. . . .


9 Jun 2010

به‌ڕێوه چوونی سیمینارێک بۆ خانم کارۆڵ پرۆنهووبێر، له‌ لایه‌ن ر??


ناوەندی هەواڵ - بریتانیا: رۆژی دووشه‌ممه‌ 7ی ژونی 2010، به ده‌ستپێشخه‌ری رێکخراوی خوێندکارانی کوردی زانکوی سواسی له‌نده‌ن به‌رێوه‌ چوو.

ئه‌م سیمیناره که له‌لایه‌ن به‌‌ڕێز دکتور سه‌عید شه‌مس به‌ڕێوه ده‌برا، زیاتر له‌ 60ی خوێندکار و نوێنه‌ری لایه‌نه سیاسییه کورد‌ییه‌کان تێیدا به‌شدار بوون. له‌ ده‌ستپێکی به‌رنامه‌که‌دا دکتور شه‌مس هاوکات له‌گه‌ڵ به‌خێرهێنانی خانمی پرۆنهووبێر، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌‌ که‌ گرینگی باس و وتوو ویژ له‌ مه‌ر چاپی ئینگلیسیی کتێبی "خولیا و مه‌رگی قاسملووی کورد" زۆرتر گرینگیدانه‌ به‌ پرسی کورد له ئێران و شکاندنی ئه‌و بێده‌نگی یه‌ که‌ له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی ‌ به‌رانبه‌ر به‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی کورد له‌ ئێران له‌ لایه‌ن وه‌ڵاتانی زڵهێز و رۆژئاوا له‌گۆرێ دایه‌‌. دکتور شه‌مس گوتی‌ با وه‌بیر خۆمان بێنینه‌وه‌ که‌ له‌ کۆتایی نه‌وه‌ده‌کان دا ده‌سته‌واژه‌ی داتاشراوی 'کوردی باش' و 'کوردی خراپ' له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵێک رۆژنامه‌وانی روژئاوایی، به‌تایبه‌ت ئه‌مریکای، بۆ شه‌رعییه‌ت دان به‌ سیاسه‌تی ئه‌و کاته‌ی ئامریکا هاته‌بوو ئاراوه‌. مه‌به‌ست له‌ کوردی باش، کوردی باشوور بوو که‌ ئه‌مریکا بۆ روبه‌رووبوونه‌ له‌گه‌ڵ رێژیمی سه‌دام حوسین پێویستی به‌ پشتیوانی و هاوکاری ئه‌وان بوو و مه‌به‌ست له‌ 'کوردی خراپ' کوردی باکوور بوو که‌ دژی رێژیمی تورکیا که‌ هاوپه‌یمانی ئه‌مریکایه‌ خه‌باتیان ده‌کرد. له‌ پاڵ دووفاقه‌یی کردنی کورد به‌ 'باش و خراپ' لایه‌نی قێزه‌وه‌نی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه،‌ بێده‌نگی سه‌رسامی ئامریکا و هاوپه‌یمانانی بوو به‌رانبه‌ر به‌ قه‌ڵاچۆکردن و سه‌رکوتکردنی کورد له‌ ئێران. باشترین نمونه‌ی ئه‌و بێده‌نگییه‌، دوسییه‌ی تێڕۆری دکتور قاسملوییه‌ ‌ که‌ پاش 21 ساڵ تا ئێستاش رێگه‌ نه‌دراوه‌ ئه‌و دۆسییه‌ بخرێته‌ به‌ر ده‌می دادگایه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی. ئه‌و هه‌له‌مه‌رجه‌ گرینگێکی تایبه‌تیداوه‌ به‌ چاپی ئینگلسی کتێبی کارۆڵ له‌ سه‌ر دکتور چوونکه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ ده‌ره‌خسێنێ که‌ نیشان بده‌ین چاک بوون و خه‌راپ بوون رێبه‌رێکی کورد گرێنه‌دراوه‌‌ به‌ ئه‌وه‌ که‌ ئه‌و رێبه‌ره‌ له‌ ناو و یان ده‌ره‌وی سنووری تورکیا ده‌ژێ به‌لکوو پێوه‌سته‌ به‌ ئه‌وه‌ که‌ ئه‌و رێبه‌ره‌ چۆن وبه‌ چه‌ شێوازیک و له‌ سه‌ر ئاستی کام ئامانج و ستراتێژی خزمتی خه‌لکی خۆی ده‌کا.

ئینجا کارۆڵ پرۆنهووبێر نووسه‌ری کتێبی "خولیا و مه‌رگی قاسملووی کورد" له‌ سه‌ره‌تاوه‌ سوپاسی دکتور سه‌عید شه‌مسی کرد بۆ ئه‌و پێشه‌کیه‌ جوانه‌ و دوایه‌ش به‌ و‌ردی باسی رابردووی دۆستایه‌تیی خۆی له‌گه‌ڵ دوکتور قاسملووی نه‌مر کرد. ناوبراو بیره‌وه‌ری و تێگه‌یشتنی خۆی له‌سه‌ر‌ که‌سایه‌تیی ئه‌و رێبه‌ره مه‌زنه‌ی کورد پێشکه‌ش به‌ به‌شدارن کرد. له وتاره‌که‌یدا کارۆڵ پرۆنهووبێر ئاماژه‌ی به‌ سه‌ره‌تای ئاشنایه‌تیی خۆی له‌گه‌ڵ دوکتور قاسملوو کرد که‌ له رێگای فیلمسازی کوردی تورکیه یۆڵماز گوونه‌ی‌یه‌وه له‌ ساڵی 1983 له‌ شاری پاریس پێك هات و له‌و ره‌وته‌دا کۆمه‌ڵێک له تایبه‌تمه‌ندی‌یه ئینسانی‌ و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌یه‌ دیار و دره‌وشاوه‌کانی دوکتور قاسملوو و هه‌روه‌ها جێگه و پێگه‌ی‌ قاسملووی له‌نێو بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کورد و شوێندانانی ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه باس کرد. ‌له به‌شێکی دیکه‌ی وتاره‌که‌یدا کارۆڵ پرۆنهووبێر کۆمه‌ڵێک فاکت و پرسی پێوه‌ندیدار به‌ دۆسییه‌ی تێرۆری د. قاسملووی هێنایه به‌ر باس. که‌‌ له‌و به‌شه‌شدا کارۆڵ پرۆنهووبێر باسی بیر و بۆچوونه‌کان و ژیری و واقعبینی و سه‌رده‌می بوونی کاراکتێری دوکتور قاسملوو و هه‌ر له‌و کاته‌دا جه‌وهه‌ری دژه دێموکراتیک و کۆنه‌په‌رستانه‌ی سه‌رانی کۆماری ئیسلامی و شه‌خسی خومه‌ینی خسته‌ به‌رچاو. دواتر کارۆڵ پرۆنهووبێر باسی جینایه‌تی تێرۆری دوکتور قاسملووی له کاتی هه‌وڵی ناوبراو بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتیخوازانه‌ی پرسی کورد له ئێران‌دا و ئاکام و شوێنه‌واره‌کانی ئه‌م جینایه‌ته کرد. له کۆتایی‌ قسه‌کانیدا ناوبراو باسی ئه‌وه‌ی کرد که ئه‌گه‌رچی کتێبه‌كه‌ی ساڵه‌ها پێش ئێستا نووسیبوو به‌‌ڵام به هۆی دۆخی ناله‌باری نێونه‌ته‌وه‌یی تا ئه‌م دوایی‌یانه نه‌یتوانیبوو سه‌رنجی ناوه‌نده‌کانی چاپ و بڵاو کردنه‌وه‌ بۆ لای کتێبێکی له‌م چه‌شنه رابکێشێ. کتێبێک که به وته‌ی پرۆنهووبێر به‌رهه‌می به‌ڵێنێکه که ناوبراو به دوکتور قاسملووی دابوو. له‌ به‌شی کۆتاییدا کۆمه‌ڵێک پرسیاری گرینگ له‌ لایه‌ن به‌شدارن ئاراسته‌ی کارۆڵ پرۆنهووبێر کرا که‌ به‌ گه‌رمی جوابیان درایه‌وه‌‌.
karok-britanya.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 2062 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact