. . . .


9 Oct 2010

به‌ڕێوه‌چوونی‌ كۆنفرانسی‌ "نه‌هێشتنی‌ سزای‌ ئێعدام" له‌ پار?


فه‌ڕانسه‌ - ناوه‌ندی هه‌واڵ : له‌ به‌ره‌به‌ری‌ 10ی‌ ئۆكتۆبر، رۆژی‌ جیهانیی‌ خه‌بات بۆ نه‌هێشتنی‌ سزای‌ ئێعدام، ناوه‌ندی‌ پارێزه‌رانی‌ پاریس و ئه‌نجومه‌نی‌ فه‌رانسه‌ویی‌ "به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌ دژی‌ سزای‌ ئێعدام" (ECPM) به‌ بۆنه‌ی‌ ده‌ ساڵه‌ی‌ دامه‌زرانی‌ ئه‌م رێكخراوه‌ كۆنفرانسێكی‌ به‌رینیان پێك هێنا كه‌ كۆمیته‌ی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان له‌ فه‌رانسه‌ یه‌كێك له‌ میوانه‌كانی‌ ئه‌م كۆنفرانسه‌ بوو.
كۆنفرانسه‌كه‌ كاتژمێر 7ی‌ دوانیوه‌ڕۆی‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌ 8ی‌ ئۆكتۆبر له‌ بنكه‌ی‌ سه‌ره‌كیی‌ ناوه‌ندی‌ پارێزه‌رانی‌ پاریس و به‌ به‌شداری‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر كه‌سایه‌تی‌ و چالاك و لایه‌نگری‌ فه‌رانسه‌ویی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ و به‌ ئاماده‌بوونی‌ رۆبێرت بادینتێ‌ كه‌سایه‌تیی‌ ناسراو و چالاكی‌ بواری‌ مافی‌ مرۆڤ بۆ نه‌هێشتنی‌ حوكمی‌ ئێدام، نیكۆلاس بورسیه‌ رۆژنامه‌نووسی‌ ناسراوی‌ رۆژنامه‌ی‌ لۆمۆند و ئوستاد ژان ئیویس لێبۆرنیه‌ پارێزه‌ری‌ به‌ ناوبانگ ده‌ستی‌ به‌ كاره‌كانی‌ كرد.
به‌شداربووانی‌ كۆنفرانسه‌كه‌ هه‌ر كام له‌ روانگه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ و به‌ پێی‌ ئه‌زموونی خۆی‌ له‌ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ حوكم یان مه‌حكوومانی‌ ئێعدام له‌ شوێنه‌ جیاجیاكانی‌ جیهان باسیان له‌ خراپی‌ و نائینسانی‌ بوونی‌ ئێعدام كرد. له‌ وتاره‌ پێشكه‌شكراوه‌كانی‌ كۆنفراسه‌كه‌دا به‌ شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو باس له‌ بوونی‌ حوكمی‌ ئێعدام له‌ چین، ئێران و ئامریكا كرا و لایه‌ن و هۆكاره‌ جۆراوجۆره‌كانی‌ كه‌ڵك وه‌رگرتنی‌ ده‌وڵه‌ته‌كان له‌م حوكمه‌ له‌ هه‌ر كام له‌م وڵاتانه‌دا كرا و، تێكڕای‌ به‌شداربووان پێیان له‌سه‌ر ئه‌ركی‌ ده‌وڵه‌تی‌ فه‌رانسه‌ وه‌ك ناوه‌ندی‌ مافی‌ مرۆڤ بۆ گوشار هێنان له‌پێناو نه‌هێشتنی‌ حوكمی‌ ئێعدام له‌ جیهان‌دا داگرته‌وه‌.
ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا وتاریان پێشكه‌ش كرد بریتی‌ بوون له‌:
1) ساندرین ئاژۆرگێ‌: ئه‌ندامی‌ به‌ڕێوه‌به‌ریی‌ ECPM و هاوسه‌ری‌ هانك سكینێر كه‌ پێشتر له‌ ویلایه‌تی‌ تێگزاسی‌ ئامریكا حوكمی‌ ئێعدامی‌ به‌سه‌ردا سه‌پابوو.
2) ئانتۆنی‌ شاهین: خانمی‌ لوبنانی‌ كه‌ پێشتر له‌ لوبنان به‌ ئێعدام مه‌حكووم كرابوو.
3) رافائێل شۆنویل هازان: به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ECPM
4) گلۆریا كیلیان: خانمی‌ ئامریكایی‌ كه‌ پێشتر له‌ ئامریكا حوكمی‌ ئێعدامی‌ به‌سه‌ردا سه‌پابوو.
5) محه‌ممه‌د مسته‌فایی‌: پارێزه‌ری‌ سه‌كینه‌ محه‌ممه‌دی‌ ئاشتیانی‌ كه‌ له‌ ئێران به‌ سه‌نگسار مه‌حكووم كراوه‌.
6) ریچارد سێدیلۆت: ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ریی‌ ECPM
7) فرانسوا زیمیرای‌: سه‌فیری‌ سویس له‌ فه‌رانسه‌ بۆ كاروباری‌ مافی‌ مرۆڤ
8) ئاقای‌ مه‌حموود ئه‌قده‌م: له‌ لایه‌ن رێكخراوی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ ئێران له‌ نۆروێژ

له‌ به‌شی‌ ئێران‌دا كه‌ هه‌م نوێنه‌ری‌ رێكخراوی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ ئێران له‌ نۆروێژ و هه‌م محمه‌د مسته‌فایی‌ وتاریان پێشكه‌ش كرد، به‌ وردی‌ باس له‌ پێشێلكرانی‌ به‌رینی‌ مافی‌ مرۆڤ و زۆربوونی‌ رێژه‌ی‌ حوكمی‌ ئێعدام له‌ دژی‌ ژنان و منداڵان و دژبه‌رانی‌ سیاسی‌ و چالاكانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كرا و رێژیمی‌ تاران وه‌ك یه‌كێك له‌ دڕنده‌ترین و دواكه‌وتووترین ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ جیهان له‌م بواره‌دا ناسَیندرا و ئامارێك له‌ رێژه‌ی‌ ئێعدامه‌كان له‌ ئێران پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان كرا. پێویسته‌ بگوترێ‌ كه‌ له‌ كاتی‌ قسه‌كانی‌ محه‌ممه‌د مسته‌فایی‌‌دا هه‌یئه‌تی‌ به‌شداری‌ كۆمیته‌ی‌ حیزب له‌ فه‌رانسه‌ وێنه‌ و ناوی‌ ژماره‌یه‌ك له‌ چالاكانی‌ كوردی‌ مه‌حكووم به‌ ئێعدامی‌ به‌ ده‌ستی‌ ناوبراو گه‌یاند كه‌ پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان كراو وێنه‌كان خرایه‌ به‌رچاوی‌ هه‌مووان.
كۆنفرانسه‌كه‌ دوای‌ 3 كاتژمێژ باسی‌ چڕوپڕ له‌سه‌ر ئێعدام و هه‌وله‌كان بۆ بن بڕكردنی‌ ئه‌م حوكمه‌ له‌ جیهان كۆتایی‌ به‌ كاره‌كانی‌ هێنا.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1016 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact