. . . .


15 May 2009

هه‌یئه‌تێکی حیزب له پاریس له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كۆمه‌ڵێك لایه‌???


كوردستان و كوردنیوز: رۆژی 16 ی ئاوریلی 2009 هه‌یئه‌تێکی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان پێكهاتوو له دوكتور ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده به‌رپرسی پێوه‌ندی‌یه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی حیزب و

كه‌ماڵ شه‌مامی به‌رپرسی كۆمیته‌ی حیزب له فه‌ڕانسه له ده‌فته‌ری حیزبی سۆسیالیستی فه‌ڕانسه له پاریس له‌گه‌ڵ ئاغای پاك‌ زاد كۆردیناتۆری پێوه‌ندی‌یه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حیزبی سۆسیالیستی فه‌ڕانسه كۆبوونه‌وه. له‌و دیداره‌دا كه سه‌عات و نیوێكی‌ خایاند، وێڕای پێداچوونه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی رابردووی پێوه‌ندی‌یه‌كانی نێوان حیزبی دێموكڕات و حیزبی سۆسیالیستی فه‌ڕانسه، هه‌ردوو لا جه‌ختیان له‌سه‌ر په‌ره‌پێدان و چالاك راگرتنی پێوه‌ندی‌یه‌كانی نێوانيان كرده‌وه. دواتر نوێنه‌رانی حیزب و كۆردیناتۆری پێوه‌ندی‌یه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حیزبی سۆسیالیستی فه‌ڕانسه كۆمه‌ڵێك پرسی پێوه‌ندیدار به وه‌زعییه‌تی سیاسیی ناوچه و بزوتنه‌وه‌ی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و چۆنیه‌تیی یارمه‌تیدان به كاركردی هاوبه‌شی حیزبه كورد‌ی‌یه‌‌كان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات به گشتی و له ئه‌نترناسیۆنال سۆسیالسیت‌ به‌تایبه‌تی‌یان تاوتوێ كرد.
پاشنیوه‌ڕۆی هه‌مان رۆژ، نوێنه‌رانی حیزب له ده‌فته‌ری فرانس لیبرته (بنیاتی مادام میتران) له‌گه‌ڵ خانمی لویزا كریسپ سه‌رپه‌رستی پرۆژه‌‌کانی ئاسیای فرانس لیبرته كۆبوونه‌وه. له‌و دیداره‌دا هه‌یئه‌تی حیزب به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و راستی‌یه كه له ساڵانی رابردوو‌دا فرانس لیبرته تێكۆشانی خۆی له بواری پشتیوانی له دێموكڕاسی و ئازادی‌یه سیاسی‌یه‌كان‌دا كه‌م كردۆته‌وه و زۆرتر سه‌رنج ده‌داته پرسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری‌یه‌كانی پێوه‌ندیدار به گه‌شه‌سه‌ندنی پایه‌دار، پڕۆژه‌ی ئه‌كتیڤ كردنه‌وه‌ی ئه‌و رێكارانه‌یان پێشكه‌ش به فرانس لیبرته كرد كه پێشتر ئه‌و بنیاته له بواری هه‌وڵدان بۆ یه‌‌كخستنی ده‌نگی كورده‌کان له فه‌ڕانسه و لۆبیگه‌ریی هاوبه‌ش به قازانجی هه‌موو كورد له‌لای داموده‌زگاكانی حكوومه‌تی فه‌ڕانسه هه‌یبوو. له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا خانمی لویزا كریسپ وێڕای شی کردنه‌وه‌ی ميكانیزم و بواره‌كانی كاری ئێستای فرانس لیبرته، بۆچوونه‌كانی خۆی سه‌باره‌ت به‌م داوایه‌ی هه‌یئه‌تی حیزب ده‌ربڕی. له كۆتایی‌دا هه‌ردوولا سا‌غ بوونه‌وه كه به‌م زووانه ئه‌م پرسه راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ مادام میتران بێننه به‌ر باس.
ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ، هه‌یئه‌تی حیزب به جیا له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له به‌ڕێزان كه‌نداڵ نزان سه‌رۆكی ئه‌نستیتۆی كورد له پاریس و سه‌یوان بارزانی نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له فه‌ڕانسه كۆبوونه‌وه. له‌و دیدارانه‌دا وێڕای ئاڵوگۆڕی بیروڕا سه‌باره‌ت به پرسه‌كانی رۆژ، رێكاره‌كانی په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندیی دۆستانه‌ی نێوان كۆمیته‌ی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان له فه‌ڕانسه و هه‌ر یه‌ک له ئه‌نستیتۆی كورد له پاریس و نوێنه‌رایه‌تیی ‌هه‌رێمی كوردستان له فه‌ڕانسه‌ تاوتوێ كران.
له درێژه‌ی زنجیره‌ دیداره‌كانی هاوڕێیانی حیزب له پاریس، به‌یانیی رۆژی 17 ی ئاوریلی 2009 هه‌یئه‌تی حیزب له‌سه‌‌ر بانگهێشتنی كارگێڕانی لاپه‌ڕه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییی رۆژنامه‌ی لۆمۆندی فه‌ڕانسه بۆ وتووێژ سه‌ردانی بنكه‌ی سه‌ره‌كیی ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ له پاریسی كرد كه له‌لایه‌ن به‌ڕێز ژیل پاغیس به‌رپرسی به‌شی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له‌ رۆژنامه‌ی لۆمۆند پێشوازیی لێ كرا. له‌و دیداره‌دا ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده وێڕای وڵامدانه‌وه به‌ پرسیاره‌كانی به‌ڕێز پاغیس، داوای له كارگێڕانی رۆژنامه‌ی لۆمۆند كرد كه پووششی زیاتر به پرسه‌كانی پێوه‌ندیدار به مافی مرۆڤ و مافی گه‌لان له ئێران به‌تایبه‌تی ئازار و سه‌ركوتی خه‌ڵكی كوردستان له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه بده‌ن. دواتر هه‌ردوو لا ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌كانی داهاتوو له ناوچه‌ و ره‌هه‌‌نده‌كانی گرینگی دان به پرسی كورد له ئێران له مێدیا فه‌ڕانسه‌وی‌یه‌كانیان‌دا تاوتوێ كرد.
دوایین بڕگه‌ی ئه‌م گه‌شته‌ سیاسی‌یه‌‌ی هاوڕێیانی پێوه‌ندی‌یه‌‌كانی حیزب له پاریس بریتی بوو له گفتگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا له‌گه‌ڵ به‌‌رپرسانی بنیاتی ئورووپایی رۆبێر شوومان. بنیاتی رۆبێر شوومان ناوه‌ندێكی به‌ئیعتباری لێكۆڵینه‌وه‌‌ی ستراتژی و لۆبیگه‌ری‌یه كه له بواری راوێژكاریی سیاسی سه‌باره‌ت به پرسه ئورووپایی و نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کان له‌گه‌ڵ ده‌بیرخانه‌ حكوومه‌تی‌یه‌كان و نیهاده ئورووپایی‌یه‌كان هاوكاری ده‌کا. شایانی باسه بابه‌تی راوێژی نێوان هاوڕێیانی حیزب و بنیاتی رۆبێر شوومان ده‌وری ده‌هه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری له ئێران و چۆنیه‌تیی لۆبیگه‌ری بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی گونجاو له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لانی ئێران له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا بوو.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1161 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact