. . . .


22 Nov 2009

فینلاند: به‌ڕێوه‌چوونی سمینارێکی گشتی بۆ به‌ڕێز سکرتێری گشتیی حی??


ناوه‌ندی هه‌واڵی ده‌ره‌وه‌ی وڵات: رۆژی شه‌ممه‌ 21ی نوامبری 2009 سیمینارێک به‌ به‌شداریی به‌ڕێزان کاک حه‌سه‌ن ره‌ستگار ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی و کاک سه‌عید به‌گزاده‌ به‌رپرسی ته‌شکیلاتی حیزب له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ به‌ڕێز کاک خالید عه‌زیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ شاری تورکو به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ سه‌ره‌تای سمیناره‌که‌دا به‌ڕێز ره‌حمان خالید نه‌ژاد به‌رپرسی ته‌شکیلاتی حیزب له‌ وڵاتی فینلاند به‌خێرهاتنی به‌شدارانی کرد. پاشان سروودی نه‌ته‌وایه‌تیی ئه‌ی ره‌قیب له‌ لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی گه‌له‌که‌مان مامۆستا ره‌شیدی فه‌یزی نه‌ژاد پێشکه‌ش کرا و ئاماده‌بوان بۆ رێزگرتن له‌ یاد و خه‌باتی شه‌هیدانی رێگای رزگاریی کوردستان ده‌قیقه‌یه‌ک به‌ بێده‌نگی راوه‌ستان.
به‌ڕێز سه‌ید ئه‌حمه‌د حسینی به‌رپرسی کۆمیته‌ی فینلاند وێڕای به‌خێرهێنانی به‌شداران چه‌ند وته‌یه‌کی له‌ سه‌ر ئامانجی پێکهێنانی سمیناره‌که‌ پێشکه‌ش کرد و داوای له‌ سکرتێری گشتیی حیزب کرد وته‌کانی پێشکه‌ش بکا.
به‌ڕێز کاک خالید عه‌زیزی له‌ سه‌ره‌تادا به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ چۆنیه‌تی و ئامانجی دامه‌زرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پاشان دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان له‌ لایه‌ن ئه‌م حیزبه‌وه‌، رایگه‌یاند "حیزبی دێموکراتی کوردستان 64 ساڵ له‌وه‌ پێش که‌ له‌ سه‌ر ده‌ستی پێشه‌وا دامه‌زرا، به‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌کی مه‌ده‌نی دامه‌زرا، حیزبێک بوو که‌ نه‌ له‌ ئاکامی خه‌باتی چه‌کداری به‌ڵکو له‌ ناو عه‌قڵیه‌تی شار و به‌ به‌شداریی چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا، بۆ به‌ڕێوه‌به‌ریی و ئیداره‌ی وڵات دامه‌زراند. که‌وابوو مه‌ده‌نیه‌ت و هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ که‌ حیزبی دێموکرات له‌ مه‌جالی قانوونی که‌ڵک وه‌رگرێ و ئیستیفاده‌ی لێ بکا، له‌ نێو حیزبی دیموکراتی کوردستان دا تاکتیک و شوعار نییه‌ به‌ڵکو نه‌مایه‌ و جه‌وهه‌ر و فه‌لسه‌فه‌ی دامه‌زرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌." به‌ڕێز عه‌زیزی له‌ درێژه‌ی ئه‌م باسه‌دا وتی: به‌ داخه‌وه ره‌وتی زه‌مان و ئاڵوگۆڕه‌کان و گۆڕانی ته‌وازونی قوا له‌ ئێران و له‌ کوردستان ئه‌و مه‌جاله‌ی‌ بۆ حیزبه‌که‌ی پێشه‌وا و حیزبه‌که‌ی کۆماری کوردستان نه‌دا له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌، به‌ تێکه‌ڵاوی له‌ گه‌ڵ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک سیاسه‌ت بکا و بتوانێ پرۆژه‌یه‌کی باش بۆ ئیداره‌ی وڵات له‌ ئاینده‌دا جێبه‌جێ بکا. شه‌ڕی داسه‌پاو و ده‌ربه‌ده‌ری و تا راده‌یه‌کیش کێشه‌ ناوخۆییه‌کان و ئینشعابات و ئینشقاقاتیش قورساییه‌کی زۆر بووه‌ له‌ سه‌ر شانی ئێمه‌ که‌ نه‌مانتوانی یان ئه‌و مه‌جاله‌مان بۆ هه‌ڵنه‌که‌وتووه‌ تا پرۆژه‌که‌ی کۆماری کوردستان و ئه‌وه‌ی که‌ حیزبی دێموکراتی له‌ سه‌ر دامه‌زرا ئیدامه‌ی بده‌ین."
له‌ به‌شێکی دیکه‌ی وته‌کانیدا، به‌ڕێز عه‌زیزی ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ ئه‌گه‌رچی له‌ ئاکامی ده‌یان ساڵ خه‌بات و تێکۆشاندا حیزبی ئێمه‌ و حیزبه‌کانی دیکه‌ش ئه‌زموونی زۆریان وه‌سه‌ریه‌ک ناوه‌، به‌ڵام گۆڕانکاری و هێنانه‌ گۆڕی سیناریۆیه‌کی گونجاو بۆ ئه‌وه‌ بتوانێ مه‌سه‌له‌ی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان چاره‌سه‌ر بکا، به‌ ته‌نیا ئه‌رکی حیزبی ئێمه‌ نییه‌.
به‌ دوای ئه‌و وتانه‌دا، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌ سه‌ر هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان کرد و وتی: ئێمه‌ وه‌ک کورد ده‌بێ وه‌زن و قورسایی خۆمان له‌ پانتایی و گۆڕه‌پانی سیاسیی ئێراندا بناسین. ئێرانه‌ وڵاتێکه‌ که‌ ته‌نه‌وعات و جۆراوجۆری تێدا هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌و ته‌نه‌وعاته‌ به‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ سه‌حنه‌ی سیاسیی ئه‌و وڵاته‌دا جێ که‌وتبێ و له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ قانوون دامه‌زرابێ. ئێران وڵاتێکه‌ که‌ له‌ سه‌ر حوزوری فه‌عالی فارس و ئازه‌ری پێکهاتووه‌. سه‌ره‌رای ئه‌وانه‌ش ئێمه‌ فێدرالیزم پێشنیار ده‌که‌ین. ئه‌وه‌ش نوسخه‌یه‌کی باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئێران موته‌مه‌رکیز نه‌بێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ که‌ سه‌حنه‌ی سیاسیی ئێران زۆر به‌ ئاسانی فیدرالیزم قه‌بوڵ ده‌کا."
به‌ڕێز سکرتێری گشتی له‌ به‌شێکی تری باسه‌که‌یدا ئاماژه‌ی به‌ کارنامه‌ی خه‌باتی ده‌یان ساڵه‌ی گه‌لی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ دژی کۆماری ئیسلامی کرد به‌ڵام هاوکات ئه‌وه‌شی راگه‌یاند که‌ ئه‌و خه‌بات و تێکۆشانه‌ بۆ ئێمه‌ی کورد، بۆ فه‌رهه‌نگ و کۆمه‌ڵگای کورد و ناسنامه‌ی کوردی کارنامه‌یه‌ به‌ڵام له‌ سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌و کارنامه‌یه‌ ناتوانین له‌ تاران معامه‌له‌ له‌ گه‌ڵ میلله‌ته‌کانی دیکه‌ به‌ تایبه‌ت فارس و ئازه‌ری بکه‌ین. له‌ مه‌یدانی سیاسه‌ت و سه‌حنه‌ی سیاسه‌ت دا راده‌ی حوزور و راده‌ی توازن قوا و راده‌ی ئه‌وه‌ که‌ ئێمه‌ له‌و گۆڕه‌پانی ئاڵوگۆڕانه‌دا چه‌نده‌ فاکتۆرین، ئه‌وه‌ ده‌یباته‌وه‌. بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ک حیزبی دێموکراتی کوردستان تێکۆشاوین له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا راده‌ی حوزوری خۆمان به‌ هێز بکه‌ین. به‌و مانه‌یه‌ خه‌ڵکێکی زیاتر هان بده‌ین له‌ مه‌یدانی جموجۆڵ و فه‌عالیه‌ت که‌ له‌ گه‌ڵ وه‌زع و ژیانی ئه‌وان گونجاو بێ و له‌ چوارچێوه‌ی قانوونه‌کانی جمهوری ئیسلامی به‌و لانیکه‌مه‌ی که‌ ده‌گونجێ، هه‌وڵ بده‌ین و هانیان بده‌ین که‌ کار بکه‌ین. هه‌نگاوی دووهه‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌ کۆمه‌ڵگای ئێران ده‌بێ ده‌رکی کێشه‌که‌ی ئێمه‌ ده‌رک بکا و مه‌سه‌له‌ی کورد ببه‌ینه‌ نێو کۆمه‌ڵگای ئێران. هه‌نگاوی سێهه‌م ئه‌وه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ چالاکانی فه‌رهه‌نگی، حقوقی، مافی مرۆڤ و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی له‌م دواییانه‌ به‌ ناوی بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز ناوی ده‌رکردووه‌، پێوه‌ندیان له‌ گه‌ڵ بگرین و له‌و فورسه‌ته‌ی هاتۆته‌ گۆڕێ، مه‌سه‌له‌ی کوردیان له‌ گه‌ڵ باس بکه‌ین.
سه‌باره‌ت به‌ ئاڵ‌وگۆره‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی نێوخۆی ئێران دوای هه‌ڵبژاردنی خولی ده‌یه‌می سه‌رۆککۆماری له‌ ئێراندا به‌ڕێز عه‌زیزی ووتی که‌: ئه‌م خۆپێشاندان و بزوتنه‌وه‌ ئیعترازیه‌ی‌ که‌ ئه‌مرۆ به‌ بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز ناوی ده‌رکردووه‌ و که‌لێنی خستۆته‌ نێو ده‌سه‌ڵاتی ئێران، زۆر پێویسته‌ که‌ ئێمه‌ هێزه‌ سیاسی‌یه‌کان و گه‌لی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ قۆستنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌له‌، ئامانجه‌ بنه‌ڕه‌تی‌یه‌کانی خۆمان بگه‌یه‌نینه‌ گوێی هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ بۆ ئازادی تێده‌کۆشن و له‌هه‌مان کاتدا له‌ به‌رامبه‌ر به‌ کێشه‌ و ئاڵ‌وگۆڕه‌کان له‌ تاران بێ ته‌فاوه‌ت نه‌بین و مه‌جال بۆ خۆمان درووست بکه‌ین که‌ مه‌سه‌له‌ی کورد له‌ ئێراندا بێته‌ گۆڕی و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵکی ئێران زۆرتر له‌ قه‌زیه‌ کورد تێبگه‌یێنین و خه‌باته‌که‌مان زیاتر به‌ نه‌ته‌وه‌کانی بن ده‌ستی ئێران بناسێنین.
به‌ دوای ته‌واو بوونی وته‌کانی کاک خالید به‌شداران به‌ گشتی به‌ هێنانه‌ گۆڕی پرسیار و تێ‌بینی‌یه‌کانی خۆیان باسه‌که‌یان چڕوپڕتر کرد و دواتر له‌ لایه‌ن سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه‌ به‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌کان درایه‌وه‌ و سوپاسی گشت لایه‌کی کرد که‌ له‌ باسه‌کاندا به‌شداریان کردووه‌‌.
به‌شی دووهه‌می ئه‌م سمیناره‌ ته‌رخان کرابوو بۆ باسه‌ ته‌شکیلاتیه‌کانی پێوه‌ندیدار به‌ کۆمیته‌ی فینلاند که‌ راپۆرتی ئه‌و به‌شه‌ی سمیناره‌که‌ دواتر بڵاو ده‌کرێته‌وه‌.
sminar-azizi.jpg
sminar-kakxalid2.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1272 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact