. . . .


4 Nov 2011

راپۆرتی سیمیناری به‌ڕێز کاک خالید عه‌زیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێمو


کوردستان و کوردنیوز: رۆژی یه‌کشه‌ممه‌، 8 ی خه‌زه‌ڵوه‌ر کومیته‌ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له‌ وڵاتی ئاڵمان، سمینارێکی بۆ کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حێزبی دیمۆکراتی کوردستان پێک هێنا.
له‌و سمیناره‌دا که‌ به‌ به‌شداریی نوێنه‌رانی حیزبه‌ کوردستانی و که‌سایه‌تییه‌ سیاسی و رووناکبیره‌کانی کوردی نیشته‌جێی وڵاتی ئالمان و ده‌یان که‌س له‌ ئه‌ندامانی حیزبی دێموکرات له‌ وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ چوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، کاک خالید عەزیزی له‌ چوارچێوه‌ی سیاست و بیروبۆچوونی حیزب دا کۆمه‌ڵێک باسی تایبه‌ت به‌ دوایین ئاڵۆگۆڕه‌کانی ناوچه‌که‌ و پێشهاته‌ سیاسییه‌کانی ئێران و کوردستانی له‌ گه‌ڵ به‌شدارانی ئه‌م سمیناره‌دا هێنایه‌ گۆڕێ.
له‌ سه‌ره‌تای باسه‌که‌ی دا کاک خالید عه‌زیزی به‌ ئاماژه‌دا ن به‌ ناوه‌ڕۆکی سه‌رهه‌ڵدانه‌ گۆڕانخوازه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و باکووری ئافریقا، وتی که‌ خه‌باتی گه‌لانی دیکتاتۆر لێدراو که‌ داخوازییه‌کانیان له‌ سه‌ر بنه‌مای رێزدانان بۆ مافی مرۆڤ و رێز گرتن له‌ مافی گه‌لان بنیات نراوه‌ له‌ درێژخایه‌ن دا ئاکامی دڵخوازی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌.
به‌رێزیان له‌ درێژه‌ی قسه‌کانی دا باسی له‌ رۆل و کاریگه‌ریی کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌ویی له‌ سه‌رخستنی شۆرشه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی وڵاتانی باکووری ئه‌فریقا و عه‌ره‌بی دا کردو ئاماژه‌ی به‌و راستییه‌ مێژوویه‌ دا که‌ له‌ دونیای دوو جه‌مسه‌ری دا به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی مسکۆو واشنگتۆن له‌ سه‌رووی داخوازیی گه‌لانه‌وه‌ بوو و وتی: به‌ پێچه‌وانه‌ی قۆناغی شه‌ڕی سارد و کایه‌کانی نێوان دوو جه‌مسه‌ری واشنگتۆن و مسکۆ، ئه‌مڕۆکه‌ گه‌لانی رزگاریخواز ده‌توانن به‌ پشتیوانیی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌ویی گه‌وره‌ترین دیکتاتۆره‌کان به‌ چۆکدا بێنن و گۆڕانی بنچینه‌یی له‌ وڵاته‌کانیان دا پێک بێنن.
له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ دابینکردنی مافی گه‌لانی چه‌وساوه‌ له‌ وڵاتانی دیکتاتۆر لێدراودا به‌ پشتیوانیی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی، به‌رێز سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان رۆڵی تێکنۆلۆژی و که‌ره‌سته‌کانی پێوه‌ندی گرتنی به‌رز نرخاندوو وتی: په‌ره‌سه‌ندنی تێکنۆلۆژی و وه‌سایلی ئیرتباتات هۆکارێکی دیکه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چیدیکه‌ ده‌وڵه‌تان نه‌توانن چاوپۆشی له‌ مافی نه‌ته‌وه‌کان بکه‌ن و داخوازییه‌کانیان پشت گوێ بخه‌ن.
له‌ درێژه‌ی قسه‌کانی داو هه‌ر له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ رۆڵی وڵاتانی زلهێزو کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی دا کاک خالید عه‌زیزی رۆڵی وڵاتانی له‌ خێرایی به‌خشین به‌ له‌ نێوچوونی دیکتاتۆره‌کان له‌ وڵاتانی ئه‌فغانستان، عێراق، تونس و لیبیی به‌رز نرخاند و ئه‌م جۆره‌ یارمه‌تیانه‌ی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌ویی به‌ گه‌لانی ژیر ده‌سته‌ی به‌ قازانجی دابینکردنی مافی گه‌لان و په‌ره‌پێدان به‌ دێموکراسی وه‌سف کرد که‌ میلله‌تانی دیکه‌ش ده‌توانن به‌ پشت به‌ستن به‌ ئیرادی خۆیان بۆ وڵاته‌که‌یان که‌ڵکی لێوه‌رگرن.
له‌ به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م سمیناره‌ دا سکرتێری حیزبی دێموکرات له‌ ژێر خوێندنه‌وه‌ی حیزبه‌که‌ی دا بۆ ئاڵۆگۆره‌ بنچینه‌ییه‌کانی ئه‌م دوایانه‌ی ناوچه‌که‌، په‌رژایه‌ سه‌ر بارودۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆی ئێران و رایگه‌یاند که‌ چاره‌نووسی کاربه‌ده‌ستانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش به‌ده‌ر له‌ دیکتاتۆره‌ روخاوه‌کان نابێ .
به‌رێزیان له‌م پێوه‌ندییه‌دا وتی: له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌یکه‌ کاربه‌ده‌ستانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی به‌ رێبه‌ر و سه‌رۆکۆماره‌وه‌ وا نیشان ده‌ده‌ن که‌ پشتیوانی له‌ خه‌ڵکی وڵاتانی وه‌ک میسرو لیبی ده‌که‌ن و به‌ رووخانی حوسنی مباره‌ک و قه‌زافی خۆشحاڵن، به‌ڵام هیچ گومان له‌وه‌دا نیه‌ که بۆ خه‌ڵکی ئێران دیکتاتۆرن و چاره‌نووسیان هه‌ر وه‌ک دیکتاتۆره‌کانی لێ به‌سه‌ر دێت.
کاک خالید عه‌زیزی وتی: له‌ گه‌ل ئه‌وه‌یکه‌ رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌یه‌وێ به‌ قه‌یران خوڵقێنی له‌ ناوخۆی ئێران و له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وییدا بیروڕای کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ لاڕێدا به‌رێ و که‌یسی جۆراوجۆری ئه‌منییه‌تی بکاته‌وه‌و به‌ تۆپبارانکردنی سنووره‌کانی هه‌رێمی کوردستان مه‌زڵومنمایی بنوێنێ، به‌لام، ئه‌م ریژیمه‌ رۆژ له‌ گه‌ڵ رۆژ زیاتر ته‌ریک ده‌که‌وێته‌وه‌ و گومانی زیاتری له‌ سه‌ر ساز ده‌بێ.
له‌م پیوه‌ندییه‌دا به‌رێزیان به‌ باسکردن له‌ سه‌ر هه‌ڵسووکه‌وتی هێزه‌ ئه‌منییه‌تییه‌کانی رێژیم و بارودۆخی مافی مرۆڤ له‌ ئێران و کوردستان و هه‌روه‌ها گومانی کۆمه‌ڵگای نیونه‌ته‌وه‌یی له‌ په‌روه‌ندی هه‌سته‌یی رێژیم، وتیان که‌ ریژیمی کۆماری ئیسلامی نه‌ ته‌نیا بۆ نه‌ته‌وه‌کانی ئێران سیستمێکی مه‌قبوول نیه‌ ، به‌ڵکوو له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وییش دا وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێکی خۆ رێکنه‌خه‌رو ئاژاوه‌گێر سه‌یری ده‌کرێ.
به‌رێز سکرتێری حیزب له‌ به‌شێکی دیکه‌ی باسه‌که‌ی له‌م سمیناره‌ دا باسی له‌ جۆری ده‌سه‌ڵاتی داهاتووی ئه‌و وڵاتانه‌ کرد که‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ک ساڵی رابردوو دا به‌ره‌و رووی شۆرشی خه‌ڵکه‌که‌یان بوونه‌ته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری تێیاندا کۆتایی پێ هاتووه‌. به‌ریزیان به‌ پێچه‌وانه‌ی ئیدیعای رێبه‌رانی کۆماری ئیسلامی ئێران که‌ پێیان وایه‌ له‌م وڵاتانه‌دا رابوونێکی ئیسلامی رووی داوه‌و خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیی له‌ جۆری ریژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران داده‌مه‌زرێنن، پێی وایه‌ که‌ سیستمی داهاتووی ئه‌م وڵاتانه‌ جۆرێک له‌ ده‌سه‌ڵاتی مه‌زهه‌بیی میانه‌ڕه‌و تیایدا په‌یڕه‌و ده‌کرێ که‌ مه‌جال به‌ هه‌موو پیکهاته‌ سیاسیی و مه‌زهه‌بییه‌کان ده‌دات که‌ وڵاته‌که‌یان له‌ سه‌ر بنه‌مای پێکه‌وه‌ هه‌ڵکردن بنیات بنێنه‌وه‌.
"داهاتووی ریژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و شه‌پۆلی گۆرانکارییه‌کان و ره‌وتی هه‌ره‌سهێنانی دیکتاتۆره‌کان"، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی باسه‌که‌ی کاک خالید عه‌زیزی سکرتێری گستیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو. له‌م به‌شه‌ له‌ قسه‌کانی دا به‌رێزیان به‌ ئاماژه‌دان به‌ پشتیوانیی ریژیمی تاران له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆرییه‌که‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ سووریه‌ و کردنه‌وه‌ی چه‌ند دۆسییه‌یه‌کی قه‌یرانخولقینی وه‌ک بوردمانکردنی ناوچه‌ سنووره‌یه‌کانی هه‌یمی کوردستان،وتی: رێژیمی کۆماری ئیسلامی ده‌یه‌وێ به‌ جۆرێ خۆ له‌ له‌ ژێر ته‌وژمی شه‌پۆلی گۆڕانکارییه‌کان و به‌ تایبه‌ت ره‌وتی هه‌ره‌سهێنانی دیکتاتۆره‌کان رزگار بکات. به‌ڵام ئه‌وه‌ کارێکی محاڵه‌ و خه‌ڵکی ئێران په‌یامی گۆرانه‌کانیان وه‌رگرتووه‌و چاوه‌ڕوانی ده‌رفه‌تن.

له‌م به‌شه ‌له‌ قسه‌کانی دا کاک خالید به‌ ئاماژه‌دان به‌ سه‌رهه‌ڵدانی خه‌ڵکی سووریه‌ دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌شار ئه‌سه‌د، وێڕای به‌رز نرخاندنی رۆڵی خه‌ڵکی رۆژاوای کوردستان له‌م سه‌رهه‌لدانانه‌دا، وتی : ئاڵوگۆڕ له‌ سووریه‌ ده‌توانێ خێرایی به‌ گۆڕان له‌ ئێرانیش ببه‌خشێت و سه‌رنجه‌کان بۆ سه‌ر کۆماری ئیسلامی چرتر ببنه‌وه‌ که‌ بێگوومان له‌ قازانجی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانه‌.
داهاتووی چاره‌نووسی خه‌باتی خه‌ڵکی ئێران و چۆنیه‌تی درووستکردنه‌وه‌ی ئێران له‌ داهاتووداو هه‌روه‌ها شوێن و پیگه‌ی کورد له‌ داهاتووی ئه‌م وڵاته‌دا دوای کۆماری ئیسلامی، یه‌کێک له‌ باسه‌ ئه‌ساسییه‌کانی به‌رێز کاک خالید عه‌زیزی له‌م سمیناره‌دا بوو. به‌رێزیان له‌م به‌شه‌ له‌ باسه‌که‌یدا به‌ ئاماژه‌دان به‌ شۆرشی خه‌ڵکی ئێران له‌ سالی 1357ی هه‌تاویدا وتی: ئێمه‌ وه‌ک کورد له‌ شۆرشی ساڵی 57 دا دژ به‌ رێژیمی پاشایه‌تی موبارزه‌مان کرد به‌ڵام زۆری نه‌کێشا سه‌رکوت کراین و تا ئێستاش ئه‌م سه‌رکوته‌ هه‌روا به‌رده‌وامه‌. که‌وابوو کێشه‌ی ئێمه‌ ته‌نیا به‌ ئینقلاب کردن چاره‌سه‌ر ناکرێ. ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرینگه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ وه‌ک کورد له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر ئاڵوگۆرێک دا له‌ ئێران سوێن و پیگه‌مان چی لیدێ و چۆن ده‌بێ؟
کاک خالید عه‌زیزی هه‌ر له‌م پێوه‌ندییه‌دا وتی: ئێمه‌ هه‌م وه‌ک حیزبی دێموکرات و هه‌م وه‌ک کورد به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ داهاتووی ئێران. ئیمه‌ ئه‌گه‌ر له‌ لایه‌ک به‌ ئاڵوگۆڕکانی ناوچه‌ دلخۆشین، به‌ڵام به‌ وه‌زعیه‌تی خۆمان وه‌ک کوردو هێزه‌ سیاسییه‌کان نیگه‌رانین. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ته‌عامول و پێوه‌ندیمان له‌ گه‌ڵ یه‌کتر باش نه‌بێ له‌ داهاتووی ئێران و له‌ تاران دا چۆن ده‌توانین شوێن و پیگه‌ی خۆمان بچه‌سپینین. یه‌کریزی و پێکه‌وه‌ کارکردنمان، قورسایی کورد له‌ تاران و ناوه‌ند دیاری ده‌کات.
له‌م پێوه‌ندییه‌دا سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان جاره‌یکی دیکه‌ روو به‌ سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان که‌ نوینه‌رایه‌تی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆریان له‌ سمیناره‌که‌دا به‌شدار بوون ئاماده‌یی حیزبه‌که‌ی بۆ هه‌ر جۆره‌ هاوکارییه‌ک له‌ گه‌ڵ هێزه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان له‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دووپات کردوه‌. به‌رێزیان له‌م پێوه‌ندییه‌دا به‌ ئاماژه‌دان به‌ بڕیارنامه‌یه‌کی دوایین کۆبوونه‌وه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وتی: حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ دوایین پلینۆمی خۆی دا جارێکی دیکه‌ ئه‌و ئه‌رکه‌ی خستۆته‌ سه‌ر شانی خۆی که‌ بۆ ئاسایی کردنه‌وه‌ی نێوان هێزو لایه‌نه‌کانی کوردستان هه‌وڵ بدات.

هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتووی مه‌جلیسی شوڕای ئیسلامی ئێران و چۆنیه‌تی هه‌ڵوێست گرتن له‌م پێوه‌ندییه‌دا ته‌ورێکی دیکه‌ی باسه‌که‌ی سکرتێری حیزب، کاک خالید عه‌زیزی بوو که‌ له‌م پێوه‌ندییه‌دا وتی: ئێمه‌ وه‌ک هه‌میشه‌ له‌ چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان دا سه‌یری ئه‌و بابه‌تانه‌ ده‌که‌ین. بۆ ئێمه‌ وه‌ک حیزبی دێموکرات نه‌فسی ئه‌وه‌یکه‌ به‌ په‌له‌ ته‌حریمی بکه‌ین یا به‌ په‌له‌ ته‌ئیدی بکه‌ین زۆر گرینگ نیه‌. به‌لکوو ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ گرینگه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ هه‌ر دووی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌دا کورد له‌ ئێران چی ده‌ست ده‌که‌وێ، له‌ کوێ قه‌رار ده‌گرێ و چ مه‌وقعیه‌تێک بۆ خۆی دیاری ده‌کا. بۆیه‌ ئێمه‌ ‌ به‌ وردی خه‌ریکی موتالعه‌ی ئه‌و باسه‌ین.
له‌ دوایین به‌شی باسه‌که‌ی دا سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ چۆنیه‌تی ته‌عامول له‌ گه‌ڵ هێزه‌ ئێرانیه‌کان دا قسه‌ی بۆ به‌شداران کردو له‌م پیوه‌ندییه‌دا به‌ کورتی راو بۆچوونی حیزبه‌که‌ی به‌م شێوه‌یه‌ خسته‌ روو: ناکرێ له‌ داهاتوودا قسه‌ له‌ ئێرانێکی دێموکرات و یه‌کپارچه‌ بکرێ به‌لام رۆڵ و پێگه‌و مافی نه‌ته‌وه‌ی کوردو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی تێدا له‌ به‌ر چاو نه‌گیرابێ. له‌ کۆتاییدا ده‌ڵیم بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتووی ئێران دا کورد رۆلی خۆی هه‌بێ پێویسته‌ ریزه‌کانمان یه‌ک بخه‌ین.
شایانی باسه‌ که‌ دوای باسه‌که‌ی کاک خالید عه‌زیزی، ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌ ئاماده‌بووان که‌ له‌ نوێنه‌رانی هێزولایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان و ئه‌ندامانی حیزبی دێموکرات پیک هاتبوون به‌شدارییان له‌ باسه‌که‌ی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا کرد.
لێرەوە دەتوانن وێنەکانی ئەو سمینارە ببینن




بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1222 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact