. . . .


28 Nov 2009

له‌ سه‌ر داوای حدک، په‌روه‌نده‌ی تیرۆری د. قاسملوو له‌ پارلمان??


هه‌روه‌ک خوێنه‌ران ئاگادارن، له‌ رۆژانی 16 تا 18 ی نوا‌مبری 2009ی زایینی‌، هه‌یئه‌تێکی نوێنه‌رایه‌تیی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به‌ سه‌رپه‌ره‌ستیی هاوڕێ مسته‌فا شه‌ڵماشی ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی و به‌رپرسی کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی ده‌ره‌وه‌ی وڵات سه‌ردانی وڵاتی ئوتریشی کرد و له‌ چه‌ند دیدار و چاوپێکه‌وتن دا، به‌ جیا له‌ گه‌ڵ به‌رپرسانی حیزبی و حوکمی ئه‌و وڵاته‌ کۆبوونه‌وه‌. له‌ هه‌ر کام له‌و دیدارانه‌دا پرسه‌کانی مافی مرۆڤ له‌ ئێران، سه‌رکوت، ئه‌شکه‌نجه‌ و ئێعدامی چالاکانی بواره‌ جۆراوجۆره‌کان له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ لایه‌ن کۆماری ئیسلامی و سه‌ره‌نجام هه‌وڵدان بۆ وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌ی تیرۆری دوکتور عه‌بدوڕه‌حمانی قاسملوو که‌ ئامانجی سه‌ره‌کیی گه‌شته‌ دیپلۆماسیه‌که‌ی وه‌فدی حیزب بوو، تاوتوێ کران. ‌ له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌که‌دا، رۆژی سێ‌شه‌ممه‌، 17ی نوامبری 2009 وه‌فدی حیزبی دێموکراتی کوردستان سه‌ردانی‌ ده‌فته‌ری حیزبی سه‌وزی ئوتریشیان کرد و له‌ گه‌ل به‌ڕێزان پرۆفێسۆر ئه‌لکساندر فان ده‌ر بێڵن ئه‌ندامی پارلمانی ئوتریش و وته‌بێژی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی حیزبی سه‌وز و، خاتوو ئالێڤ کۆرون ئه‌ندامی پارلمانی ئوتریش و به‌رپرسی کۆمیته‌ی مافی مرۆڤی‌ پارلمان کۆبوونه‌وه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا وه‌فدی حیزب داوای له‌ لایه‌نی خانه‌خوێ کرد تا به‌ مه‌به‌ستی وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌ی تیرۆری د. قاسملوو هاوکاریی که‌مپه‌ینی وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌که‌ و حیزبی دێموکراتی کوردستان بکه‌ن.

به‌ دوای چاوپێکه‌وتنه‌که‌، له‌ دانیشتنێکی پارلمانی ئوتریش دا که‌ به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ "مایکل سپیندێلگێر" به‌ڕێوه‌چوو، رێزدار فان ده‌ر بێڵن خواسته‌کانی وه‌فدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی له‌ پارلمانی وڵاته‌که‌ی هێنایه‌ به‌ر باس و په‌روه‌نده‌ی تیرۆری دوکتور عه‌بدوڕه‌حمان قاسملوو و رۆڵی مه‌حموودی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌و تیرۆره‌ی وه‌بیر ئاماده‌بوان هێنایه‌وه‌. هه‌ر له‌و دانیشتنه‌دا خاتوو ئالێڤ کۆرون ئه‌ندام پارلمانی ئوتریش و به‌رپرسی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی پارلمان، باسی له‌ دۆخی خراپی مافی مرۆڤ له‌ ئێراندا به‌ گشتی و به‌ شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی له‌ به‌رابه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورد دا‌ کرد.
له‌م باره‌وه‌ پرۆفیسۆر فان ده‌ر بێڵن له‌ نامه‌یه‌کدا،‌ له‌ رێگای به‌ڕێز به‌هار عه‌بدوڵڵاپوور، وه‌فد‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی له‌ وته‌کانی خۆی بۆ پارلمانی ئوتریش له‌م باره‌وه‌ ئاگادار کرده‌وه‌.
له‌ خواره‌وه‌ ده‌قی نامه‌ی ئاگادار کردنه‌وه‌ی به‌ڕێز فان ده‌ر بێڵن و هه‌روه‌ها کورتکراوه‌ی وته‌کانی که‌ له‌ لایه‌ن هاوکارمان محه‌ممه‌دی فه‌قێ عه‌لی له‌ ئاڵمانیه‌وه‌ کراون به‌ کوردی، بڵاو کراونه‌ته‌وه‌:

به‌ڕێز به‌هار عبدوڵڵاپوور،
به‌ پێویستم زانی که‌ پێتان ڕابگه‌یه‌نم، هه‌ر وه‌ک له‌ دانیشتنی ڕۆژی 17/11/2009 له‌ گه‌ڵ هه‌یئه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستان قه‌ولم پێدان که‌ له‌ نیزیکترین ده‌رفه‌تدا له‌ سه‌ر ئێران {له‌ پارلمانی ئوتریش} باسێک بکه‌ین، له‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو دا ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ هاته‌ ئاراوه‌ و له‌ کاتی ئاماده‌بوونی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌دا خاڵه‌ گرینگه‌کان له‌ لایه‌ن من هاتنه‌ ناوباسه‌کانی پارلمان.
هه‌ربۆیه‌ ده‌قی وته‌کانم له‌ پارڵمان دا له‌ سه‌ر ڕاپۆرتی ساڵی 2008 ی وزاره‌تی ده‌ره‌وه‌ که‌ به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ له‌ پارلمان کران، ده‌نێرمه‌ لاتان.


به‌شێک له‌ وته‌کانی فان ده‌ر بێڵن له‌ پارلمانی ئوتریش:
به‌ڕێز سه‌رۆکی پارلمان!
به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و ئه‌ندامانی به‌ڕێزی پارلمان!
له‌ ڕاپۆرتی کاروباری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌دا، ئه‌وه‌ی سرنجی منی ڕاکێشا ئه‌وه‌یه‌ که‌ من به‌ دوای هه‌ڵوێستی ئوتریش دا ده‌گه‌ڕام له‌م ڕاپۆرته‌دا که‌ له‌ نیوه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌کدا له‌م ڕاپۆرته‌دا له‌ لاپه‌ڕه‌ی 49 دا شتێکم به‌رچاو که‌وت که‌ ته‌نیاو ته‌نیا په‌یوه‌ندی به‌ ئێران و پڕۆگرامه‌ ئه‌تۆمیه‌که‌یه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌وه‌ بۆ من شتێکی زۆر ساده‌یه‌ که‌ شته‌که‌ ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی کارێک دا ماوه‌ته‌وه‌ که‌ له‌ ساڵی 2008 دا ته‌واوی دنیای هه‌ژاند.
مه‌سه‌له‌ی ئێنیرژیی ئه‌تۆمی له‌ ئێران بوو به‌ چی؟ ئایه‌ ئێران توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، چه‌کی ناوه‌کی به‌رهه‌م بێبێ؟ ئێران چه‌نده‌ی ماوه‌ ده‌ستی بگاته‌ ئه‌م چه‌که‌ و کاردانه‌وه‌ی له‌ سه‌ر باری ئه‌منیه‌تی نه‌ ته‌نیا ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ڵکو له‌ سه‌ر ئه‌منیه‌تی دنیا چی ده‌بێت؟
به‌ بڕوای من نیو لاپه‌ڕه‌ بۆ وه‌ها کارێک زۆر زۆر که‌مه‌. من چاوه‌ڕوانی زیاترم ده‌کرد. سروشتیه‌ ئه‌گه‌ر من چاوه‌ڕوانیم له‌وه‌ نیه‌ که‌ له‌ ڕاپۆرتی 2008 دا باری ئه‌منیه‌تی ساڵی 2009 له‌ ئێران دا تاوتوێ بکرێ.
له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا و دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانیش باسێک بوو که‌ خاتوو ئالێڤ کۆرونی هاوکارم هه‌ر ئه‌مڕۆ باسی کرد و به‌ تایبه‌تی ئیشاره‌ی به‌ دۆخی خراپی مافی مرۆڤ له‌ ئێراندا به‌ گشتی و به‌ شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی له‌ به‌رابه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورد دا‌ کرد. ئه‌وه‌ی که‌ من لێی حاڵی بوبم پێم وانیه‌ که‌ ئه‌م فشار هێنانه‌ بۆ سه‌رکورده‌کان به‌ تایبه‌تی مه‌سه‌له‌یه‌کی مه‌زهه‌بی بێت، به‌ڵکو بۆ چاوترسێن کردنی هێزه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌کانی کوردی ئێرانه‌. چونکه‌ بۆیان ڕوونکردومه‌ته‌وه‌ که‌ کورده‌کان له‌ ئێران 60 له‌ سه‌دیان سونین و 30 ده‌رسه‌دیان شیعه‌ن و 10 ده‌رسه‌ده‌که‌ی دیکه‌شیان سه‌ر به‌ مه‌زهه‌به‌کانی دیکه‌ن.
به‌ڕاستی ئه‌وه‌ قابیلی قه‌بوڵ نیه‌ که‌ جه‌وانێک له‌ ئێران دا له‌ مه‌رحه‌له‌ی یه‌که‌مدا به‌ 10 ساڵ زیندان مه‌حکوم ده‌کرێ و دوای ئه‌وه‌ی که‌ داوای پیداچونه‌وه‌ به‌ په‌روه‌نده‌که‌ی دا ده‌کات. پێ‌تان وایه‌ چی ڕووده‌دات؟ ئه‌و جه‌وانه‌ به‌ ئیعدام مه‌حکوم ده‌کرێ هه‌ر زۆر ناخایه‌نێت که‌ ئه‌م حوکمه‌ش جێبه‌جێ ده‌کرێ، ته‌نیا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌ حیزبێکی نه‌یاری ڕێژیم دا چالاکی سیاسی بوه‌. من ده‌توانم ئه‌وه‌ ته‌نیا ناو بنێم سیاسه‌تی دروست کردنی ترس و خۆف و خه‌فه‌قان له‌ ناو هێزه‌ سیاسیه‌ دژبه‌ره‌کانی کوردی ئێران به‌ تایبه‌تی و ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا به‌ گشتی.
جه‌نابی وه‌زیر!
ساڵی 2008 یش سه‌رکۆماری ئێران هه‌ر ئه‌حمه‌دی نژاد بوو، ئه‌و له‌ وڵاتی ئوتریش ده‌بێ بدرێته‌ دادگا ته‌نیا ئه‌گه‌ر له‌ به‌ر به‌ درۆ زانینی هۆلۆکاستیش بێ. ئه‌وه‌ بابه‌تێکه‌ که‌ له‌ ساڵی 2008 دا له‌ لایه‌ن ئه‌و جه‌نابه‌وه‌ چه‌ندین جار دوپاته‌ کراوه‌ته‌وه و هه‌ر ئه‌و کاتیش ئه‌وه‌ موشکیله‌یه‌کی گه‌وره‌ بوو.
من مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه‌شتان دێنمه‌وه‌ بیر، ئه‌ویش جه‌ریانی کوشتنی کورده‌کانی وییه‌نه‌ که‌ 20 ساڵ له‌ مه‌وه‌به‌ر ڕوویدا و له‌و دا دوکتۆر قاسملوو وه‌ک یه‌کێک له‌ ڕێبه‌رانی کورد بو به‌ قوربانی و تا ئێستاش ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌روا په‌رده‌پۆش کراوه‌و ئه‌وه‌ له کاتێکدایه‌ که‌ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ خه‌ریکه‌ وه‌ڕاست ده‌گه‌ڕێن که‌ ئه‌حمه‌دی نژاد یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و گروپه‌ بوه‌ که‌ ئه‌م تیرۆره‌یان ئه‌نجام داوه‌.
من چاوڕوانیم له‌ ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی وه‌زاڕه‌تی ده‌ره‌وه‌ زۆر زیاتر بوو له‌وه‌ی که‌ هه‌یه‌. ده‌بوو لانیکه‌م ڕاپۆرتێک بوایه‌ که‌ ئیشاره‌یه‌کی به‌ خاڵه‌ گرینگه‌کان کردبایه‌. نابێ ئه‌م ڕاپۆرتانه‌ هه‌ر له‌ که‌شه‌ویه‌کان دا بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ دابندرێن و بڵێین ئه‌وه‌ ڕاپۆرتی 2008 ه‌و ته‌واوبوو دوایه‌ش فڕێ بدرێ. من له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م که‌ له‌ سه‌ر ئێران ده‌بوو زۆر شتی تری تێدا بگونجێندرابایه‌. لانیکه‌م به‌ علامه‌تێک له‌ خوار ڕاپۆرته‌که‌ به‌م مه‌سه‌له‌ گرینگانه‌ی ئێران ئیشاره‌ کرابایه‌ و با به‌ نێوی وه‌زاڕه‌تی ده‌ره‌وه‌ش نه‌بایه‌ و له‌ سه‌رتان نوسیبایه‌ که‌ ئه‌وه‌ نه‌زه‌ری نو‌سه‌ره‌ نه‌ک نه‌زه‌ری وه‌زاڕه‌تی ده‌ره‌وه‌. بۆ نمونه له‌ سه‌ر پرسیاره هه‌ستیاره‌کانی سه‌باره‌ت به‌ ئێران ده‌بوو ئه‌و کاره‌ کرابایه‌.
منیش له‌وه‌ حاڵیم که‌ وه‌زاڕه‌تی ده‌ره‌وه‌ ناتوانێ له‌ ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی خۆیدا ئیشاره‌ به‌وه‌ بکات که‌ ڕێژیمی ئیسلامی ئێران ڕێژیمێکی سه‌ده‌کانی سه‌ره‌تاییه‌ و به‌ بیانوو‌ی دین وه‌ک هه‌زاران ساڵ به‌ر له‌ ئێستا له‌ گه‌ڵ مرۆڤه‌کان هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات. یان ڕێژیمێکه‌ وه‌ک سه‌رده‌می یه‌کێتی سۆڤیه‌تی پێشوو {هه‌ڵسوکه‌ت ده‌کات} که‌ تا ساڵی 1989 درێژه‌ی کێشا. لێره‌دا ده‌مهه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم که‌ {ئه‌و رێژیمه‌} له‌ ناو خۆیدا ‌ئه‌وه‌نده‌ که‌وتۆته‌ ژێر فشار که‌ حه‌دد و حیسابی نیه‌، به‌ڵام له‌ سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌ییدا تا ڕاده‌یه‌ک هه‌ر وا له‌ مه‌یدان دایه‌.‌ حکومه‌تی سۆڤیه‌تی پێشوش خاوه‌نی چه‌کی ئه‌تۆمی بوو، به‌ڵام کاتێک کار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ناوخۆدا باوه‌ڕ و متمانه‌یه‌ک له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ به‌م ڕێژیمانه‌ نه‌ما، چه‌کی ئه‌تۆمیش ئه‌و مانایه‌ی که‌ ده‌بێ بۆ وڵاتێک هه‌یبێ، نایمێنێ.
جا که‌وابوو به‌ بڕوای من ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ نابێ له‌ کاتی دیپلۆماتیدا هه‌ر له‌ ده‌وری وه‌ها پرسیارێک خول بده‌ن.
له‌ کۆتایی دا سوپاس بۆ گوێگرتنتان."
--------------------------------------------------
تێبینیه‌کانی وه‌رگێڕ:
ئه‌م وتانه‌ی پرۆفسۆر ڤان ده‌ربێلن زیاتر له‌ 3 لاپه‌ڕه‌یه‌، من ته‌نیا ئه‌و به‌شه‌م کردۆته‌ کوردی که‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌بوه‌.
پرۆفێسۆر ئه‌لکساندر ڤانده‌ربێلن ئه‌ندامی پارلمانی ئوتریش و وته‌بێژی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی حیزبی سه‌وزو سه‌رۆکی پێشووی ئه‌م حیزبه‌یه‌.
خاتوو ئالێڤ کۆرون ئه‌ندام پارلمانی ئوتریش و به‌رپرسی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ له‌ پارلمانی ئوتریشه‌.
ئه‌و نامه‌یه‌ بۆ خاتوو به‌هاری عبدوڵڵاپوور نێردراوه‌ وه‌ک ئه‌ندامی هه‌یئه‌تی به‌شدار له‌ دانیشتنی رۆژی 17/11/2009 دا که‌ باقی ئه‌ندامه‌کانی دیکه‌ بریتی بوون له‌ کاک مسته‌فا شڵماشی، خاتوو گوڵاڵه‌ی شه‌ڕه‌فکه‌ندی، کاک دوکتۆر عه‌لی مازوچی.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1442 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact