. . . .


13 Mar 2010

ژنێڤ: دیداری نوێنه‌ری حیزب له‌گه‌ڵ راپۆرتۆری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگر


ناوه‌ندی هه‌واڵ : ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه 10 مارسی 2010، هاوڕێ ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده به‌رپرسی پێوه‌ندیه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی حیزب له زانکۆی ژنێڤ له‌گه‌ڵ دوکتور مانفرێد نۆواک راپۆرتۆری تایبه‌تیی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌كان بۆ پرسی شکه‌نجه دیداری کرد.
له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا، نوێنه‌ری حیزب سه‌رنجی راپۆرتۆری تایبه‌تیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌کانی بۆ وه‌زعییه‌تی گیراوانی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان راکێشا و داوای له ناوبراو کرد ره‌نگدانه‌وه و ده‌نگدانه‌وه‌ی زیاتر به‌‌و په‌روه‌نده‌یه ببه‌خشێ. نوێنه‌ری حیزب هه‌روه‌ها پرسی ته‌‌جاوز له زیندانه‌کانی کوردستانی ئێرانیدا له‌گه‌ڵ مانفرێد نۆواک باس کرد و به‌گشتی پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داگرت که مه‌سه‌له‌ی ته‌جاوز به زیندانی له رێوشوێنه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کان‌دا هه‌قی خۆی پێ نه‌دراوه و پێویسته وه‌ک خۆی و به جیا ستاندارد و مێکانیزمی بۆ له‌به‌ر چاو بگیرێ.
راپۆرتۆری تایبه‌تیی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌کان بۆ پرسی شکه‌نجه، وێڕای نیشاندانی ئاگاداریی خۆی له وه‌زعییه‌تی زیندانه‌کانی ئێران به گشتی و پرسی زیندانییانی کورد به‌تایبه‌تی، ئیشاره‌ی به‌و کۆسپ و به‌هانانه کرد که کۆماری ئیسلامی له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌ردانی ناوبراو بۆ ئێران‌دا دروستی کردوون و بێزاریی خۆی له‌ سه‌ختیی شوێندانانی موسبه‌ت له‌سه‌ر رێژیمی ئێران له‌‌و پێوه‌ندییه‌دا ده‌ربڕی. به‌ڵام هه‌ر له‌و کاته‌دا ئاماده‌یی خۆی بۆ درێژه‌دانی هه‌وڵه‌کانی و سپاردنی که‌یسه‌کان به‌و که‌سه‌ی که قه‌راره له داهاتوویه‌کی نزیک‌دا له‌و پۆسته‌دا جێگای ناوبراو بگرێته‌وه ده‌ربڕی.
له‌ کۆتایی‌دا ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده لیستێک له زیندانییانی سیاسی و مه‌ده‌نیی کورد له ئێران که شكه‌نجه کراون یا ره‌فتاری دڕندانه و نامرۆڤانه و به‌که‌مگرانه‌یان له‌گه‌ڵ کراوه و هه‌ر ئێستا له زیندانه‌کانی ئێراندا حوکمی درێژخایه‌ن تێپه‌ڕ ده‌که‌ن، ته‌حویلی به‌ڕێز مانفرێد نۆواک دا.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 996 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact