. . . .


12 Sep 2010

كۆنفڕانسێكی‌ كرێكاری‌ له‌ پاریس به‌ڕێوه‌ چوو


فه‌ڕانسه‌_ ناوه‌ندی‌ هه‌واڵ : ڕۆژی‌ 10ی‌ سێپتامبر سه‌ندیكای ( سێ ژێ تێ) كۆنفرانسێكی‌ له‌ پێوه‌ندی‌ له‌ گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی‌ كرێكاری ئێران له‌ ژێر ناوی‌ (ڕۆژی‌ وتوووێژ و گوَڕینه‌وه‌ی‌ بیرو ڕا له‌ پێوه‌ندی‌ له‌ گه‌ڵ چالاكیی سه‌ندیكایی له‌ ئێران دا) له‌ بنكه‌ی‌ ناوه‌ندیی سه‌ندیكا له‌ شاری‌ موَنترۆی‌ حه‌ومه‌ی‌ پاریس به‌ڕێوه‌ برد.كۆنفرانسه‌كه‌ كاتژمێر9ی‌ به‌یانی ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد.
سه‌ره‌تای‌ كۆنفرانسه‌كه‌ (ژان میشێل ژۆبییه‌) به‌خێرهاتنی به‌شدارانی كرد .
دواتر (لاویه‌ فوولادی‌ )بابه‌تێكی‌ له‌ سه‌ر دۆخی‌ كرێكاری‌ له‌ ئێران پێشكه‌ش كرد .
له‌ درێژه‌ی‌ به‌رنامه‌كه‌دا هه‌ر یه‌ك له‌ فه‌رید په‌رته‌وی‌,له‌ كاناداوه‌, مریه‌م موحسێنی له‌ سۆئێده‌وه‌, سۆهه‌یلا له‌ لایه‌ن (سێ_ژێ_تێ) ی‌ فه‌ڕانسه‌وه‌ ,عه‌لی‌ موباره‌كی‌ له‌ ڕێكخراوی‌ (یوئێن ئای‌ ئا)له‌ سویس و فه‌رهاد شه‌عبانی له‌ سۆئێده‌وه‌له‌ به‌یانی‌ ڕۆژی‌ كۆنفڕانسدا بابه‌تیان پێشكه‌ش كرد كه‌ له‌ بابه‌ته‌كاندا باس له‌ دۆخی‌ كرێكاری‌ له‌ ئێران و كوردستان كراو دۆخی‌ كرێكاران به‌ تایبه‌تی له‌ كوردستان دا به‌ ناله‌بار وه‌سف كرد.
له‌ دوانیوه‌ڕۆی كۆنفڕانسدا سه‌ره‌تا فیلمێك له‌ سه‌ر ژیانی یه‌دوڵلاَ خوسره‌و شاهی‌ چالاكی‌ كۆچكردووی كرێكاری‌ پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بوان كرا و له‌ لایه‌ن ئازاده‌ خوسره‌و شاهی‌ كچی‌ یه‌دوڵلاَ خوسره‌و شاهیه‌وه‌ باسێك له‌ ژیانی ئه‌م چالاكه‌ كرێكارییه‌ كرا.
دواتر و له‌ درێژه‌ی‌ كاری‌ كۆنفڕانسدا ژان فرانسوا كوورب یه‌كێك له‌ به‌رپرسانی سه‌ندیكای (سێ_ژێ_تێ)ی‌ فه‌ڕانسه‌ باسێكی‌ تێرو ته‌سه‌لی‌ له‌ سه‌ر دۆخی‌ كرێكارانی ئێران و هاوكاریی كۆمپانیا و شیركه‌ته‌ ئورووپاییه‌كان له‌ گه‌ڵ كۆمپانیاكانی ناو ئێرانی كرد.
باسه‌ كانی كۆنفرانس له‌ چوار چێوه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ كرێكاری‌ كوردستان , له‌مپه‌ره‌كانی سه‌ر ڕێگه‌ی‌ رێكخراوه‌ سه‌ربه‌خۆكانی كرێكاری له‌ ئێران و ماهیه‌تی سه‌ركوتكه‌رانه‌ی‌ رێژیمی‌ ئیسلامی‌ دابوون , دوا به‌شی‌ كۆنفڕانس بۆ بیرو ڕا گۆرینه‌وه‌ و پرسیار و قسه‌ی‌ به‌شداربووان ته‌رخان كرا كه‌ كۆمه‌ڵێك پێشنیار و بوَچوون له‌ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی‌ كرێكاری‌ له‌ ئێران و كوردستان هاتنه‌ به‌ر باس و قسه‌ لێكردن .
له‌م باسانه‌دا چه‌ندین رێكخراوی‌ كرێكاری‌ وه‌ك یه‌كێتی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ پشتیوانی‌ له‌ كرێكارانی ئێران و كۆمه‌له‌ , رێكخراوی‌ كوردستانیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران به‌شدار بوون.
پێویسته‌ بگوترێ‌ كه‌ جه‌ماڵ پووركه‌ریم به‌رپرسی كۆمیته‌ی‌ حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌ فه‌ڕانسه‌ له‌ لایه‌ن ئاماده‌كار و به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ كۆنفرانسه‌وه‌ بۆ ئه‌م كۆنفڕانسه‌ بانگهێشت كرابوو.
كوَنفڕانسه‌كه‌ كاتژمێر 6ی‌ ئێواره‌ كۆتایی به‌ كاره‌كانی هێنا.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 950 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact