. . . .


17 Nov 2009

ئوتریش: به‌ڕێوه‌چوونی سیمینارێک بۆ به‌ڕێز مسته‌فا شه‌ڵماشی له???


ناوه‌ندی هه‌واڵ: رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 15ی نوڤامبری 2009 له‌ شاری وییه‌ن پێته‌ختی وڵاتی ئوتریش سمینارێک له‌ لایه‌ن کۆمیته‌ی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بۆ به‌ڕێز کاک مسته‌فا شڵماشی ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی و به‌رپرسی کۆمیته‌ی به‌ڕیوه‌به‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزب به‌ڕێوه‌ چوو.
کۆنفرانسه‌که‌ که‌ ماوه‌یه‌ک له‌وه‌ پێش به‌رنامه‌ی بۆ دارێژرابوو، به‌ مه‌به‌ستی مه‌حکوم کردنی ئیعدامی چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نیی کورد له‌ لایه‌ن حکومه‌تی کۆماری ئیسلامیه‌وه‌ به‌ ناوی دوایین چالاکی ئیعدام کراوی کورد، شه‌هید ئیحسان فه‌تاحیان ناودێر کرا و به‌ ده‌قیقه‌یه‌ک وه‌ستان بۆ گیانی پاکی شه‌هیدانی رێگای ئازادیی کوردستان به‌ تایبه‌ت شه‌هید ئیحسان فه‌تاحی ده‌ستی پێکرد.

بابه‌تی ئه‌م سیمیناره‌ که‌ به‌ شێوه‌ی ئازاد بۆ کورده‌کانی وڵاتی ئوتریش به‌ڕێوه‌چوو، بریتی بوو له‌: "ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌نووکه‌یی و ڕۆڵی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان".

له‌ ده‌ستپێکی سیمیناره‌که‌ دا که‌ کاتژمێر سێ و نیوی دوانیوه‌ڕۆ ده‌ستی پێکرد، له‌ لایه‌ن محه‌ممه‌دی فه‌قێ عه‌لی یه‌وه‌ به‌خێر هاتنی سه‌رجه‌م به‌شداران به‌ تایبه‌ت کاک مسته‌فا شڵماشی کرا .

پاشان رێزدار مسته‌فا شڵماشی باسه‌کانی خۆی ده‌ست پێکرد که‌ ئه‌‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌یان له‌ خۆ گرتبوو:

باس له‌ سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ گشتی و له‌ قۆناغی دوای کوده‌تای هه‌ڵبژاردن له‌ ئێران دا به‌ تایبه‌ت. به‌ڕێز کاک مسته‌فا له‌م به‌شه‌دا ئیشاره‌ی به‌ به‌رزبونه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کرد و ئه‌م هه‌سته‌شی وه‌ک خاڵێکی زۆر گرینگ بۆ جێگه‌وپێگه‌ی کورد له‌ داهاتووی ئێران و هه‌روه‌ها بۆ گه‌یشتن به‌ داخوازیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی گه‌له‌که‌مان له‌م به‌شه‌ی کوردستان دا زۆر به‌ پیرۆز و سه‌رکه‌وتوو وه‌سف کرد. کاک مسته‌فا له‌ درێژه‌ی وته‌کانی دا باسی له‌ گرینگی ڕاپه‌رینه‌کانی دوای کوده‌تای هه‌ڵبژاردن و ڕه‌نگ و ده‌نگ و پیگه‌ی کورد له‌م به‌ینه‌دا کرد و له‌ سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ بوو که‌ ده‌بێ کورد به‌ گشتی و هێزه‌سیاسیه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌وڵی زیاتر دابن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌. هه‌رله‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پێداگری له‌ سه‌ر بانگه‌وازی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بۆ پێکهاته‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی که‌‌‌ تێکڕای هێزه‌سیاسییه‌کان بۆ پێکهێنانی ئاخاوتن و هه‌ڵوێستی یه‌کگرتویی نه‌ته‌وه‌ی کرده‌وه‌.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی وته‌کانی به‌ڕێز شڵماشی دا ئیشاره‌ به‌ ئه‌رکی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان کرابوو، له‌م په‌یوه‌ندیه‌دا ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڵوێستی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان له‌ بابه‌ت هه‌ڵبژاردنی خولی ده‌هه‌می سه‌رکۆماری له‌ ئێران کرد و وتی: حیزبی دێموکرات ده‌یتوانی هه‌ڵبژاردن ته‌حریم بکات و ئه‌م کاره‌ کارێکی یه‌کجار ئاسان بوو، ئێمه‌ پێویستیمان ته‌نیا به‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێک ده‌بوو و ئه‌وه‌ش کارێکی زۆر دژوار نه‌ده‌بوو. به‌ڵام حیزنی دیمۆکراتی کوردستان له‌ کۆنگره‌ی چوارده‌ی خۆی دا ئه‌وه‌ی کرد به‌‌ به‌شێک له‌ ئامانجه‌کانی خۆی که‌ ده‌بێ خوێند‌نه‌وه‌کانی بۆ کات و ساته‌کان و ئه‌و ڕوداوانه‌ی که‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئێران دا ڕوو ده‌ده‌ن، له‌ گه‌ڵ سه‌رده‌م دا بێنه‌وه‌و به‌ دابینکردنی ئاڵقه‌یه‌کی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان تێکۆشه‌رانی ناوخۆ دا کارێک بکردرێ که‌ هه‌رچی زیاتر گوشاره‌کانمان وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران زیاتر بکه‌ین و بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێ له‌م ده‌رفه‌تانه‌ که‌ڵکی پیویست وه‌رگرین و له‌ چوارچێوه‌ی ئیمکاناتی گونجاو له‌ نێوخۆی وڵاتدا، له‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێک بۆ هێنانه‌ گۆڕی داخوازه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان که‌ڵک وه‌رگرین. هه‌رچه‌ند ئه‌م ده‌رفه‌تانه‌ش به‌رته‌سکن به‌ڵام له‌م به‌رته‌سکیه‌شدا نه‌هێڵین مه‌سه‌له‌ی کورد له‌م گه‌مه‌یه‌ دا له‌ بستویه‌کی نادیاردا چه‌قبه‌ستوو بمێنێته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ حدک پێش هه‌ڵبژاردن به‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی ورد و به‌ وه‌رگرتن و کۆکردنه‌وه‌ی بیرورای ئه‌ندامان، لایه‌نگران و دۆستان له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی وڵات هاته‌ سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ که‌ له‌ به‌ینی ته‌حریم و ته‌ئید دا ده‌بێ خاڵێکی دیکه‌ش هه‌بێت ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو که‌ له‌ ڕێگای تایبه‌تی خۆیه‌وه‌ له‌ ناوخۆی وڵات لانیکه‌م کورد ڕه‌نگ و ڕوخساری بێلایه‌نی یان ته‌حریم له‌ ڕوی خۆی داماڵێ و به‌ فۆڕمۆله‌کردنی داخوازیه‌کانی گه‌له‌که‌ی له‌ ڕێگای ڕێکخراوه‌کانی مه‌ده‌نی و که‌سایه‌تی و چالاکانی بواره‌کانی جۆراوجۆره‌وه بگه‌یه‌نێته‌ کاندیده‌کان و هه‌رکامیان زیاتری داخوازیه‌کانی قه‌بووڵ بوو ئه‌وان له‌ چوارچێوه‌ی خوێندنه‌وه‌ی خۆیان دا ئه‌گه‌ر به‌ دروستیان زانی ده‌نگی پێبده‌ن.

له‌ درێژه‌ی ئه‌م باسه‌دا کاک مسته‌فا هاته‌ سه‌ر باسی ‌‌‌هێزه‌ دژبه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ ناو خۆدا.
له‌ ئیشاره‌ به‌ هێزه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئێران پێی وابوو که‌ پرش و بڵاویه‌کی زۆریان تێدایه‌و‌ ئه‌وه‌ش زیاتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دابڕانی چه‌ندین ساڵه‌یان له‌ و کۆمه‌ڵگایه‌ی که‌ ده‌بێ لانیکه‌م نیزیک و دوور له‌ ئاڵوگۆڕه‌کانیدا به‌شدار بن.

له‌ باسی ناوخۆییدا کاک مسته‌فا پێی وابوو که‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ بزوتنه‌وه‌ی که‌سک ناوی ده‌برێ، شتێک نیه‌ که‌ موسه‌وی‌ یان که‌ڕوبی وه‌رێیان خستبێت، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ ده‌رد و ژانی ئه‌و‌ سی ساڵه‌ی خه‌ڵکی وه‌زاڵه‌هاتوه‌ که‌ ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ی خوڵقاندوه‌ و خه‌ڵک بۆ گه‌یشتن به‌ ژیانێکی شیاوی سه‌رده‌م هاتوونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام. له‌ پێناوه‌شدا رێچکه‌یه‌کی نوێیان وه‌رێخستووه‌ و وه‌ک چۆن له‌ هێما و بایخه‌کانی رێژیم به‌ دژی خودی رێژیم که‌ڵک وه‌رده‌گرن، له‌ خودی مۆره‌کانی کۆماری ئیسلامیش ڕێبه‌ر دروست ده‌که‌ن و ده‌یانخه‌نه‌‌ به‌ر شه‌پۆلی ڕاپه‌ڕینکه‌یان. که‌وابێ ڕاپه‌ڕین نه‌ هی که‌ڕوبیه‌و نه‌ هی موسه‌وی به‌ڵکو ڕاپه‌ڕینێکی بنچینه‌دار بۆ گه‌یشتن به‌ ژیانێکی شیاوی سه‌رده‌مه‌ و ئه‌و ئاغایانه‌ دراونه‌ پێش ئه‌م شه‌پۆلی ڕاپه‌ڕینه‌.

له‌ دوایین به‌شی سیمیناره‌که‌دا کاک مسته‌فا ئیشاره‌یه‌کی به‌ په‌یوه‌ندی هێزه‌ سیاسیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کرد و له‌و به‌شه‌دا پێداگری له‌ سه‌ر دروستبونی پێکهاته‌یه‌کی هێزه‌ سیاسیه‌کان کرد که‌ له‌ لایه‌ک بتوانێ جوابگۆی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بێت و بۆ هه‌رچی به‌هێزتر نیشاندانی پێگه‌ی کورد له‌ مه‌یدانی سیاسی ئه‌م وڵاته‌دا تێبکۆشێ، و له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ له‌ کاتی ڕوادنێکی قوڵ له‌ ناو ئێراندا، بتوانێ ئه‌و بیره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی که‌ له‌ حاڵی گه‌شه‌ و پشکوتن دایه‌، به‌ هیزتری بکات.

کۆتایی ئه‌م سیمیناره‌ بۆ پرسیار و ره‌خنه‌ و تێبینی به‌شداران دیاری کرابوو، که‌ ئاماده‌بوان زۆر به‌ گه‌رمی به‌شداریان کرد و له‌ لایه‌ن کاک مسته‌فاوه‌ وڵامی پرسیاره‌کانیان درایه‌وه‌.
sminar-shalmashi2.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1236 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact