. . . .


18 Sep 2010

به‌ڕێوه‌چوونی‌ رێوڕه‌سمی‌ یادی‌ بیست ساڵه‌ی‌ كوشتاری‌ به‌ ك


فه‌ڕانسه‌ ـ ناوه‌ندی هه‌واڵ : رۆژی‌ شه‌ممه‌ 18ی‌ سێپتامبری‌ 2010، بۆ به‌رزراگرتنی‌ یادی‌ بیست ساڵه‌ی‌ كوشتاری‌ به‌ كۆمه‌ڵی‌ زیندانیانی‌ سیاسی‌ له‌ هاوینی‌ ساڵی‌ 67ی‌ هه‌تاوی‌‌دا، به‌ ده‌ستپێشخه‌ریی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ به‌رگری‌ له‌ زیندانیانی‌ سیاسی‌ و عه‌قیده‌تی‌ له‌ پاریس رێوڕه‌سمێك به‌ڕێوه‌چوو.
رێوڕه‌سمه‌كه‌ كاتژمێر 8ی‌ دوانیوه‌ڕۆ له‌ یه‌كێك له‌ ساڵۆنه‌كانی‌ سه‌ر به‌ ئاژێكا (AGEKA) به‌ به‌شداریی‌ ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاو له‌ حیزب و رێكخراوو كه‌سایه‌تیی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ كورد و ئێرانی‌ به‌ ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان به‌ یادی‌ قوریانیانی‌ كوشتاری‌ هاوینی‌ 67 ده‌ستی‌ پێكرد. دواتر نوێنه‌ری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ به‌رگری‌ له‌ زیندانیانی‌ سیاسی‌ و عه‌قیده‌تی‌ چه‌ند وته‌یه‌كی‌ سه‌باره‌ت به‌م جینایه‌ته‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ و به‌رنامه‌ی‌ یادكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م كوشتاره‌ سامناكه‌ی‌ زیندانیانی‌ سیاسی‌ له‌ زیندانه‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌‌دا له‌م ساڵ‌ و ساڵه‌كانی‌ رابردووی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان پێشكه‌ش به‌ به‌شدار بووان كرد. دواتر شكوفه‌ مونته‌زیری‌، كچی‌ حه‌مید مونته‌زیری‌ یه‌كێك له‌ قوریانیانی‌ هاوینی‌ 67 په‌خشانێكی‌ له‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ بیره‌وه‌ری و ئازاره‌كانی‌ له‌ده‌ستدانی‌ باوكی‌ پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان كرد.
دواتر شه‌هناز غولامی‌ چالاكی‌ سیاسیی‌ ئازه‌ربایجانی‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌ زیندانه‌كانی‌ ته‌ورێزدا بووه‌ وتارێكی‌ له‌سه‌ر كوشتاری‌ زیندانیانی‌ سیاسی‌ له‌ ساڵی‌ 67دا پێشكه‌ش كرد و به‌دوای‌ ئه‌ویش‌دا راپۆرتێكی‌ له‌سه‌ر هه‌لومه‌رجی‌ ناله‌باری‌ زیندانیانی‌ سیاسیی‌ ژن له‌ زیندانه‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌‌دا بۆ به‌شداربووان خوێنده‌وه‌.
دوای‌ ئه‌م بڕگه‌یه‌ی‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌، به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ كۆڕه‌كه‌ به‌ پێشكه‌ش كردنی‌ چه‌پكه‌ گول به‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ كه‌س یان كه‌سانێكیان له‌ كوشتاری‌ به‌ كۆمه‌ڵی‌ هاوینی‌ 67دا له‌ ده‌ست‌داوه‌، یادی‌ ئه‌و قوربانیانه‌یان به‌رز راگرته‌وه‌.
له‌ درێژه‌دا دوای‌ نیوساعه‌ت پشوودان رێوڕه‌سمه‌كه‌ به‌ پێشكه‌ش كردنی‌ كورته‌ فێلمێكی‌ ره‌زا دیققه‌تی‌ سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كانی‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ساڵی‌ 88و سه‌ركوتی‌ بێ‌ به‌زه‌ییانه‌ی‌ خه‌ڵك و خۆڕاگریی‌ خه‌ڵكی‌ وه‌زاڵه‌هاتوو و پشتیوانیی‌ جیهانی‌ بۆ ئه‌م راپه‌ڕینانه‌ درێژه‌ی‌ پێ‌درا.
له‌ كۆتایی‌ رێوه‌رسمه‌كه‌دا گرووپی‌ موسیقیی‌ كانی‌ به‌ پێشكه‌ش كردنی‌ چه‌ند پارچه‌ موسیقی‌ و گۆرانی‌ كۆڕه‌كه‌یان رازاندنه‌وه‌.
پێویسته‌ بگوترێ‌ كه‌ ئه‌ندامانی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان به‌ ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاوه‌وه‌ به‌شداری‌ رێوره‌سمه‌كه‌ بوون و په‌یامی كۆمیته‌ی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان له‌ فه‌رانسه‌ له‌ لایه‌ن به‌رپرسی‌ كۆمیته‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ رێوره‌سمه‌كه‌ كرا.
رێوڕه‌سمه‌كه‌ كاتژمێر 11ی‌ شه‌و كۆتایی‌ پێ‌هات.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1021 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact