. . . .


16 Nov 2009

فیلم و ده‌قی قسه‌کانی ئاسۆی حه‌سه‌ن‌ زاده له کۆبوونه‌وه‌ی شو??


خانمی سه‌رۆک !
خانمی پسپۆڕی سه‌ربه‌خۆ !
من لێره‌دا سه‌باره‌ت به کورده‌کانی ئێران قسه ده‌که‌م. به باوه‌ڕی من کاتێک له‌ژێر ته‌وه‌ری ئه‌زموونی نێوخۆی وڵاتان و مێکانیزمه‌ مه‌وجووده‌کان‌دا، هه‌یئه‌تی ره‌سمیی ده‌وڵه‌تێک (کۆماری ئیسلامیی ئێران) له‌جیاتی خستنه رووی لیستی ئه‌و هه‌نگاوه موسبه‌تانه‌ی بۆ باشکردنی به‌شداریی سیاسیی که‌مایه‌تی‌یه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی وڵاته‌که‌ی هه‌ڵیهێناوه‌ته‌وه، ته‌واوی کاتی قسه‌کردنی خۆی بۆ ئه‌وه ته‌رخان ده‌کا که هێرش بکاته‌ سه‌ر ئه‌وانه‌ی وا هاتوون لێره ره‌خنه له هه‌ڵسوکه‌وتی حکوومه‌ت بگرن، ئه‌وه باشترین به‌ڵگه‌یه که ئه‌و ده‌وڵه‌ته خاوه‌نی هیچ پراکتیکێکی موسبه‌ت و شایانی باس له‌بواری مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ که‌مایه‌تی‌یه‌کان‌دا نییه.
سه‌باره‌ت به ئێران، دۆخه‌که به چه‌شنێکه که ناچارین باسه‌که بگه‌ڕێنینه‌وه سه‌ر پرسی پێشمه‌رجه‌کانی به‌شداریی سیاسیی که‌مایه‌تی‌یه‌کان و پێویسته به‌ڕێز پسپۆڕی سه‌ربه‌خۆ پێشدا له‌و گۆشه نیگایه‌وه له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌نگاو هه‌ڵێنێته‌وه، چونکه مێکانیزمه‌ موسبه‌ته‌کان به ته‌واوی غایبن.
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر پێشمه‌رجه‌کانی مافی به‌شداریی سیاسیی که‌مایه‌تی‌یه‌كانیش، من له‌و باوه‌ڕه‌دام که پێویسته ئه‌و پێشمه‌رجانه به شێوه‌یه‌كی فراوان چاو لێ بکه‌ین و ته‌نیا له مافه سیاسی‌یه‌کانی‌دا خولاسه نه‌که‌ینه‌وه. به‌پێی ئه‌و روانینه فراوانه من پێشمه‌رجه‌کانی مافی به‌شداریی کاریگه‌ری که‌مایه‌تی‌یه‌کان له به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری حکوومه‌تی‌دا به‌سه‌ر سێ ده‌سته‌دا دابه‌ش ده‌که‌م:
پێش هه‌موو شتێك پێم وایه به‌ره‌سمی ناسینی فره‌ چه‌شنی له وڵاتدا بناخه‌یه. پێویسته حکوومه‌ت چ به فه‌رهه‌نگسازیی هه‌مه‌ لاگیر و چ له ئاستی نیهادی‌دا نه‌ک ته‌نیا روانینێکی موسبه‌ت له جیاوازی‌یه که‌لتووری‌یه‌کان په‌ره پێ بدا، به‌ڵکوو پێویسته هه‌م له یاسادا و هه‌م له کرده‌وه‌دا ده‌وڵه‌ت بکاته ماڵی هاوبه‌شی هه‌موو پێکهاته نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی وڵات. بنه‌ماکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران له رووی ئیدئۆلۆژیکه‌وه سێکتاریست و له‌ڕووی سیاسی‌یه‌وه ته‌بعیزگه‌ران. ئه‌گه‌ر ئاکامی راسته‌وخۆی ئه‌م بنه‌مایانه بێبه‌شکردنی سه‌رجه‌م هاووڵاتی‌یان له د‌ه‌ره‌تانی ته‌مرینی واقعیی به‌شداریی دێموکراتیکه، بۆ خه‌ڵکی سه‌ر به میللییه‌ته‌کانی ئێران سزاکه قورستریشه. ده‌قیقه‌ن له‌به‌ر جیاوازیی نه‌ته‌وایه‌تی و به هۆی ویست و خه‌باتی مێژوویی‌یان بۆ گه‌یشتن به ئازادی، کورده‌كانی ئێران به ته‌واوی که‌وتوونه‌ په‌راوێزی پرۆسه‌ی بڕیاری سیاسی. ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر خودی به‌ڕه‌سمی ناسینی که‌مایه‌تی‌یه‌کانیش، جیا له هێندێک ئیشاره‌ی بێ‌ئاکام به که‌مایه‌تی‌یه‌کان له یاسای بنه‌ڕه‌تی‌دا، هیچ چه‌شنه دانپێدانانێکی دروست و کاریگه‌ر به‌دی ناکرێ. سه‌ره‌ڕای هێندێک ژێستی رۆخی، له راستیدا ناسنامه‌ی کورده‌کان له ئێران له‌لایه‌ن سیستم و کاربه‌ده‌ستانه‌وه له باشترین حاڵه‌تدا وه‌ك فۆلکلۆرێک مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێ.
پاشان، هه‌ر له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رجه‌کاندا، پێویسته باسی مافی هاووڵاتی بکه‌ین. راسته کورده‌كانی ئێران ئه‌و کۆسپانه‌یان ناخرێته سه‌ر ڕێ که کورده‌کانی سوریه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ته‌به‌عییه‌تی وڵاته‌که‌یاندا تووشی ده‌بن. به‌ڵام کورده‌کانی ئێران به هۆی ئه‌وه که له سه‌رجه‌م بواره‌كاندا که‌وتوونه‌‌ به‌ر ته‌بعیزی نه‌هادینه کراو، له کرده‌وه‌دا هاووڵاتیی پله دوو و بگره پله سێن.
سه‌ره‌نجام ته‌بیعه‌ته‌ن ده‌بێ ئیشاره به‌و مافه سیاسی‌یانه‌ی مرۆڤ بکرێ که پێوه‌ندیی راسته‌وخۆیان به مافی به‌شداریی سیاسی‌‌یه‌وه هه‌یه، به‌تایبه‌تی مافی ڕا ده‌ربڕین و مافی پێکهێنانی کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌كان. خانمی سه‌رۆک، ئه‌گه‌ر ئیلهام له ئه‌ده‌بیاتی حقووقیی دادگای ئورووپایی مافی مرۆڤ به‌تایبه‌تی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ شکایه‌تی کورده‌كانی تورکیه وه‌رگرین، مافی را ده‌ربڕین له کۆنتێکستی که‌مایه‌تی‌یه‌کاندا ده‌بێ به‌و جۆره ته‌فسیر بکرێته‌وه که ئه‌ندامانی ئه‌و که‌مایه‌تی‌یانه هه‌قی خۆیانه ته‌بلیغ بۆ ستروکتورێکی ده‌ستووری و قه‌واره‌یه‌كی سیاسی بکه‌ن که ده‌ره‌تانی راسته‌قینه‌ی به‌شداریی تایبه‌تیی که‌مایه‌تی‌یه‌كان له به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری حکوومه‌تی‌دا پێک دێنێت. که‌چی ئه‌مڕۆ ئێمه له ئێران به ده‌یان چالاکی سیاسی و مه‌ده‌نیی وه‌ک که‌ماڵ شه‌ریفی‌مان هه‌یه که به تاوانی لایه‌نگریی ئاشکرا له مافه نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌کانی گه‌له‌که‌یان حوکمی دوور و درێژی زیندان له خراپترین دۆخیاندا به‌سه‌ر داسه‌پاوه. سه‌باره‌ت به کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌کانیش دۆخه‌که به هه‌مان شێوه‌یه. رێژیم هیچ حیزبێکی به‌ڕاستی موخالف ته‌حه‌ممول ناکا و سه‌رجه‌م پارته سیاسی‌یه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن و یه‌ك له‌وان حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له‌سه‌ر خاکی خۆیان راو نراون. بۆ رێکخراوه مه‌ده‌نی‌یه‌کانیش دۆخه‌که باشتر نیه، چونکه رێبه‌رانیان هه‌میشه له‌ژێر ته‌عقیب و سه‌رکوت‌دان که نموونه‌ی وان محه‌ممه‌د سه‌دیق که‌بودوه‌ند سه‌رۆکی زیندانی کراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانه.
کۆماری ئیسلامی هه‌ر له‌و کاته‌دا که هه‌ر چه‌شنه ده‌رفه‌تێکی دیالۆگ و فه‌زای ئاوه‌ڵا له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پرسی به‌شداریی سیاسیی میللییه‌ت و که‌مایه‌تی‌یه‌کانیدا به‌ستووه، که‌شێکی ته‌واو ئه‌منییه‌تیشی به‌سه‌ر کوردستان‌دا سه‌پاندووه و کوردستانی میلیتاریزه کردووه. ئامانجی ته‌واوه‌تیی ئه‌رزیی خاکی ئێران و ئه‌منییه‌تی میللی بۆته بیانوویه‌کی له ده‌ستان خۆش بۆ ئه‌و رێژیمه هه‌تا ناو به ناو به‌مه‌به‌ستی چاوترسێن کردنی خه‌ڵک به‌تایبه‌تی له فه‌زای ئیعترازیی پاش هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری‌دا جیابیران ئیعدام بکا. هه‌ر ئێستا 13 که‌س له چالاکانی کورد له ئێران به ئێعدام مه‌حکووم کراون و هه‌مووی بیست و چوار سه‌عات نابێ ئیحسان فه‌تاحیان، ته‌مه‌ن 27 ساڵه، له زیندانی سنه ئێعدام کراوه.
سپاستان ده‌که‌م.
بۆ بینینی به‌شێک له فیلمی وتاره‌كه ده‌توانن کلیک لێره‌ بکه‌ن.
هه‌روه‌ها ئێره‌ش کلیک بکه‌ن
assounforum.bmp

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1378 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact