. . . .


21 Oct 2011

وه‌ڵامێک بۆ کومیته‌ی ناوه‌ندیی رێکخراوی یه‌کیه‌تیی فیدائیانی گ?


له‌گه‌ڵ رێز و سڵاو و داوای لێبووردن به‌ بۆنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی به‌دره‌نگه‌وه‌ی نامه‌ی سه‌رئاوه‌ڵای 9/ 6/ 1390ی ئێوه‌، سه‌رنجی ئێوه‌ به‌ڕێزان بۆ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ راده‌کێشین:
وێرای ئاماژه‌ به‌ به‌یاننامه‌ی 14ی خه‌رمانان( 5ی سێپتامبری 2011)ی حیزبی ئێمه‌، نووسیوتانه‌: "له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا داوا له‌ وڵاته‌ به‌هێزه‌کانی ده‌ره‌وه‌ کراوه‌ بێنه‌ یارمه‌تیی خه‌ڵکی کورد بۆ ئه‌وه‌ی کورده‌کان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌ته‌ زۆرداره‌کان رزگار بکه‌ن." (زه‌قکردنه‌وه‌کان له‌ هه‌موو شوێنێک هی ئێمه‌ن.)
ئه‌رێ به‌راست ئه‌م ئیدیعایه‌تان له‌ کام به‌شی به‌یاننامه‌که‌ی حیزبی ئێمه‌ وه‌رگرتوه‌‌؟ چونکه‌ فاکتێک که‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ له‌ زمانی به‌یاننامه‌ی حیزبی ئێمه‌وه‌ هێناوتانه‌وه‌‌، ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌یه‌ که‌ به‌ که‌مێك تێڕامان و لێوردبوونه‌وه‌ی، بۆ هه‌مووان ده‌رده‌که‌وێ که‌ نه‌ رووی له‌ "وڵاته‌ به‌هێزه‌کانی ده‌ره‌وه‌"یه‌ و نه‌ باسێك له‌ "رزگار کردن له‌ ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌ته‌ زۆرداره‌کان"ی تێدا هاتوه‌. ئه‌مه‌ش ده‌قی ده‌سته‌واژه‌که‌یه‌‌:
"ئێمه‌ وێڕای خۆشحاڵیی له‌ سه‌رکه‌وتنی خه‌باتی خه‌ڵکی لیبی و پێشوازی له‌ بڕیاری1973ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌ پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا، داوا ده‌که‌ین ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان هه‌ر به‌ پشت به‌ستن به‌ ئه‌سڵی "به‌رپرسایه‌تیی پارێزگاری" مه‌ترسیی گه‌له‌کۆمه‌گیی ده‌وڵه‌ته‌کان و سه‌رکوتی ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورد‌ وه‌لا به‌رن."
هه‌روه‌ک ده‌بینن به‌رده‌نگی ئێمه‌، رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان وه‌ک مه‌رجه‌عێکی خاوه‌ن سه‌لاحییه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یییه‌ و داوای ئێمه‌ش نه‌هێشتنی سه‌رکوت و له‌شکرکێشییه‌. هه‌ر له‌جێدا فه‌لسه‌فه‌ی پێکهاتنی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانیش راگه‌یشتن به‌ داخوازی زۆرلێکراوان و مه‌ینه‌ت چێشتووانه‌، ئه‌گینا زۆرداران پێویستییان به‌ داوای یارمه‌تی له‌ دامه‌زراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان نییه‌ و هه‌رکات بیانه‌وێ ده‌توانن ماڵ و هێلانه‌ی خه‌ڵكی زۆرلێکراو به‌سه‌ر دانیشتووانیان دا بڕوخێنن.
له‌ جێیه‌کی دیکه‌ی نامه‌ سه‌رئاوه‌ڵاکه‌تان دا، حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌م هۆیه‌وه‌ سه‌رکۆنه‌ کراوه‌ چونکه‌ ئه‌و سته‌مانه‌ی وه‌بیر هێناونه‌وه‌ که‌ له‌ رابردوودا له‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد کراون و ئاماژه‌ی به‌ خه‌باتی دوور و درێژی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ له‌رێگای گه‌یشتن به‌ مافی دیاریکردنی چاره‌نووس دا کردوه‌. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م کاره‌ له‌ لایه‌ن ئێوه‌وه‌ به‌ جۆرێک ترازان له‌ پره‌نسیپه‌کانی حیزب و پشتکردن له‌ رێبازی رێبه‌رانی شه‌هیدی حیزبیش دانراوه‌. به‌ڕاستی بۆ ئێمه‌ جێگای داخه‌ که‌ نزیکترین دۆستانی ئێمه‌، سه‌باره‌ت به‌ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی مه‌ینه‌ته‌ مێژووییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد، ره‌خنه‌مان لێ بگرن. به‌ڵام ئه‌وه‌ که‌ ئایا وه‌رسووڕان له‌ سیاسه‌تی حیزبی ئێمه‌دا رووی داوه‌ و به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان له‌ رێبازی رێبه‌رانی شه‌هیدمان دوور که‌وتووینه‌وه‌، جێگای لێوردبوونه‌وه‌ و هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ر کردنه‌. شتێکی زۆر سروشتییه‌ که‌‌ هه‌ر حیزبێک به‌ پێی هه‌لومه‌رجی سه‌رده‌می خه‌باته‌که‌ی، دروشمه‌کان و رێبازی سیاسیی خۆی بگۆڕێ. به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ هیچ چه‌شنه‌ گۆڕانێک له‌ رێبازی سیاسیی حیزبی ئێمه‌ دا پێک نه‌هاتوه‌ و وه‌ک ده‌ڵێن شته‌که‌‌ ‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه که‌ پێشتر بووه‌‌. له‌ نزیک به‌ نیو سه‌ده‌ له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ مافی دیاریکردنی چاره‌نووس، ماده‌ی یه‌که‌می به‌رنامه‌ی حیزبی ئێمه‌یه‌ و له‌ گشت کۆنگره‌کانی حیزبیش دا پێی له‌ سه‌ر داگیراوه‌ته‌وه‌. ته‌نیا وه‌ک نموونه‌ به‌شێک له‌ ماده‌ی یه‌که‌می به‌رنامه‌ی حیزب، په‌سندکراوی کۆنگره‌کانی سێیه‌م و پازده‌یه‌متان وه‌بیر دێنینه‌وه‌:
"حیزبی دیموکراتی کوردستان له‌ پێناوی... و دابینکردنی مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی گه‌لی کورد له‌ کوردستانی ئێران دا خه‌بات ده‌کا". (به‌رنامه‌ی په‌سندکراوی کۆنگره‌ی سێیه‌م، ره‌زبه‌ری 1352)

ماده‌ی یه‌که‌م: ئامانج و پره‌نسیپه‌ سه‌ره‌کییه‌کان
1ـ ئامانجی حیزبی دیموکراتی کوردستان وه‌دیهێنانی مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌.
(به‌رنامه‌ی په‌سندکراوی کۆنگره‌ی پازده‌یه‌م، جۆزه‌ردانی 1390)

به‌م جۆره‌ ده‌رده‌که‌وێ که‌ دروشمه‌کانی حیزبی ئێمه‌ نه‌گۆڕاون و ئێمه‌ش له‌ رێبازی رێبه‌رانی شه‌هیدمان لامان نه‌داوه‌. به‌ڵام رێگا بده‌ن ئێمه‌ وه‌بیر ئێوه‌ی بێنینه‌وه‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ڵسوکه‌وتتان به‌رامبه‌ر به‌م بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ رێبازه‌ پێشکه‌وتنخوازانه‌که‌تان له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ‌ مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی گه‌لان به‌ هیچ جۆر یه‌ک ناگرێته‌وه‌. ئێوه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ ته‌نانه‌ت له‌م نامه‌ سه‌رئاوه‌ڵا‌یه‌شتاندا له‌سه‌ر باوه‌ڕتان به‌ مافی دیاریکردنی چاره‌نووس پێ داده‌گرنه‌وه‌، که‌چی لۆمه‌ی ئێمه‌ ده‌که‌ن که‌ خه‌باتی خه‌ڵکی کوردستان له‌پێناوی ده‌سته‌به‌ر کردنی مافی دیاریکردنی چاره‌نووسمان وه‌بیر هێناوه‌ته‌وه‌ و ئه‌م کاره‌ش به‌ نیشانه‌ی داوای "پێکهێنانی وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی، پێکهاتوو له‌ چوار وڵاتی ئێران ، عێراق، سووریه‌ و تورکیه‌" داده‌نێن که‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک وانییه‌. به‌راستی تێگه‌یشتنێکی ئه‌وتۆ له‌گه‌ڵ باوه‌ڕی ئێوه‌ به‌ مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی گه‌لی کورد تا ئاستی جیابوونه‌وه‌ له‌ ئێران، که‌ زۆر جار پێتان له‌سه‌ر داگرتو‌ه‌، دێته‌وه‌؟! ره‌نگه‌ وڵامی ئێوه‌ ئه‌وه‌ بێ که‌ هه‌بوونی مافێک حه‌تمه‌ن به‌ مانای که‌ڵک لێ‌وه‌رگرتنی نییه‌. به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ باوه‌ڕتان به‌وه‌ش هه‌یه‌ که‌ ناکرێ هیچ که‌سێک به‌ تاوانی که‌ڵکوه‌رگرتن له‌ مافی خۆی له‌ سێداره‌ بدرێ و ته‌کفیر بکرێ. ئه‌وه‌ش به‌ جێی خۆی که‌ داوایه‌کی له‌م چه‌شنه‌ به‌ هیچ جۆرله‌‌و به‌یاننامه‌یه‌ دا نه‌هاتوه‌.
پرسیار ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ که‌یه‌وه‌ باسکردن له‌ راستییه‌ مێژووییه‌کان بووه‌ به‌ گوناحێکی گه‌وره‌؟! ئایا ئێوه‌ حاشا له‌و راستییه‌ ده‌که‌ن که‌ سه‌رزه‌ویی کوردستان له‌ پاش شه‌ڕی چالدێران له‌ نێوان دوو ئیمپراتۆریی ئێران و عوسمانی دا دابه‌ش کراوه‌‌ و پاش شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانییش دووباره‌ له‌ نێوان وڵاتانی ئێران، عێراق، تورکیه‌ و سووریه‌ دا دابه‌ش کراوه‌ته‌وه‌؟ وای داده‌نێین که‌ باسی مافی کورده‌کان بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی دووباره‌ی ئه‌م پارچانه‌ش کرابێ، بۆچی ده‌بێ پیرۆزبایی یه‌کگرتنه‌وه‌ی وڵاته‌ دابه‌شکراوه‌کانی دیکه‌ بکه‌ین، به‌ڵام باس له‌ یه‌کگرتنه‌وه‌ی دووباره‌ی وڵاتی کوردان، بکه‌وێته‌ به‌ر له‌عنه‌ت؟!
ته‌نیا وه‌ک باسکردن له‌ راستییه‌ک لێره‌دا له‌سه‌ر سیاسه‌تی هه‌میشه‌یی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێ داده‌گرینه‌وه‌ که‌ نه‌ لایه‌نگری هێرش نیزامیی هیچ وڵاتێکی ده‌ره‌کی بۆ ئێرانین و نه‌ ئه‌رکی رزگاریی ئێران و دابین کردنی مافه‌ ره‌واکانی خه‌ڵکی کوردستان به‌ که‌سێکی دیکه‌ جیا له‌ تێكۆشه‌رانی رێگای رزگاری له‌ کوردستان و سه‌رتاسه‌ری ئێران ده‌سپێرین.. به‌ڵام هه‌ر له‌و کاته‌ش دا له‌و "خه‌باتگێڕانه‌"‌ش نین که‌ ئاماده‌ن له‌ پێناوی به‌رگریکردن له‌ ده‌سه‌ڵاتی دژه‌مرۆیانه‌ی کۆماری ئیسلامی دا له‌ دژی هاونیشتمانه‌ سه‌ربه‌ستیخوازه‌کانی خۆیان شه‌ڕ بکه‌ن که‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئێوه‌ش له‌وان‌ نین.
له‌ کۆتایی دا ئه‌م راستییه‌ وه‌بیر دێنینه‌وه‌ که‌ حیزبی دیموکراتی کوردستان نه‌ له‌ ترسی هیچ هێز و ده‌سه‌ڵاتێک، خه‌بات بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی دیموکراسیی له‌ ئێران دا کردوه‌ به‌ درووشمی ستراتێژیکی خۆی، نه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی دڵی هیچ که‌سێکیش. ئه‌م بابه‌ته‌ به‌رهه‌می تێفکرین و قووڵبوونه‌وه‌ له‌ بارودۆخی زه‌مانی و مه‌کانیی خه‌باتی خه‌ڵکی کورده‌ و ته‌نیا له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌و خه‌ڵکه‌ دایه‌. ئه‌گه‌ر جیا له‌وه‌ بوایه‌ حیزبی‌ ئێمه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی بترسێ دروشمێکی دیکه‌ی به‌رز ده‌کرده‌وه‌. چونکه‌ پێمان وایه‌ که‌ له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ڵگرتنی دروشمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیشدا، نه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران زه‌بر و زه‌نگ و سه‌رکوتیکی له‌وه‌ زیاتریان له‌ کوردستاندا به‌ڕێوه‌ ده‌برد، و نه‌ نه‌یارانی دابینکردنی ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، بوختان و جنێوێکی دیکه‌یان به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌بوو که‌ پێشکێشی‌ خه‌باتکارانی کوردی بکه‌ن.
به‌و هیوایه‌ی ئه‌و راست‌وێژی و روونبێژییه‌ی ئێمه‌ له‌ قسه‌کانمان دا ببێته‌ هۆی لێک تێگه‌یشتنی زیاتر ‌ و قووڵبوونه‌وه‌ و گه‌شه‌ی زیاتری پێوه‌ندیی ‌ خه‌باتگێڕانه‌ی حیزبی دیموکرات و تێکۆشه‌رانی دیکه‌ی رێگای رزگاریی ئێران.
وێڕای رێز و سڵاوی دووباره،‌
ده‌فته‌ری سیاسیی
حیزبی دیموکراتی کوردستان
28/7/1390
20/10/2011

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1576 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact