. . . .


18 Nov 2009

وه‌فدێکی پایه‌به‌رزی حیزب له‌ گه‌ڵ به‌رپرسانی حیزبی سه‌وزه‌ک?


ناوه‌ندی هه‌واڵ - محه‌ممه‌د فه‌قێ عه‌لی: له‌ په‌ڕاوێزی سه‌ردانی هه‌یئه‌تێکی کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ‌ وڵاتی ئوتریش و ئه‌و زنجیره‌ چالاکیه‌ دیپلۆماسیانه‌ی که‌ به‌ مه‌به‌ستی ناساندنی هه‌رچی زیاتری ناوه‌رۆکی دژی گه‌لیانه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران و گه‌یاندنی ده‌نگی واژۆکارانی که‌مپینی وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌ی دوکتۆر قاسملو و هه‌روه‌ها پێداچونه‌وه‌ی به‌ په‌یوه‌ندیه‌کان له‌ گه‌ڵ حیزب و ناوه‌نده‌کانی حکومه‌تی له‌ وڵاتی ئوتریش، ‌ ڕۆژی سێ‌شه‌ممه‌ 17ی نوڤامبری 2009 به‌ڕیزان کاک مسته‌فا شلماشی ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی و به‌رپرسی کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، خاتوو گوڵاڵه‌ی شه‌ڕه‌فکه‌ندی ئه‌ندامی کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و وته‌بێژی که‌مپه‌ینی وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌ی تیرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، خاتوو به‌هار عه‌بدوڵڵاپوور جێگری به‌رپرسی کۆمیته‌ی حیزب له‌ وڵاتی ئوتریش و دوکتۆر عه‌لی مازوچی به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌ بیانیه‌کانی کۆمیته‌ی ئوتریش سه‌ردانی ده‌فته‌ری حیزبی سه‌وزی ئوتریشیان کرد و له‌ گه‌ل به‌ڕێزان پرۆفێسۆر ئه‌لکساندر ڤانده‌ربێلن ئه‌ندامی پارلمانی ئوتریش و وته‌بێژی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی حیزبی سه‌وزو سه‌رۆکی پێشووی ئه‌م حیزبه‌، خاتوو ئالێڤ کۆرون ئه‌ندامی پارلمانی ئوتریش و به‌رپرسی کۆمیته‌ی مافی مرۆڤی‌ پارلمان دیداریان کرد.

ئه‌م دیداره‌ که‌ له‌ کاتژمێری 12ی نیوه‌ڕۆ تا یه‌ک و نیوی دوای نیوه‌ڕۆ درێژه‌ی کێشا، په‌‌روه‌نده‌ی تیرۆری دوکتۆر قاسملو و داوای هاوکاری بۆ وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ئه‌م په‌روه‌نده‌یه‌، ئه‌و غه‌دره‌ی له‌ پێته‌ختی وڵاتێکی ئوروپایی له‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد کرا، ڕێگریی ده‌وڵه‌تی ئه‌وکاتی ئوتریش له‌ به‌دواداچونی ئه‌و قه‌تڵه‌ له‌ لایه‌ن دادگاو‌ به‌ربه‌سته‌کانی سه‌ر ڕێگای ئه‌م کاره‌ باسه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی ئه‌م دیداره‌ بوون. هه‌یئه‌تی حیزب داوای هاوکاری له‌ حیزبی سه‌وز کرد تا بۆ وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌که‌ گوشار بخاته‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تی وڵاته‌که‌ی.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌دا تیشک خرایه‌ سه‌ر هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆی ئێران و گۆرانکاریه‌ سیاسیه‌کانی دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆمار‌ که‌ ئه‌و داواکاریه‌ له‌م کات و ساته‌ و له‌ وه‌زعی ئه‌م ڕۆی ئێران دا ده‌توانێ ده‌وری کایگه‌ر ببینێ بۆ ڕێگری له‌ سه‌ره‌ڕۆیی حاکمانی ئێران و به‌ تایبه‌ت ئه‌حمه‌دی نژاد که‌ یه‌کێک له‌ مۆره‌کانی تیمی به‌ڕێوه‌بردنی تیرۆری وییه‌ن بوه‌ و ئه‌مڕۆ سه‌رۆککۆماری ده‌وڵه‌تی کوده‌تای ئێرانه‌.

له‌ درێژه‌ی باسه‌کاندا هه‌یئه‌تی حیزب باسێکی له‌ سه‌ر توندو تیژیه‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان کردو به‌تایبه‌تی له‌ دوای هه‌ڵبژاردن که‌ کۆماری ئیسلامی ئیران ده‌ستی داوه‌ته‌ گرتن و ئیعدام . وه‌ک نمونه‌ باسی ئیعدامی ئیحسان فه‌تاحیان کرا که‌ له‌ حوکمی ده‌ساڵ زیندانه‌وه‌ دوای پێداچونه‌وه‌ی ئه‌م حوکمه‌ یه‌کڕاست بۆ حوکمی ئیعدام گۆڕاو هه‌ر زۆر زووش بێ گوێدان به‌ ناره‌زایه‌تیه‌ نێونه‌ته‌وه‌یی و ناوخۆییه‌کان ئه‌م حوکمه‌یان به‌ڕێوه‌برد. هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ کرا که‌ هه‌ر ئیستاش له‌ زیندانه‌کانی کۆماری ئیسلامی دا ده‌یان که‌س له‌ چالاکانی بواره‌کانی مافی مرۆڤ، مامۆستایان، ڕۆژنامه‌وانان، نوسه‌ران و چالاکانی تری بواری کاروباری مه‌ده‌نی به‌ ئیعدام مه‌حکوم کراون و چاره‌نوسیان نادیاره‌. هه‌ر له‌م پێوه‌ندیه‌دا له‌ لایه‌ن هه‌یئه‌تی میوانه‌وه‌ لیستێک له‌و ئه‌و که‌سانه‌ ڕاده‌ستی‌ هه‌یئه‌تی خانه‌خوێ کرا و پیداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرا که‌ بۆ ڕاوه‌ستانی حوکمی ئیعدامی ئه‌و دوازده‌ چالاکوانه‌ کورده‌ی که‌ له‌ ژێر حوکمی سێداره‌ دان، پێویسته‌ ده‌وڵه‌ته‌کانی ئوروپایی و یه‌ک له‌وان ئوتریش بێ له‌ ده‌ست دانی کات دژکرده‌وه‌ له‌ خۆیان نیشان بده‌ن.

چۆنیه‌تی کاری که‌مپه‌ینی وه‌گه‌ڕ خستنه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌ی شه‌هیدانی وییه‌ن، مه‌تنی که‌مپه‌ین به‌شێکی دیکه‌ له‌ باسه‌کانی هه‌یئه‌تی حیزب بوون و دواتر نوسخه‌یه‌کی ئیمزاکان ته‌حویلی پرۆفسۆر ڤانده‌ربێلن درا بۆ به‌دواداچونه‌وه‌و پشتگیری ئه‌وان له‌م داواکاریه‌.

پاشان باسێکی تێروته‌سه‌ل له‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی حیزب له‌مه‌ر هه‌ڵبژاردنی ده‌وری ده‌یه‌می سه‌رۆککۆماری له‌ ئێران، چۆنیه‌تی هاوکاری حیزب له‌ گه‌ل ڕێکخراوه‌ کوردیه‌کانی ئێران، هه‌روه‌ها روانگه‌یی حیزب له‌سه‌ر ئیسلاحته‌ڵه‌بان و ڕیفۆرمخوازانی ناو خۆی وڵات، په‌یوه‌ندی حدک له‌ گه‌ل حیزبه‌کانی پارجه‌کانی دیکه‌ی کوردستان و به‌رنامه‌ی حیزب بۆ داهاتوی ئێران هاته‌ گۆڕێ که‌ له‌ وڵامی پرسیاره‌کانی هه‌یئه‌تی خانه‌خوێ دا هاته‌ ئاراوه‌.

هه‌یئه‌تی خانه‌خوی خۆشحاڵی خۆی له‌م دیداره‌ ده‌ربڕی و به‌ڵێنیان دا که‌ به‌ زووترین کات له‌ پارڵمانی ئوتریش مه‌سه‌له‌ی ئه‌و ئیعدامانه‌ باس بکه‌ن و هه‌روه‌ها له‌ مه‌ڕ په‌روه‌نده‌ی تیرۆری دوکتۆر قاسملو دڵنیاییان دا که‌ له‌م باره‌وه‌ پرسه‌کان به‌ره‌ورووی حکومه‌ت ده‌که‌نه‌وه‌.

هه‌ر له‌م دانیشتنه‌دا وه‌فده‌که‌ی حیزب ئاگادار کران که‌ ‌ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 19ی نوڤامبرله‌ کۆبه‌نه‌وه‌ی کۆمیته‌ی مافی مرۆڤی پارلمان باس له‌ سه‌ر ئه‌شکه‌نجه‌ و ئیعدامه‌کانی ناو زیندانه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌کرێ.
otrish-didari-sewz.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1446 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact