. . . .


18 Feb 2011

به‌یاننامه: هه‌ڵوێستمان له‌باره‌ی رووداوه‌کانی ئه‌م دوایانه?


رووداوی جیگای داخی 17/2/2011 ی شاری سلێمانی و گرژییه‌کانی سه‌رچاوه‌گرتوو له‌م رووداوه ، بۆ هه‌موو هێزو لایه‌ن و تاکێکی دڵسوز و نیشتمانپه‌روه‌ری کورد مایه‌ی په‌روشی و نیگه‌رانین.
گومانی تێدا نییه‌که ‌ده‌سکه‌وته‌کانی کورد له‌هه‌رێمی کوردستان و عێراق هه‌م ئاکامی ره‌نج و خه‌باتی دوور ودرێژی هه‌موو هێزه‌وڵاتپارێزه‌کانی ئه‌م به‌شه‌ی کوردستان و هه‌م جێگه‌ی هومێدی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستانن. هه‌ر بۆیه‌ سروشتییه ‌که ‌هه‌ر چه‌شنه ‌قه‌یرانێک و حاڵه‌تێک که‌ئه‌م ده‌سکه‌وتانه‌ بخاته‌مه‌ترسییه‌وه‌، ده‌بێته‌مایه‌ی نیگه‌رانیی هه‌موو لایه‌نێکی دڵسۆز.
له‌ روانگه‌ی دڵسۆزیمان بۆ به‌رژه‌وه‌نده ‌نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و نیگه‌رانیمان له‌ ئه‌نجامی ئه‌م جۆره ‌رووداوانه‌، سه‌رنجی لایه‌نه ‌پێوه‌ندیداره‌کان به‌تایبه‌تی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌ریم، حکوومه‌ت وپارڵمانی کوردستان و هە موو حیزب و لایەنە دەسەڵاتبەدەسته‌کان و ئۆپۆزیسیۆن بۆلای ئه‌سته‌مبوون و هه‌ستیار بوونی بارودۆخه‌که‌و پێویستیی چاره‌سه‌رکردنی به‌په‌له‌ی گیروگرفتەکە راده‌کێشین. وه‌بیر دێنینه‌وه ‌که‌ دوژمنانی جۆراوجۆری ده‌سکه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌یییه‌کانی کورد له‌هه‌رێمی کوردستان، له‌هه‌ر ده‌رفه‌تێک بۆ زه‌بر لێدان و له‌بار بردنی ده‌سکه‌وته‌کان له‌بۆسه‌دان و ئه‌وه‌ش له‌حاڵێکدایه ‌که سه‌رۆکایه‌تی و حکوومه‌ت و پارڵمانی هه‌رێم به‌رهه‌می هه‌ڵبژاردنی ئازاد و ئیراده‌ی خه‌لکن و ‌پاراستنی ئه‌زموونی هه‌رێمی کوردستان و ده‌وڵه‌مه‌ندتر کردن و قووڵتر کردنه‌وه‌ی نێوه‌رۆکی نیشتمانی ودێموکراتیکی ئه‌م ئه‌زموونه‌، ئه‌رکی هه‌موو لایه‌که. هه‌ر بۆیه‌پێویسته ‌به‌په‌له ‌هه‌م پێش به ‌ته‌شه‌نه‌کردنی ئاڵۆزییه‌کان بگیرێ و هه‌م به‌رێگای دیالۆگ و شارستانییانه‌، هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی گرفت وکه‌م وکورییه‌کان بدرێ.
ئێمه ‌له ‌کاتێکدا هێنانه‌گۆڕی که‌م و کوڕییه‌کان و ده‌ربڕینی ره‌خنه‌و ناره‌زایه‌تییه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی مه‌ده‌نی و هێمنانه ‌به‌مافی ره‌وای خه‌ڵک ده‌زانین، هێرش بۆ سه‌ر بنکه‌و باره‌گا حکوومی و حیزبییه‌کان و زیان پێگه‌یاندنیان له‌لایه‌ن هه‌ر لایه‌نێکه‌وه‌بێ، به‌ناته‌با له‌گه‌ڵ بەرژەوەندە نەتەوەییەکان، دیموکراسی و مافی مرۆڤ و رێوشوێنه‌کانی خه‌باتی مه‌ده‌نی ده‌زانین. هه‌ر له‌وکاته‌ش ‌دا پێمان وایه‌ هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ری که‌م وکوڕییه‌کان و گوێگرتن له‌ره‌خنه‌و ناره‌زایه‌تییه‌کان ده‌بێ پترو به‌رچاوتر بێ، بۆ ئه‌وه‌ی شانبه‌شانی پێشگیری له‌ دووپاتبوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌رووداوه ‌دڵته‌زێنانه‌، پێشی د‌رز تێکه‌وتنی زیاتری بزووتنه‌وه‌ی نیشتمانیی کورد له‌م به‌شه‌ی کوردستان بگیرێ و هه‌رێمی کوردستان له‌سێبه‌ری هێمنی و ته‌بایی و یه‌کیه‌تی دا، به‌ره‌و پێش بچێ.
به‌م هیوایه‌،
حیزبی دیموکراتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
29 رێبه‌ندانی1389
18/2/2011

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1686 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact