. . . .


13 Sep 2010

فێستیواڵی‌ هۆمانیته‌ كۆتایی پێهات


فه‌ڕانسه‌_ ناوه‌ندی‌ هه‌واڵ : ڕۆژانی 10,11,12ی‌ سێپتامبر فێستیوالی‌ هۆمانیته‌ بلاَوكراوه‌ی‌ حیزبی كۆمۆنیستی فه‌ڕانسه‌ له‌ پاركی‌ كۆرنیوَ له‌ پاریس به‌ به‌شداریی نزیكه‌ی‌ 600 هه‌زار كه‌س و به‌ ئاماده‌ بوونی‌ سه‌دان حیزب و ڕێكخراو له‌ ولاَتانی‌ جۆراوجۆره‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو.
فێستیواڵه‌كه‌ به‌ قسه‌كانی (پاتریك هیاریك) سه‌رده‌بیری‌ ڕۆژنامه‌ی‌ هۆمانیته‌ كرایه‌وه‌ . پاتریك له‌ قسه‌كانی دا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ گرینگه‌ په‌ره‌ به‌ بلاَوكردنه‌وه‌ی‌ بیری‌ ئه‌نترناسیۆنالیزم بدرێ و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری‌ پۆزه‌تیفی‌ ده‌بێ له‌ سه‌ر ژیانی‌ سه‌رجه‌م گه‌لانی‌ جیهان , هه‌روه‌ها ئیشاره‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ پێویسته‌ پشتیوانی له‌ خه‌باتی گه‌لاَنی‌ ئاسیای‌ ناوه‌ڕاست بكرێ‌ و خۆشحاڵی‌ خۆشی سه‌باره‌ت به‌ بوونی‌ هێز و حیزبه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌ ئێرانییه‌كان له‌ هۆمانیته‌دا ده‌ربڕی و سه‌ركوت و شكه‌نجه‌ی‌ له‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ دا مه‌حكووم كرد.
دواتر ماری‌ ژۆرژ بووقه‌ , ڕێبه‌ری حیزبی‌ كۆمۆنیستی فه‌رانسه‌ باسێكی‌ پێشكه‌ش كرد كه‌ تێیدا هاتبوو: ئێمه‌ بۆ ئازادژین و باش بوونی ژیان هه‌ره‌وه‌ز ده‌كه‌ین و ئێمه‌ خه‌ڵكێكی‌ یه‌كگرتوو و ئاشتی خوازمان ده‌وێ بۆیه‌ به‌ زاڵمان و دیكتاتۆره‌كان ده‌ڵێین , ده‌ست ڕاگرن , گۆی‌ زه‌وی‌ خۆ به‌ ته‌نیا ئی ئێوه‌نییه‌.
له‌م فێستیواڵه‌دا كۆمیته‌ی‌ حیزبی دێموكڕاتی كوردستان به‌ هاوڕێیه‌تی‌ به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی حیزبی سه‌ردانی كۆمه‌ڵێك رێكخراو و حیزب و لایه‌نی‌ كورد و ئێرانیان كرد و به‌ گه‌رمی‌ پێشوازییان لێكرا.

جه‌ماڵ پووركه‌ریم به‌رپرسی كۆمیته‌ی‌ حیزب له‌ فه‌ڕانسه‌ له‌م دیدارانه‌دا باسی له‌ به‌رنامه‌و پرۆگرامی‌ حیزب كرد و هیوای‌ خواست كه‌ هاوكاری و هاریكاری هێز و لایه‌نه‌كان به‌رده‌وام بێ و بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانج و لێك نزیكبوونه‌وه‌و لێك تێگه‌یشتن
ئه‌م جۆره‌ كۆبوونه‌وه‌و دانیشتنانه‌ به‌رده‌وام بن.
هه‌یئه‌تی كوَمیته‌ی‌ حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌ فه‌ڕانسه‌ سه‌ره‌تا سه‌ردانی بنكه‌ی‌(یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستانیان كرد و له‌ لایه‌ن به‌رزان حه‌مه‌ فه‌ره‌ج به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان له‌ ئورووپاوه‌ پێشوازییان لێكرا , كومیته‌ی‌ حیزب له‌م دانیشتنه‌دا باسیان له‌ هاوكاری و هاریكاری دوولایه‌ن كرد و هومێدی‌ زیاتر لێكنزیكبوونه‌وه‌یان خواست.
دواتر هه‌یئه‌تی‌ كومیته‌ی‌ حیزب له‌ فه‌ڕانسه‌ سه‌ردانی فدراسیۆنی ئه‌نجوومه‌نه‌كانی كوردستان له‌ فه‌ڕانسه‌و كۆمه‌ڵه‌ی‌ ئه‌حمه‌دكایا و سه‌نته‌ری‌ كولتوری‌ كورد له‌ فه‌ڕانسه‌یان كرد و له‌ لایه‌ن به‌رپرسی‌ گشتی ئه‌نجوومه‌ن (كۆڤان ئامێدی‌) و به‌رپرسان و ئه‌ندامانی هه‌ر سێ ئه‌نجوومه‌نه‌كانه‌وه‌ به‌ گه‌رمی‌ پێشوازیان لێكرا , پاشان هه‌یئه‌تی‌ حیزب سه‌ردانی حیزبی تووده‌ی‌ ئێرانیان كرد و له‌ لایه‌ن نه‌وید شوماڵی‌ به‌رپرسی به‌شی نێو نه‌ته‌وه‌یی‌ حیزبی تووده‌ی‌ ئێران و به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه‌وه‌ به‌ گه‌رمی‌ پێشوازییان لێكرا . له‌م دانیشتنه‌دا جه‌ماڵ پووركه‌ریم به‌رپرسی كومیته‌ی‌ حیزب له‌ فه‌ڕانسه‌ باسی له‌ گرینگی‌ دانیشتن و وتوووێژی هێز و لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی‌ كورد وئێرانی‌ كرد و هه‌یئه‌تی‌ خانه‌خوێ به‌ڵێنی‌ ئه‌وه‌یان دا كه‌ هاوكاری‌ و هاریكاری‌ نێوان هێزه‌كانی دژبه‌ری‌ رێژیمیان به‌ لاوه‌گرینگه‌و ئاماده‌ی‌ هه‌ر چه‌شنه‌ هاوكارێكن.
دواتر ئه‌ندامانی حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌ فه‌ڕانسه‌ سه‌ردانی سازمانی فداییان(اقلیت)یان كرد و وێرای گۆڕینه‌وه‌ی‌ بیرو ڕا له‌ سه‌ر دۆخی‌ ئه‌وڕۆیی ئێران و كوردستان , باس له‌ هه‌ولِدان بۆ دانیشتن و وتوووێژی‌ نێوان لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن كرا .
پاشان كومیته‌ی‌ حیزب له‌ فه‌ڕانسه‌ سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له‌ سازمانی فیداییانی خه‌ڵقی‌ ئێران (اتحادكار), شوورای كاتیی سوَسیالیسته‌كانی‌ چه‌پی‌ ئێران , سازمانی فیداییانی خه‌ڵقی‌ ئێران(ئه‌كسه‌رییه‌ت) و كۆمیته‌ی‌ دژه‌سه‌ركووتی‌ شارۆمه‌ندانی ئێرانی له‌ پاریسیان كرد .
له‌م دانیشتنانه‌دا جه‌ماڵ پووركه‌ریم به‌رپرسی كومیته‌ی‌ حیزب له‌ فه‌ڕانسه‌
به‌ تێر و ته‌سه‌لی‌ باسی له‌ ڕه‌وتی بزووتنه‌وه‌ی‌ كوردستان كرد و وێڕای به‌رزنرخاندنی مانگرتنی چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان , باسی له‌ خه‌باتی مه‌ده‌نی له‌ به‌رانبه‌ر رێژیمی‌ ئیسلامی‌ ئێراندا كرد , له‌م چاوپێكه‌وتنانه‌دا كۆمه‌ڵێك له‌ حیزب و رێكخراوه‌كان باسیان له‌وه‌كردكه‌ پێویسته‌ هه‌وڵ بۆ لێكنزیكبوونه‌وه‌ی‌ هێز و لایه‌نه‌كانی‌ كورد و ئێرانی و به‌تایبه‌تی هه‌ریه‌ك له‌ حیزبی دێموكراتی كوردستان و حیزبی دێموكراتی‌ كوردستانی ئێران بدرێ كه‌ له‌ لایه‌ن هه‌یئه‌تی‌ كومیته‌ی‌ حیزبه‌وه‌ پێشوازی‌ لێ‌ كرا و ئاماژه‌یان پێدا كه‌ ئێمه‌ وه‌ك حیزبی دێموكراتی كوردستان هیچ مه‌رجێكمان بۆ دانیشتن و وتوووێژ له‌ گه‌ڵ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا نییه‌و هه‌میشه‌ ئاماده‌ی گفتووگۆین .
پێویسته‌ بگوترێ جه‌ژنی‌ هۆمانیته‌ پاش سێ ڕۆژ به‌رده‌وامی‌ ئێواره‌ی‌ ڕۆژی‌ 13 ی‌ سێپتامبر كوتایی پێهات.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 990 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact