. . . .


12 May 2011

کۆبوونەوەی حیزب ورێکخراوە سیاسیەکانی کوردستانی لە وڵاتی فینلاند


لە درێژەی کار و چالاکییەکانی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسیەکانی کوردستان لە فینلاند، رۆژی ٩ی مەی ٢٠١١ بە بەشداری نزیک بە تەواوی لایەنەکانی ئەندام لەو پێکهاتەیە، کۆبوونەوەی خۆی گرێ دا.

سەرەتای کۆبوونەوە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێگەی رزگاری کورد و کوردستان دەستی پێکرد. پاشان خشتەی کاری کۆبوونەوە لە لایان بەڕێز کەریم رەسوڵی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەرپرسی دەورەیی کۆمیتە راگەیەنرا ندراکە بریتی بوون لەم خاڵانەی خوارەوە.
هەڵسەنگاندنی تێکۆشانی کۆمیتەی هاوکاریی لە نێوان دوو کۆبوونەوەدا
دانانی بەرنامە و پەیرەوەی نێوخۆ

کۆبوونەوە بە کورتە راپۆرتێک کە لەلایەن کەریم رەسولی ئامادە کرابوو و پێشکێش بە ئامادە بووان کرا درێژەی بە کارەکانی دا، لە راپۆرتەکە دا باسی هەموو ئەم چالاکیانە کرابوو کە کۆمیتە بە هاوکاری هەموو لایەک لە مەودای نێوان دوو کۆبوونەوەی دوایی خۆی بە ئەنجامی گەیاند بوون لەوانە کاری هاوبەشی حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان لە چەند بۆنەی نەتەوەیی و پەیامی هاوبەش.

پاشان نوێنەرانی هەر کام لە لایەنەکانی بەشدار راو بۆچوونی خۆیان لەمەڕ کاری ئەم کۆمیتەیە دەربری و کۆمەڵێک پێشنیاری بە سوود بۆ دەوڵەمەند کردنی کارو و تێکۆشانی داهاتووی کۆمیتەیان هێنایە بەر باس.

بەشی دووهەمی کاری کۆبوونەوە بۆ باس لە سەر ئاییننامە و پێرەوی ناوخۆی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسیەکانی کوردستان لە فینلاند تەرخان کرابوو کە لەو بەشەدا سەرجەم ئامادەبوان بە گەرمی بەشداریی باسەکەیان کرد بۆ پەسەند کردنی ئایینامە و پێرەوی نێوخۆ کە پێشتر گەڵاڵە کرابوو. دوا جاریش دوای رەچاوکردنی سەرنج و تێبینیەکان، پێڕەوی ناوخۆی بە دەنگی تێکرای لایەنەکانی بەشدار پەسەند کرا.
لە کۆبوونەوەدا هەروەها کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسیەکانی کوردستان لە فینلاند بەرپرسی دەورەیی کۆمیتەی راسپارد کە بە زووترین کات نامەیەک ئاراستەی ئەو حیزب و رێکخراوانە بکات کە تاکوو ئێستا بە هۆکاری تایبەت بە خۆیان لە دەرەوەی ئەم کۆمیتەیە دان و بۆ پەیوەست بوونەوەیان بە کۆمیتەکە بانگهێشتیان بکا.
کۆبوونەوە دوای چوار کاتژمێر کاری بەردەوام ساعات ٩ی ئێوارە کۆتایی بە کارەکانی هێنا

شایانی گووتنە کە ئەم کۆبوونەوە بە میوانداریەتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بەرێوەچوو.

‌لایەنەکانی بەشدار لەم گردبوونەوەیە:
یەکیەتی نیشتمانی کوردستان
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
پارتی دێموکراتی کوردستان
بزووتنەوەی دێموکراتیکی یارسان
کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
حیزبی دێموکراتی کوردستان
k-hawkari.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1308 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact