. . . .


25 Jan 2010

له‌ وییه‌نی پێته‌ختی ئوتریش رێز له‌ شێست‌و چواره‌مین ساڵرۆژی دا


ناوه‌ندی هه‌واڵ - ئوتریش: ڕۆژی شه‌ممه‌ 23ی ژانویه‌ی 2010 له‌ یه‌کێک له‌ ساڵۆنه‌کانی شاری وییه‌ن پێته‌ختی وڵاتی ئوتریش به‌ به‌شداری سه‌دان که‌س له‌ کورده‌کانی دانیشتوی ئه‌و وڵاته‌ و ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌ ئوتریشیه‌کان، نوێنه‌رایه‌تی حیزب و ڕێکخراوه‌ کوردستانی و ئوتریشی و که‌سایه‌تیه‌کان یادی ئه‌م رۆژه‌ مه‌زنه‌ی گه‌له‌که‌مانیان به‌رز ڕاگرت.

ئه‌و مه‌راسمه‌ که‌ له‌ لایه‌ن کۆمیته‌ی ئوتریشی حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه‌ پێکهات، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای رێوره‌سمه‌که‌وه‌ هاوڕییانی حیزبی به‌ گوڵ و شیرینی پێشوازییان له‌ به‌شداران کرد و به‌ شیوه‌یه‌کی زۆر جوان پێشوازی له‌ میوانه‌کانی ئه‌م یاده‌ڕۆژه‌ کرا.

کاتژمێر 7 سه‌رله‌ ئێواره‌ به‌رنامه‌کانی ئه‌م یاده‌ پیرۆزه‌ ده‌ستی پێکرد. به‌ دوای خوێندنه‌وه‌ی سرودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ڕه‌قیب که‌ له‌ لایه‌ن هونه‌رمه‌ند ڤیندار به‌ کیبۆرد پێشکه‌ش کرا، ده‌قیقه‌یه‌ک بێ ده‌نگی بۆ ڕیزگرتن له‌ گیانی پاکی شه‌هیدان ڕاگه‌یه‌نرا.

پاشان په‌یامی کۆمیته‌ی حدک له‌م وڵاته‌ به‌ زمانی کوردی له‌ لایه‌ن کاک خدری هه‌مزه‌ نژاده‌وه‌ پێشکه‌ش کرا، په‌یامی ڕێکخراوی کوردی کلیک که‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی په‌یامی کۆمیته‌ی حیزب بوو به‌ زمانی ئاڵمانی له‌ لایه‌ن کاک قه‌دری ڕه‌سولیانه‌وه‌‌ پێشکه‌شکرا.

پێویسته‌ بگوترێ که‌ میوانێکی زۆر له‌م ئاهه‌نگه‌دا به‌شدار بوو، و په‌یامێکی زۆریش به‌م بۆنه‌وه‌ به‌ ده‌ست به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م یاده‌ مه‌زنه‌ گه‌یشبوو، به‌ڵام به‌ هۆی که‌م بوونی کات نه‌توانرا هه‌مووی ئه‌م په‌یامانه‌ بخوێندرێنه‌وه‌ و ته‌نیا په‌یامی سه‌رۆک کۆماری ئوتریش به‌ڕیز دوکتۆر هاینتس فیشه‌ر که‌ بۆ ئه‌م یاده‌ ناردرابوو بۆ به‌شداران خوێندرایه‌وه‌ .

هاینتس فیشه‌ر وێڕای ده‌ربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ ئه‌م بانگهێشتنه‌ی، له‌ به‌شێکی په‌یامه‌که‌ی دا ده‌ڵێ:

به‌ داخه‌وه‌ که‌ به‌هۆی هاتنه‌ پێشی کارێکی گرینگ ناتوانم سه‌ردانی ئه‌م یاده‌ڕۆژه‌ بکه‌م له‌ گه‌ڵ داوای لێبوردن، سه‌رکه‌وتنتان بۆ به‌ ئاوات ده‌خوازم و سڵاوی من قبوڵ بفه‌رمون و هه‌روه‌ها سڵاوی من به‌ به‌شدارانی ئه‌م یاده‌ڕۆژه‌ بگه‌یه‌نن.

بێجگه‌ له‌ په‌یامی سه‌رۆک کۆمار په‌یامی چه‌ند شه‌خسیه‌تی دیکه‌ی ئوتریشیش که‌ بۆ ئه‌م یاده‌ ڕۆژه‌ نێردرابوون له‌ به‌ر که‌می کات ته‌نیا ئیشاره‌ به‌ ناوه‌کانیان کرا له‌وانه‌:

په‌یامی خاتوو دوکتۆر ئێفا گلاڤیشنیگ وته‌بێژی حیزبی سه‌وزه‌کان و به‌رپرسی یه‌که‌می ئه‌م حیزبه‌. خاتوو گلاڤیشنیگ له‌ به‌شێکی په‌یامه‌که‌ی دا ده‌نوسێ: وێڕای سڵاو ڕێز و داوای سه‌رکه‌وتنتان، به‌ نوێنه‌رایه‌تی لیستی سه‌وزه‌کان له‌ پارلمانی ئوتریش، دڵنیاتان ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ ئێمه‌ وه‌ک سه‌وزه‌کان چۆن تا ئێستا پشتیوانی کورده‌کان بوین بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌کانیان له‌م وڵاتانه‌ی که‌ تێیدا ده‌ژین، که‌ به‌ داخه‌وه‌ مافه‌کانیان پێ ڕه‌وا نابیندرێ یان ئه‌گه‌ریش ببێت به‌شێکی زۆر که‌مه‌، له‌ داهاتوش دا ئه‌م پشتیوانیه‌مان درێژه‌ی ده‌بێت. ... هیوادارین که‌ بتوانین هاوکاریه‌کی به‌ تین و گوڕترمان له‌ گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تی تێکڕای کورده‌کان له‌ وڵاتی ئوتریش هه‌بێت.

له‌ به‌شێکی تری په‌یامه‌کاندا خاتوو دوکتۆر ئولریکه‌ هارتمان سکرتێری کاروباری نێونه‌ته‌وه‌ی له‌ حیزبی سۆسیال دیمۆکرات به‌ نوێنه‌رایه‌تی له‌ لایه‌ن حیزبه‌که‌یه‌وه‌، وته‌یه‌کی کورتی پێشکه‌ش کرد.

په‌یامی ڕێکخراوی لیزا یه‌کێکیتر بوو له‌م په‌یامانه‌ که‌ له‌ لایه‌ن تۆماس شمیدینگه‌ر نوێنه‌ری ئه‌م ڕێکخراوه‌یه‌ پێشکه‌ش کرا.

په‌یامه‌کانی که‌ ته‌نیا به‌ ناوه‌کانیان ئیشاره‌ کرا بریتی بوون له‌:

په‌یامی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ڕێکخراوی نه‌مسا
په‌یامی یه‌کیه‌تی نیشتیمانی کوردستان کۆمیته‌ی ڕێکخستنی نه‌مسا
په‌یامی حیزبی شیوعی کوردستان
په‌یامی ناوه‌ندی چاک کۆمیته‌ی ئوتریش
په‌یامی ڕێکخراوی کورده‌کان له‌ تاراوگه
‌ په‌یامی پارتی ئازادی کورد له‌ سوریه‌
په‌یامی ئه‌نجومه‌نی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
په‌یامی پارتی چاره‌سه‌ری دیمۆکراتی کورد
په‌یامی گه‌نجانی کورد له‌ نه‌مسا

پێویسته‌ بگوترێ که‌ تێکڕای ئه‌م حیزب و ڕێکخراوانه‌ که‌ ناو بران نوێنه‌ریان به‌شدار بوو.

له‌ به‌شی هونه‌ری ئه‌م یاده‌ڕۆژه‌ دا سه‌ره‌تا کیژۆڵه‌ی ده‌نگ خۆش شێنێ شۆڕش چه‌ند ئاهه‌نگێکی به‌ به‌شداری گروپی موزیک پێشکه‌شکرد.

دوا به‌دوای ئه‌م هونه‌رمه‌دنی ده‌نگخۆش و ناسراوی ڕۆژاوای کوردستان عبدولباسیت ده‌ری به‌شی یه‌که‌می به‌رنامه‌ هونه‌ریه‌که‌ی ڕازانده‌وه‌.

گۆشه‌یه‌کی دیکه‌ به‌شی هونه‌ری ئه‌م یاده‌ڕۆژه‌ که‌ بۆ هونه‌رمه‌نددئارس و گروپی موزیکی هاوکاری دیاری کرابووبه‌‌ چه‌ند ئاهه‌نگێکی پڕ له‌ سۆزو شادی خۆشی پڕ کرایه‌وه‌و .


ساڵۆنی ڕێوره‌سمه‌که‌ به ئاڵای پیرۆزی کوردستان‌ چه‌ندوێنه‌ی شه‌هیدان، به‌ تایبه‌تی شه‌هیدانی ڕێبه‌ر قازی و قاسملو شه‌ڕه‌فکه‌ندی،ئاڕمی حیزب و چه‌ندین درشم به‌ هه‌ردوو زمانی کوردی و ئاڵمانی و نه خشه‌ی کوردستان ڕازابۆوه‌. له‌ ده‌ستپێکی به‌رنامه‌وه‌ تا کۆتای به‌ ئامێری پرۆژه‌کتۆری دیگیتاڵ وێنه‌و و دروشم و زانیاری جۆراو جۆر بۆ به‌شداران نیشاندرا.

به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌رنامه شێنا عه‌بدوڵڵا پوور به زمانی ئاڵمانی‌ و محه‌ممه‌دی فه‌قێ عه‌لی به‌ زمانی کوردی له‌ ناو بڕگه‌کانی به‌رنامه‌که‌دا چه‌ندین پارچه‌ هه‌ڵبه‌ستی په‌یوه‌ندیدار به‌م ڕۆژه‌یان پێشکه‌شی به‌شداران کرد.
2i_rebendan88.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1415 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact