. . . .


28 Nov 2010

كۆنفڕانسێك له‌ ژێر ناوی‌ ئێران له‌ ساڵی 2010دا به‌ڕێوه‌ چوو


ڕۆژی 27ی‌ نوامبری‌2010 كۆنفڕانسێك له‌ ژێر ناوی‌ (ئێران له‌ ساڵی 2010دا ) له‌ لایه‌ن ئه‌نیستیتۆی‌ كورد له‌ پاریس به‌ به‌شداریی ده‌یان كه‌سایه‌تی ئه‌ده‌بی, سیاسی و ڕۆژنامه‌نووسی به‌ڕێوه‌چوو, كۆنفڕانسه‌كه‌ كاتژمێر 9:30 خوله‌كی‌ سه‌ر له‌به‌یانی ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد و هه‌ر یه‌ك له‌ جاناتان ڕانداڵ ڕۆژنامه‌نووسی پێشووی‌ واشنگتۆن پۆست , دوكتور هاشم ئه‌حمه‌دزاده‌ یاریده‌ده‌ر له‌ زانكۆی (exert)ی بریتانیا, كریستیه‌ن برۆمبێركێر مامۆستای نه‌ته‌وه‌ناسی له‌ زانكۆی پرۆڤه‌نس , تییه‌ری‌ كۆڤیل مامۆستای زانكۆی‌ نیژۆسێ ئادڤانسێ له‌ پاریس و ئه‌حمه‌د سلاَمه‌تیان نوێنه‌ری‌ پێشووی‌ مه‌جلیسی شووڕای ئیسلامیی‌ ئێران بابه‌تیان پێشكه‌ش كرد و به‌ گشتی باسیان له‌ دۆخی‌ ئه‌م دواییانه‌ی‌ ئێرانی ژێر ده‌سه‌لاَتی‌ ڕێژیمی‌ ئیسلامی كرد و تیشكیان خسته‌ سه‌ر ئه‌و زوڵم و زۆرانه‌ی‌ به‌ تایبه‌تی‌ ده‌ر حه‌ق به‌ نه‌ته‌وه‌كان و یه‌ك له‌ وان گه‌لی‌ كورد ده‌كرێ‌ , له‌ به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ قسه‌كانی‌ به‌شدارانی‌ كۆنفڕانسدا باس له‌و ئاڵۆزیانه‌ كرا كه‌ دوای‌ كۆدتای هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ركۆماری‌ له‌ ئێراندا هاتنه‌ ئاراوه‌ و له‌م به‌شه‌دا هاشمی‌ ئه‌حمه‌دزاده‌ له‌ پێوه‌ندی‌ له‌ گه‌ڵ سیاسه‌تی‌ حیزبه‌كوردییه‌كان به‌رانبه‌ر به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ته‌نیا دوو حیزبی سه‌ره‌كی‌ و جیددی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیان بایكۆت نه‌كرد و پارته‌كانی‌ دیكه‌ هه‌موو وه‌ك سالاَنی‌ پێشوو بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كانیان كرد .
له‌ دوانیوه‌ڕۆی‌ كۆنفڕانسه‌كه‌دا هه‌ر یه‌ك له‌ مارك سێمۆ ڕۆژنامه‌وان له‌ رۆژنامه‌ی‌ لیبراسیۆنی‌ فه‌ڕانسه‌ , هه‌میت بۆزارسلان لێكۆڵه‌ر له‌ زانكۆی‌ (ehess), بێرنارد ئۆركارد له‌ ناوه‌ندی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ (cnrs) له‌ پاریس و عه‌بدولكه‌ریم لاهیجی‌ جێگری‌ به‌رپرسی فیدراسیۆنی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ بۆ پشتیوانی‌ له‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ و واڵتێر پۆش بۆ لیِكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئاسایشی یه‌كێتی‌ ئوررووپا بابه‌تیان پێشكه‌ش كرد.له‌ بابه‌ته‌كانی دوا نیوه‌ڕۆی كۆنفڕانسدا به‌شداران باسیان له‌ ده‌سه‌لاَتی‌ ڕێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ و ئه‌و توند و تیژیانه‌كرد كه‌ ده‌ر حه‌ق به‌ چالاكانی‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كان و نه‌ته‌وه‌كانی‌ كورد , به‌لووچ, ئازه‌ری‌ و عه‌ره‌ب ده‌كرێ‌.
له‌ بابه‌ته‌كاندا باس له‌ سێداره‌دانی‌ لاوانی‌ كورد و یه‌ك له‌وان فه‌رزادی‌ كه‌مانگه‌ر و هاوڕێكانی‌ كرا و به‌ گشتی حوكمی‌ سێداره‌و سه‌نگساریان به‌ نامرۆڤانه‌ له‌ قه‌ڵه‌م دا.له‌ به‌شێكی‌ دیكه‌دا كورته‌ باسێك له‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی ولاَتانی‌ دنیا له‌ به‌رانبه‌ر
ڕێژیمی‌ ئێراندا پێشكه‌ش كرا كه‌ پێویسته‌ ئه‌و ڕێژیمه‌ ڕۆژبه‌ڕۆژ زیاتر بخرێته‌ پراوێژ و ئابلۆقه‌وه‌ , پێویسته‌ بگوترێ هه‌ریه‌ك له‌ جه‌ماڵ پووركه‌ریم به‌رپرسی كۆمیته‌ی‌ حیزب له‌ فه‌ڕانسه‌و شلێرده‌روێشی‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نیستیتۆی‌ كورده‌وه‌ بۆ ئه‌م كۆنفڕانسه‌ بانگهێشتن كرابوون و ئاماده‌ی‌ كۆنفڕانسه‌كه‌ بوون.
به‌رپرسی كومیته‌ی‌ حیزب له‌ ولاَتی‌ فه‌ڕانسه‌ له‌ په‌راوێزی‌ ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا
چاوی‌ كه‌وت به‌ دكتۆر كه‌نداڵ نزان به‌رپرسی ئه‌نیستیتۆی‌ كورد له‌ فه‌ڕانسه‌ و دوكتور هاشم ئه‌حمه‌دزاده‌ مامۆستای زانكۆ له‌ بریتانیا و دوكتور كه‌ریمی‌ لاهیجی‌
چالاكی‌ مافی‌ مرۆڤ و جێگری‌ به‌رپرسی فیدڕاسیۆنی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ بۆ پشتیوانی‌ له‌ مافه‌كانی مرۆڤ له‌ ئێران و هه‌ڵوێستی‌ حدك له‌ سه‌ر پشتیوانی له‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ و چالاكانی‌ بواره‌ جۆراو جۆره‌كاندا ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا كرا . شایانی‌ باسه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ كاتژمێر 6ی‌ ئێواره‌ كۆتایی پێهات.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1015 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact