆناخە تێپەڕ بووە کە پێمان وابێ حیزب کۆمەڵە کەسێکە کە رێگای شاخی گرتۆتە بەر و قەرارە ئازادی و دێموکراسی بۆ نەتەوەکەی بە دیاری بێنێ. بەڵکو هەموو تاکەکانی نەتەوە دەبێ لە گەیشتن بە ئامانجەکان بەشدار بن و حیزب لە کۆمەڵانی خەڵک جودا نییە. بەڵام لەم نێوەدا ئەوە ئەرکی حیزبە کە سیاسەتی خۆی لە سەر بنەمای خواستەکانی خەڵک دابڕێژێ و خەڵک لە دارشتنی سیاسەتەکانی دا بەشدار بکا و هاوکات ئەرکی رێکخستن و مۆبیلیزە کردنی خەڵکی بۆ خەبات و تێکۆشانی لە ئەستۆیە.
بەڕێز کاک مستەفا شەڵماشی لە بەشێکی دیکەی وتەکانی دا باسی لە بێ داهاتوویی کۆماری ئیسلامی کرد و لەم بارەوە ئاماژەی بەو کێشە و ناکۆکیانە کرد کە رێژیم لە ئاستی ناوچە و جیهان دا بۆخۆی و بۆ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی پێکی هێناوە و هیچ شانسێکی بۆ مانەوەی خۆی لە هەلومەرجی ئەمڕۆی جیهانی دا نەهێشتۆتەوە.
بە دوای وتەکانی بەڕێزیان دا ژمارەیەک لە ئامادەبوان روانگە و بۆچوونەکانی خۆیان لە ناوەرۆکی وتەکان خستە بەر باس و چەندین پرسیاری جۆراوجۆرەیان هێنایە ئاراوە کە لە لایەن کاک مستەفا شەڵماشیەوە بە تەسەلی وڵام درانەوە.
سمینارەکە دوای دوو کاتژمێر بە سروودی خوایە وەتەن ئاوا کەی، لە لایەن کۆڕی هونەریی لاوانی رۆژهەڵاتەوە کۆتایی پێهات.
وێنەکانی ئەو سمینارە لێرەوە ببینە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1387 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact