. . . .


27 Mar 2010

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات له‌ گه‌ڵ جێگری سه‌رۆکی پارلمانی ئوروپ


ناوه‌ندی هه‌واڵ- بلژیک: رۆژی پێنجشه‌ممه رێکه‌وتی 25ی مارسی 2010سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌گه‌ل جێگری سه‌ڕۆکی پاڕڵمانی ئوروپا له بروکسێل دیدارێکیان پێکهێنا.
له‌م دیداره‌دا به‌ڕێز خالید عه‌زیزی سه‌ره‌تا وێڕای کورته باسێک له‌سه‌ر حیزبی دێموکرات باسێکی چڕ و پڕی له‌سه‌ر کورد و ئێران و کێشه‌ی ئازادیخوازی و دێموکراسی له ئێران هێنایه به‌رباس. به‌رێز عه‌زیزی وێڕای ئاماژه به مه‌به‌ستی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران له هه‌وڵه‌کانی بۆ پیتاندن ئورانیوم و پێداگری له تێکنۆلۆژی ناوه‌کی، ته‌ئکیدی کرد که نابێ کێشه‌ی مافی مرۆڤ و دێموکراسی له ئێران له لایه‌ن پاڕڵمانی ئوروپا و وڵاتانی ئه‌ندام له یه‌کێتی ئوروپا دا بۆ کێشه‌ی ناوه‌کی له په‌ڕاوێز بخرێت. به‌ڕێزیان وێرای مه‌حکووم کردنی هه‌وڵه‌کانی کۆماری ئیسلامی بۆ گه‌یشتن به چه‌کی ناوه‌کی، ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد که کۆماری ئیسلامی ئیستێعدادی مامله‌ و پێداچوونه‌وه‌ی به سیاسه‌ته‌کانی له بواری ئابووری و ته‌نانه‌ت کێشه‌ی ناوه‌کیدا هه‌یه، به‌ڵام رژیمی ئێران هیچکات ناتوانێ له‌سه‌ر مه‌سه‌ی مافی مرۆڤ و دێموکراسی له‌گه‌ڵ وڵاتانی رۆژئاوا بکه‌وێته گفتوگۆوه چوونکه پاشنه‌ی ئاشیل( خالێ لاوازی) رژیم دێموکراسی و مافی مرۆڤه و ئه‌م به‌شه‌ش چاره‌نووسی رژیم یه‌کلا ده‌کاته‌وه. له به‌شێکی دیکه‌ی باسه‌کاندا به‌ڕێز سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات ئاماژه‌ی به ئاماده‌گی حدک بۆ هاوکاری پاڕلمانی ئوروپا له‌سه‌ر کێشه‌ی مافی مرۆڤ و دێموکراسی له ئێراندا کرد و باسی‌له‌وه‌کرد که کورد هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه رێگای ئاشتی و دیالۆگی هه‌ڵبژاردوه به‌ڵام به‌دوای شۆڕشی 1979 به تووند و تیژی و له لایه‌ن ئایه‌توڵلا خومه‌ینی‌یه‌وه به حوکمی جیهاد به دژی گه‌لی کورد ئاشتی‌خوازی گه‌لی کورد وڵام دراوه‌ته‌وه. به‌ڕیز عه‌زیزی له به‌شێکی دیکه باسه‌که‌یدا ئاماژه به بزووتنه‌وه‌ی دێموکراتیکی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی روابردوو کرد و پشتیوانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی له بزووتنه‌وه‌ی دێموکراتیکی خه‌ڵک و هاتنه‌ئارای گۆرانکاری و چوونه‌پێشی چه‌رخی دێمۆکراتیزه‌کردنی وڵاتی ئێران کرد. هه‌ر وه‌ها ئاماژه‌ی به رۆڵی پێشه‌نگی ژنان له بزووتنه‌وه‌ی ئێستاکه‌دا و هه‌ڵوێستی رژیم له سی ساڵی رابردوودا به‌رامبه‌ر ژنان و مافه‌کانیان کرد و پێشنیاری کرد که پشتیوانی له دێموکراسی و مافی مرۆڤ له لایه‌ن پاڕڵمان و وڵاتانی ئوروپاوه لایه‌نگری و پشتیوانی گه‌لانی ئێرانه له‌گه‌ڵه. له کۆتاییدا به‌رێز عه‌زیزی ئاماژه‌ی به هه‌لسووکه‌وتی رژێم به‌رامبه‌ر به گه‌لی کورد له روانگه‌ی ئه‌مییه‌تی و سیاسی له سی ساڵی رابردوودا و بڕانه‌وه‌ی حوکمی ئێعدام بۆ 21 چالاکی سیاسی و مه‌ده‌نی کورد و ئێعدامی دوو لاوی کورد به ناوه‌کانی احسان فه‌تتاحیان و فه‌سیح یاسه‌مه‌نی له چه‌ند مانگی رابردووداکرد.

خانمی ئیزابێل دوورانت جێگری سه‌رۆکی پاڕڵمانی ئوروپاش وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ دیدار له‌گه‌ڵ به‌ڕێز خالید عه‌زیزی، ووتی که ئێمه‌‌ش هاوڕاتانین که له ئێراندا ته‌نیا کێشه‌ی ناوه‌کی نیه و کێشه‌ی پێشێلکاریی مافی مرۆڤیش له ئارادا هه‌یه و ده‌بی زیاتر هه‌وڵ بده‌ین بۆ به‌ قه‌ناعه‌ت گه‌یاندنی وڵاتانی ئوروپایی بۆ هێنانه گۆڕێی کێشه‌ی مافی مرۆڤ له ئێراندا له ته‌عامولات و پێوه‌ندییه‌کانیاندا. هه‌ر به‌و ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویستیمان به هاوکاری هه‌مه‌لایه‌نه هه‌یه و خۆشحالین که حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌م بواره‌دا ئاماده‌یه هاوکاریمان بکات. به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها ئاماژه به خسڵه‌تی بونیادگه‌رایی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و وێرای دانانی رێز بۆ باوه‌ڕی خه‌ڵک، ته‌ئکیدی کرده‌وه که کۆماری ئیسلامی له ده‌لاقه‌ی بونیادگه‌راییدا ناتوانێ درێژه به حزووری خۆی له کۆمه‌ڵگای جیهانیدا بدات. به‌ڕێز دورانت هه‌روه‌‌ها ئاماژه‌ی به رێگه‌نه‌دانی کۆماری ئیسلامی به هه‌یئه‌تی پاڕڵمانی ئوروپا بۆ سه‌ردانی ئێران کرد و هه‌ر بۆیه به پێویستی ده‌زانین که دیدار و چاوپێکه‌وتن و دیداره‌کانمان له‌سه‌ر ره‌وشی مافی مرۆڤ له ئێران زیاتر بکه‌ین و پێشوازی له هه‌وڵه‌کانتان ده‌که‌ین بۆ دانی زانیاری به لێژنه‌ی پاڕڵمانی ئوروپا له‌سه‌ر ئێران.

شایانی باسه که له‌م دیداره‌دا کاوه ئاهه‌نگه‌ری نوێنه‌ری حدک بۆ کاروباری یه‌کێتی ئوروپا، سامان ئاراسته‌فه‌ر ئه‌ندامی کومیته‌ی بلژیک، انور میرستاری چالاکی سیاسی و ئه‌ندامی حیزبی سه‌وزه‌کانی بلژیک هاورێی به‌رێز کاک خالید عه‌زیزی بوون و ئه‌م دیداره له ئۆفیسی خانمی ئیزابێل دورانت له پاڕڵمانی ئوروپا له بروکسێل به‌‌ڕێوه‌چوو.
azizi-parlmaniurupa1.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1248 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact