. . . .


30 Mar 2010

رۆژی شه‌هیدانی کوردستان له‌ وڵاتی فینلاند به‌شکۆوه‌ رێزی لێ‌گی?


ناوه‌ندی هه‌واڵ- فینلاند: رۆژی شه‌ممه‌، 27ی مارس به‌ بۆنه‌ی شێست و چواره‌مین ساڵرۆژی له‌ سێداره‌درانی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و هه‌ڤاڵانی و رۆژی شه‌هیدانی کوردستان، رێوره‌سمێکی به‌شکۆ له‌ لایه‌ن کۆمیته‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستان و به‌ به‌شداریی کاک ئیقباڵ سه‌فه‌ری ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب له‌ شاری توروکوی وڵاتی فینلاند به‌ڕێوه‌ چوو.

رێوره‌سمه‌که به‌ به‌شداریی ئه‌ندامان و به‌رپرسانی حیزب له‌ وڵاتی فینلاند، نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ کوردستانیه‌کان و ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌ کوردستانیانی نیشته‌جێی ئه‌و وڵاته‌،‌ به‌ سروودی "ئه‌ی شه‌هیدان" له‌ لایه‌ن کۆڕی هونه‌ریی یه‌کێتی لاوان و ده‌قیقه‌یه‌ک وه‌ستان بۆ رێزگرتن له‌ یاد و خه‌باتی شه‌هیدانی رێگای رزگاریی کوردستان ده‌ستی پێکرد.

له‌ سه‌ره‌تای رێوره‌سمه‌که‌دا به‌ڕێز سه‌ید ئه‌حمه‌د حسینی به‌رپرسی کۆمیته‌ی فینلاند وێڕای به‌خێرهێنانی ئاماده‌بوان، به‌ چه‌ند وته‌یه‌ک رێزی له‌ رۆژی شه‌هیدانی کوردستان گرت و به‌ نوێنه‌رایه‌تی هاوڕێیانی له‌ حیزبی دێموکراتی کوردستان په‌یمانی رێز و ئه‌مه‌گناسیی له‌ گه‌ڵ شه‌هیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی رێگای ئازادیی کوردستان دووپات کرده‌وه‌. پاشان به‌ڕێز زانا عه‌لی ئه‌ندامی کارگێڕی کۆمیته‌ی رێکخستنی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان په‌یامی کۆمیته‌ی هاوکاریی هێزه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان له‌ وڵاتی فینلاندی به‌ بۆنه‌ی رۆژی شه‌هیدانی کوردستان خوێنده‌وه‌ که‌ په‌یامی کۆمیته‌ و رێکخستنه‌کانی ئه‌و حیزب و لایه‌نانه‌ی خواره‌وه‌ی له‌ خۆ گرتبوو:

حیزبی دێموکراتی کوردستان

پارتی دێموکراتی کوردستان

یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان

کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران

هه‌روه‌ها له‌ درێژه‌ی خوێندنه‌وه‌ی په‌یامی حیزب و لایه‌نه‌ کوردستانیه‌کان دا په‌یامی هه‌ر یه‌ک له‌ سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران له‌ لایه‌ن به‌ڕێز جه‌لال شه‌ریفی ، بروسکه‌ی ماته‌مینیی کۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کانی کوردستان له‌ لایه‌ن به‌ڕێز عوسمان رابه‌ و بروسکه‌ی ماته‌مینیی بزوتنه‌وه‌ی دێموکراتیکی یارسان به‌م بۆنه‌وه‌ پێشکه‌ش کرا. پاشان سروودی "شه‌هید" له‌ لایه‌ن کۆڕی هونه‌ریی یه‌کێتی لاوان و "لاواندنه‌وه‌ی دایکی شه‌هید" له‌ لایه‌ن کاک سه‌ید که‌ماڵ حسینی پێشکه‌س کرا.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی رێوره‌سمه‌که‌ دا فیلمێک له‌ وته‌کانی رێبه‌ری شه‌هید دوکتور عه‌بدوڕه‌حمان قاسملوو به‌ بۆنه‌ی 10ی خاکه‌لێوه‌، پیشانی ئاماده‌بوان درا. پاشان په‌یامی ژماره‌یه‌ک له‌ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان له‌ لایه‌ن به‌ڕێز ئاوات حه‌سه‌ن پوور خوێندرایه‌وه‌ و پاشان سروودی "چی بوو تاوانی ئه‌وانه‌ی وا له‌ سێدراه‌ دران" له‌ لایه‌ن هونه‌رمه‌ند فه‌رهاد ساڵحی به‌ هاوکاریی کۆڕی هونه‌ریی یه‌کێتی لاوان پێشکه‌ش کرا. هه‌روه‌ها له‌ نێوئاخنی رێوره‌سمه‌که‌دا به‌ڕێزان شه‌وین مه‌مه‌ندی و جه‌لال فاتمی وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ر چه‌ند پارچه‌ شێعری به‌ سۆزیان به‌و بۆنه‌وه‌ خوێنده‌وه‌.

به‌شی دووهه‌می رێوره‌سمی رۆژی شه‌هیدانی کوردستان بۆ وته‌کانی هاوڕێ ئیقباڵ سه‌فه‌ری ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکرات ته‌رخان کرابوو. به‌ڕێز سه‌فه‌ری له‌ سه‌ره‌تای باسه‌که‌یدا و وێڕای رێزگرتن له‌ رۆژی شه‌هیدانی کوردستان، هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌ سه‌ر رووداوی 10ی خاکه‌لێوه‌ کرد و راشیگه‌یاند که‌ پێشه‌وا ته‌نیا ریبه‌ری حیزبی دێموکرات نه‌بووه‌ به‌ڵکو سه‌رکۆماری کوردستان و جێگای باوه‌ر و متمانه‌ی چین و توێژه‌کانی کورد له‌ به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانی کوردستان بووه‌.

به‌ڕێز ئیقباڵ سه‌فه‌ری پاشان باسه‌که‌ی خۆی به‌رین کرده‌وه‌ و ئاوڕی له‌ مێژووی خه‌باتی شێست ساڵی رابردووی گه‌له‌که‌مان دایه‌وه‌.

ته‌وه‌ری سێهه‌می باسه‌که‌ی ئه‌ندامی کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان قه‌یرانی ئه‌مرۆی ناو ریکخراوه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوو که‌ تێیدا ره‌خنه‌ی له‌ فه‌رهه‌نگی یه‌کتر قه‌بوڵ نه‌کردن کرد.

به‌ڕێز ئیقباڵ سه‌فه‌ری له‌ کۆتایی باسه‌که‌یدا جارێکی دیکه به‌ بۆنه‌ی 10ی خاکه‌لێوه‌،‌ رێزی له‌ رۆژی شه‌هیدانی کوردستان گرته‌وه‌.
xakelewe.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1132 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact