. . . .


17 Nov 2009

لیستی واژۆکه‌رانی که‌مپه‌ینی وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی په‌روه‌ن??


ناوه‌ندی هه‌واڵ - محه‌ممه‌د فه‌قێ عه‌لی: ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ڕێکه‌تی 16ی نوامبری 2009 هه‌یئه‌تێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهاتوو له‌ هاوڕێیان کاک مسته‌فا شڵماشی ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی و به‌رپرسی کۆمیته‌ی به‌ڕێوەبه‌ریی حیزب له‌ دەرەوەی وڵات، گوڵاڵه‌ی شه‌ڕه‌فکه‌ندی به‌رپرسی کۆمیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کیه‌تی ژنانی دیمۆکراتی کوردستان و ئه‌ندامی کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵات، دوکتۆر عه‌لی مازوچی به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌ خاریجیه‌کانی کۆمیته‌ی ئوتریش و قادری ڕه‌سوڵیان ئه‌ندامی ڕاوێژکاری کۆمیته‌ سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئوتریشیان کرد که‌ له‌ لایه‌ن دوکتۆر فریدریش شتیفت به‌رپرسی کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ وه‌زاڕه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی ئوتریش پێشوازیان لێکرا. له‌م دیداره‌ که‌ له‌ کاتژمێر یازده‌ی به‌یانی‌ ده‌ستی پێکردو ماوه‌ی سه‌عات و نیوێکی خایاند، له‌ سه‌ره‌تادا به‌ڕێز مسته‌فا شڵماشی ئاماژه‌ی به‌ دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندی نیزیکی نێوان حیزبی دیمۆکراتی کوردستان و ده‌وڵه‌تی ئوتریش کرد که‌ زه‌مانێکی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ بۆ حدک جێگای هومێدو دۆستیکی دڵسۆز بوه‌، وه‌ک نمونه‌یه‌ک له‌ دۆستایه‌تی باسی په‌یوه‌ندی دوکتۆر کرایسکی و دوکتۆر قاسملوو له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاکاندا کرا که‌ له‌ لایه‌ن حدک چه‌ندین کادری حیزبی وه‌ک دانیشجو بۆ درێژه‌دانی خوێندن له‌ لایه‌ن وڵاتی ئوتریشه‌وه‌ وه‌رگیران و چه‌ند جارێکیش که‌م ئه‌ندامانی شه‌ری داسه‌پاوی کوردستان له‌ لایه‌ن ئه‌م وڵاته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری و مانه‌وه‌یان له‌م وڵاته‌ په‌نا دراو‌ن،به‌ڵام تیرۆری دوکتۆر قاسملو ئه‌گه‌ر زه‌ربه‌یه‌کی گه‌وره‌بوو بۆ حیزبی دێموکرات و گه‌لی کورد، کاره‌ساتێکی سیاسیش بوو بۆ ده‌وڵه‌تی ئوتریش. له‌م په‌یوه‌ندیه‌دا هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌تی ئوتریش‌ زۆر دۆستانه‌ نه‌بو‌ و دڵساردی کورده‌کان له‌ ده‌وڵه‌تی ئوتریش به‌ گشتی و ناهومێدی حدک به‌ تایبه‌تی لێکه‌وته‌وه‌.

له‌ به‌شێکی تری وته‌کانیدا به‌ڕێز شڵماشی ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا که‌ وڵاتانی ئوروپی گرینگی زیاتریان داوه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری و په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئێران دۆستایه‌تی له‌ گه‌ڵ گه‌لی کورد و راشیگه‌یاند که‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کان نابێ ببنه‌ هۆی چاوپۆشی له‌ پیشێلکرانی مافی مرۆڤ که‌ یه‌کێک له‌وانه‌ تیرۆری دوکتۆر قاسملوو. به‌ واتایه‌ک ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تانی ئوروپایی و یه‌ک له‌وان ئوتریش ئه‌و هه‌ڵویسته‌ی ئه‌وده‌میان نه‌گرتبایه‌، له‌وانه‌بوو ئه‌مڕۆ مه‌سه‌له‌ی هاتنه‌ سه‌رکاری ئه‌حمه‌دی نژاد ئه‌و هه‌موو کێشه‌یه‌ی بۆ خه‌ڵکی جیهان و کوشت و بڕی زیاتری ئازادیخوازن له‌ ئێرانی دروست نه‌کردبایه‌، ده‌وڵه‌تان ده‌بێ کۆمه‌ک بکه‌ن بۆ داکۆکیکردن له‌ مافی مرۆڤ له‌ ئێراندا، نابێ مه‌سه‌له‌ی چه‌کی ناوه‌کی ته‌نیا ته‌وه‌ری گرینگی وتوێژ‌ه‌کان بێ. له‌ درێژه‌ی وته‌کانیدا به‌رپرسی کۆمیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزب وتی که‌ زۆربه‌ی خه‌ڵکی ئێران و به‌ تایبه‌ت کورده‌کان خوازیاری ئاڵوگۆڕ له‌ ئێرانن و ده‌وڵه‌تانی ئوروپایی و یه‌ک له‌وان ده‌وڵه‌تی ئوتریش ده‌بێ سه‌رمایه‌گوزاری له‌ سه‌ر ئاینده‌ی ئێران و خه‌ڵکی ئێران بکه‌ن، نه‌ک له‌ سه‌ر ئه‌مڕۆی ده‌وڵه‌تی ئێران که‌ خه‌ڵک له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان نیشانیان دا که‌مترین پێگه‌ی له‌ نێو خه‌ڵکی ئێراندا هه‌یه‌.

دواتر به‌ هێنانه‌گۆڕی باسی که‌مپینی وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌ی تیرۆری دوکتۆر قاسملو، هه‌یئه‌تی حیزب ئاماژه‌ی به‌ مه‌تنی که‌مپین کرد و لیستی ئیمزاکان له‌ لایه‌ن هه‌یئه‌ته‌وه‌ به‌ ڕه‌سمی ته‌حویلی دوکتۆر شتیفت دران. خاتوو گوڵاله‌ شه‌ڕه‌فکه‌ندی که‌ وه‌ک یه‌کێک له‌ رێکخه‌رانی که‌مپه‌ین هاوڕێیه‌تی وه‌فده‌که‌ی ده‌کرد، باسێکی له‌ سه‌ر که‌مپین و چۆنیه‌تی کار و هه‌وڵه‌کانی کۆمیته‌ که‌مپه‌ینی وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌ی دوکتور قاسملوو کرد و ئاماژه‌ی به‌ ناوی ئه‌و که‌سایه‌تیه‌ ئوروپیانه‌ کرد که‌ پشتیوانی خۆیان له‌م که‌مپینه‌ ده‌ربڕیوه‌و ده‌نگی خۆیان خستۆته‌ پاڵ ده‌نگی کورده‌کان بۆ داواکاری وه‌گه‌ڕخسته‌نه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌که‌. رێزدار شه‌ره‌فکه‌ندی به‌ وه‌ک نموونه‌ ئاماژه‌ی به‌ ناوی که‌سانێک وه‌ک مادام میتران، لۆرد ئێوبێری،بێرنارد گرانژۆن، ئینگڤار کارڵسۆن، کۆنی فریدریکسۆن و ده‌یان سه‌ناتۆری بێلژیکی و که‌سایه‌تی ئینگلستان و فه‌رانسه‌وی و هی تر کرد.

وێڕای ئه‌وه‌ش به‌ڕێز شه‌ره‌فکه‌ندی ئاماژه‌ی به‌و ڕاستیه‌‌ش کرد، که‌ هیندێک که‌س له‌ ترسی جاسوسانی ده‌وڵه‌تی ئێران ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش نه‌یانوێراوه‌ ئیمزای خۆیان بخه‌نه‌ ژێر ئه‌م داخوازیه‌.

له‌ درێژه‌ی ئه‌م باسانه‌ دا ئیشاره‌ به‌وه‌شکرا که‌ به‌ پێی سه‌رچاوه‌ی باوڕپێکراو کۆماری ئیسلامی بۆ وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ماشێنی تیرۆری جیابیران له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌نگاوی ناوته‌وه‌ وێده‌چی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی ئێران وه‌ک چۆن له‌ ناوخۆی وڵات دا جیابیران قه‌تڵوعام ده‌کات له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش ده‌یانخاته‌ ژێر فشار و بۆ له‌ به‌ینبردنیان هه‌وڵ بدات، بۆیه‌ هه‌ر هه‌ڵوێستی پۆزه‌تیڤی ده‌وڵه‌تی ئوتریش له‌مه‌ڕ داخوازی ئه‌م که‌مپه‌ینه‌ ده‌توانێ ده‌وریکی کاریگه‌ری هه‌بێت بۆ به‌رگری له‌ پیلان و پلانه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ به‌ جیابیران و چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نی.

هه‌یئه‌تی حیزب هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد که‌ رۆژی 13ی جولای ئه‌م ساڵ له‌ بیسته‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی تیرۆری دوکتۆر قاسملو نامه‌یه‌ک له‌ لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ به‌رده‌رکی کۆمیسیۆنی ئوروپا له‌ بروکسێل کۆببونه‌وه‌، ته‌سلیمی کۆمیسیۆن کرا که‌ له‌ کۆمیسیۆنی ئوروپا داوا کرابوو تا داوا له‌ ده‌وڵه‌تی ئوتریش بکات که‌ چیدیکه‌ به‌ر به‌ وه‌گه‌ڕکه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌م په‌روه‌نده‌یه‌ نه‌گرێ.

هه‌یئه‌تی حیزب هه‌روه‌ها رایگه‌یاند که‌ ئه‌وه‌ وه‌ک ‌ دووهه‌م هه‌نگاو بۆ وه‌گه‌ڕ خستنه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌ی تیرۆری دوکتور قاسملوو له‌ ڕێگای ئه‌م دانیشتنه‌ ڕه‌سمیه‌ ‌ داوای کورده‌کان ڕووبه‌ڕووی ده‌وڵه‌تی ئوتریش ده‌کرێته‌وه‌و کورده‌کان چاوه‌ڕوانی وه‌ڵام یان هه‌نگاوی شیاو له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئوتریش ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوای ماوه‌یه‌کی تر هیچ وڵامێک نه‌بێت، ئه‌و ده‌م حیزبی دێموکراتی کوردستان ناچار ده‌بێ له‌ هه‌نگاوی سێهه‌م دا شکایه‌تێک له‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تی ئوتریش له‌ دادگای مافیمرۆڤی ئوروپادا تۆمار بکات.؛

دواتر دوکتۆر شتیفت هێندێک پرسیاری له‌مه‌ر چۆنیه‌تی وه‌زعی کورده‌کان له‌ دوای هه‌ڵبژارد‌نی ده‌وری ده‌یه‌می سه‌رۆککۆماری له‌ ئێران ئاراسته‌ی هه‌یئه‌تی حیزب‌ کرد و که‌ له‌م باره‌وه‌ به‌ چڕوپڕی باسی وه‌زعییه‌تی پێشێلکاری مافی مرۆڤ له‌ ئێراندا کرا و ئاماژه‌ به‌ بارودۆخی ناله‌باری کورده‌کان له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دا کراو وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گر ئیشاره‌ به‌ گۆڕینی حوکمی ده‌ساڵ زیندانی ئیحسانی فه‌تاحییان له‌ دادگای پێداچونه‌وه‌ بۆ حوکمی ئیعدام کرا، له‌ کاتێکدا که‌ زۆربه‌ی ڕێکخراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌یه‌کانی مافی مرۆڤ داوای ڕاوه‌ستانی ئه‌م حوکمه‌یان کرد به‌ڵام له‌ به‌رچاوی ته‌واوی دنیادا و بێ گوێ دان به‌ بایخه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان، ئیحسانی فه‌تاحیانیان ئیعدام کرد. واوێده‌چی که‌ ئه‌مه‌ یه‌که‌م هه‌نگاوی کۆماری ئیسلامیش نه‌بێت، چونکه‌ هه‌ر ئێستا له‌ چاڵه‌ڕه‌شه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران دا ده‌یان چالاکی مه‌ده‌نی و سیاسی هه‌ن که‌ به‌ ئیعدام مه‌حکوم کراون و مه‌ترسی ئه‌وه‌یان له‌ سه‌ره‌ که‌ هه‌ر ئیستا خه‌به‌ری ئیعدامیان بڵاو بێته‌وه‌.له‌ مه‌ڕ ئه‌م پێشێلکاریانه‌ی مافی مرۆڤ هه‌یئه‌تی حدک لیستێکی پێشێلکاریه‌کانی مافی مرۆڤ له‌ کوردستان له‌ لایه‌ن کۆماری ئیسلامی، ته‌حویلی لایه‌نی خانه‌خوێ درا که‌ له‌ چه‌ند مانگی ڕابردودا ئه‌نجام دراون.
otrish-kempein1.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1394 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact