. . . .


16 May 2009

دیداری ‌هه‌یئه‌تێکی حدک له پاریس له‌گه‌ڵ حیزبی کۆمونیستی فه‌ڕا


به‌یانیی رۆژی سێ شه‌ممه 5 ی مای 2009، هه‌یئه‌تێکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پێکهاتوو له ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده به‌رپرسی به‌شی پێوه‌ندی‌یه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی حیزب و که‌ماڵ شه‌مامی به‌رپرسی کۆمیته‌ی حیزب له فه‌ڕانسه له مقه‌ڕی حیزبی کۆمونیستی فه‌ڕانسه له پاریس له‌گه‌ڵ ئاغای پاتریک مارگێتی کۆردیناتۆری پێوه‌ندی‌یه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی حیزبی کۆمۆنیستی فه‌ڕانسه کۆبوونه‌وه.

له‌‌و دیداره گه‌رم و دۆستانه‌یه‌دا، سه‌ره‌تا ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده باسێکی سه‌باره‌ت به دۆخی ئه‌مڕۆی خه‌باتی کورد له ئێران و ره‌فتاری به‌رده‌وام سته‌مکارانه‌ی کۆماری ئیسلامی ده‌رهه‌ق به خه‌ڵکی کوردستان پێشکه‌ش کرد. ئه‌و له قسه‌کانیدا وێڕای ئیشاره به واقعییه‌تی ناخۆشی له‌تبوونی حیزبی دێموکڕات و کاردانه‌وه‌ی ئه‌م رووداوه له‌سه‌ر پێوه‌ندی‌یه‌کانی نێوان هه‌ردوو لا، له‌سه‌ر گرینگیی زیندوو راگرتن و په‌ره‌پێدانی پشتیوانیی کۆڕ و کۆمه‌‌ڵه ئورووپایی‌یه‌کان له خه‌باتی کورد له ئێران پێی داگرت. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا گوتی هه‌ڵوێستی برایانه‌ی ئه‌حزابی چه‌پی ئورووپایی که مێژوویه‌کی کۆن و ده‌وڵه‌مه‌ند له دۆستایه‌تی‌‌ له‌گه‌ڵ کورده‌کانیان هه‌یه ده‌توانێ نه‌ک هه‌ر بۆ راکێشانی سه‌رنجی بیروڕای گشتی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ لای مه‌سه‌له‌‌ی کورد له ئێران به‌كه‌ڵک بێ، به‌ڵكوو بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ئاکامه نه‌رێنی‌یه‌کانی گرژی و لێکترازانه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی نێو رێکخراوه سیاسی‌یه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش شوێندانه‌ر بێ.

ئینجا ئاغای پاتریک مارگێتی به نوێنه‌رایه‌تی له‌لایه‌ن حیزبی کۆمونیستی فه‌ڕانسه‌وه روانگه و هه‌ڵوێستی پارته‌که‌یانی له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسانه‌دا خسته روو. ئاغای مارگێتی سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن ئاغای ژاک فات یه‌کێکی دیکه له رێبه‌رانی حیزبی کۆمونیستی فه‌ڕانسه‌وه عوزری هێنایه‌وه که نه‌یتوانیوه له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شدار بێ و گووتی ناوبراو رایگه‌یاندووه که به له‌به‌رچاوگرتنی سووئی ته‌فاهومێک که پاش دابڕانی نێو حیزبی دێموکڕات له‌نێوان هه‌ردوو لا هاتبووه پێش، زۆر خۆشحاڵه که ئێستا دیالۆگ و پێوه‌ندیی دۆستانه ده‌ستی پێ کردۆته‌وه و حیزبی کۆمۆنیستی فه‌ڕانسه خوازیاری هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌کی تازه له پێوه‌ندی‌یه‌کانی له‌گه‌ڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستانه.

دواتر ئاغای مارگێتی وێڕای دووپاتکردنه‌وه‌ی پشتیوانیی حیزبی کۆمونیستی فه‌ڕانسه له‌ خه‌باتی کورده‌کان له ئێران و پێداگرتن له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی پێوه‌ندیی دۆستانه‌ی نێوان هه‌ردوولا، سه‌باره‌ت به ستراتژی و روانینی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له دوارۆژی سیاسیی ئێران و مافی کورده‌کان له‌م نێوه‌دا، هه‌روه‌ها پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماریی داهاتوو له ئێران و کۆمه‌ڵێک پرسی دیکه‌ی پێوه‌ندیدار به بزوتنه‌وه‌ی کورد داوای روونکردنه‌وه‌ی له هاوڕێیانی هه‌یئه‌تی حیزب کرد که له‌لایه‌ن وانه‌وه به وردی وڵام درایه‌وه.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1104 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact