. . . .


16 Nov 2009

راپۆرتی کۆتایی کۆبوونه‌وه‌ی شوورای مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌كگر??


ناوه‌ندی هه‌واڵ : هه‌روه‌ک پێشتر ناوه‌ندی هه‌واڵی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بڵاوی کرده‌وه‌، له رۆژانی 11 و 12 و 13 ی نوامبری 2009 کۆبوونه‌وه‌ی فۆرۆمی که‌مایه‌تی‌یه‌كان که نیهادی تایبه‌تیی شووڕای مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌كان بۆ تاوتوێ و چاوه‌دێریی دۆخی که‌مایه‌تی‌یه نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی جیهانه، له تالاری رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌کان له ژنێڤ به‌ڕێوه چوو که هه‌یئه‌تی ره‌سمیی زیاتر له سه‌ت ده‌وڵه‌تی جیهان و رێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کان و رێکخراوه‌کانی که‌مایه‌تی‌یه‌کان و یه‌ک له‌وان هه‌یئه‌تێکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و "ئالیانسی چل چرا" به سه‌رپه‌رستیی د. ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده و پێکهاتوو له ره‌حمان ئیبراهیم زاده، نیشتمان عه‌زیزی و دامیانۆس شه‌ره‌فیدیس به‌شدار بوون.
پاش به‌ڕێوه چوونی وۆرکشاپێک بۆ نوێنه‌رانی گه‌لانی بێده‌وڵه‌تی جیهان، کۆبوونه‌وه‌که به وتاره‌کانی هه‌ر یه‌ک له ئالێکس ڤان میوین سه‌رۆکی شووڕای مافی مرۆڤی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، وتاری خانمی گی ماک دووگال پسپۆری سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ پرسی که‌مایه‌تی‌یه‌کان و وتاری کیونگ وا کانگ جێگری سه‌رۆکی کۆمیسیاری مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌کان به ره‌سمی ده‌ستی به کاره‌کانی کرد.
بڕگه‌کانی کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مساڵی فۆرۆمی که‌مایه‌تی‌یه‌کان که تایبه‌ت کرابوو به پرسی به‌شداری سیاسیی که‌مه‌ نه‌ته‌وه‌کان ئه‌م ته‌وه‌رانه‌ی گرتبووه خۆی: چوارچێوه‌ی گشتیی مافی به‌شداریی سیاسیی که‌مایه‌تی‌یه‌کان له مافی نێونه‌ته‌وه‌ییدا، کۆسپ و ته‌گه‌ره‌كانی سه‌ر رێگای به‌شداریی سیاسیی که‌مایه‌تییه‌کان، مه‌رجه پێویسته‌کانی به‌شداریی کاریگه‌ری که‌مایه‌تی‌یه‌کان، ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تان و مێکانیزمه‌‌کانی مه‌وجوود، سیستمی هه‌ڵبژاردن و نه‌خشی پارته سیاسی‌یه‌كان، هه‌نگاوه موسبه‌ته‌كان بۆ باشتر کردنی به‌شداریی سیاسیی که‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كان.
له‌ژێر هه‌رکام له‌و بڕگانه‌شدا ژماره‌یه‌ک له کارناسان و نوێنه‌ری ده‌وڵه‌تان و رێکخراوه نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌كان وتاریان پێشکه‌ش کرد که به‌شێکیان بریتی بوون له : ئیۆن دیاکۆنۆ ئه‌ندامی کۆمیته‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌کان بۆ نه‌هێشتنی ته‌بعیزی نه‌ژادی، خانمی ئێپسی کامبێل کاندیدای پێشووی سه‌رۆک کۆماری له کۆستا ریکا، ئاندێرس جۆنسۆن سکرتێری گشتیی یه‌كێتیی پارلمانتێرانی جیهان، خانمی جۆرج پاو لانژڤین سه‌ناتۆری فه‌ڕانسه، سه‌فیر کنووت ڤۆل باک کۆمیسێری تایبه‌تیی رێکخراوی ئه‌منییه‌ت و هاوکاریی ئورووپا بۆ پارێزگاری له که‌مایه‌تی‌یه نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کان، خانمی ئێڤا کۆنێکنا سکرتێری کۆمیته‌ی په‌یمانی شوورای ئورووپا بۆ پارێزگاری له که‌مه نه‌ته‌وه‌کان، فرانسیسکۆ کامبێل ئه‌ندامی پارلمانی ئه‌مریکای نێوه‌ڕاست، مارتین ئوومۆیبی سه‌فیری نیکاراگوا له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، خانمی ئان بێگ ئه‌ندامی پارلمانی ئینگلستان، یه‌رالی توگژانۆڤ سه‌فیری قه‌زاقستان له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌كان، خانمی بینتۆ ئابوولی ئه‌ندامی پارلمانی ئووگاندا، خانمی لیبێرات نیکایه‌نزی ئه‌ندامی پارلمانی برووندی، خانمی ئیڤێت یارویش یاریده‌ده‌ری شاره‌داری ئاتێن، خانمی ژێرالدین فراسێر به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆگرامی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ گه‌شه‌ کردن، کۆنگرێسمان ئالچی هاستینگ ئه‌ندامی کۆنگره‌ی ئه‌مریکا، ئانتی کۆرکیا کیڤی سه‌رۆکی یه‌که‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافی که‌مایه‌تی‌یه‌کان و گه‌لانی بوومی، خانمی گارسیلا دیکسۆن سه‌رۆکی پێشووی دادگای عالیی پاناما و مه‌حموود عه‌باس زاده مشکینی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی کاروباریی سیاسیی وه‌زاره‌تی نێوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده قسه‌ی کرد و وتارێکی له‌سه‌ر وه‌زعییه‌تی گه‌لی کورد له ئێران‌دا به‌تایبه‌تی له گۆشه‌نیگای مافی به‌شداریی سیاسی‌یه‌وه پێشكه‌ش کرد. پێویسته بگوترێ که له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له هه‌مان جه‌له‌سه‌دا نوێنه‌ری کۆماری ئیسلامی ره‌خنه‌ی له حزووری هێندێک له موخالفانی کۆماری ئیسلامی له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا گرت، نوێنه‌ری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له وتاره‌که‌یدا هه‌روه‌ها وڵامی ئیدعاکانی هه‌یئه‌تی ئێرانی دایه‌وه.
له کۆتایی کاره‌كانی دووهه‌مین کۆبوونه‌وه‌ی شووڕای مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌كان بۆ تاوتوێکردنی پرسه‌كانی پێوه‌ندیدار به که‌مایه‌تی‌یه‌کانی جیهان‌دا کۆمه‌ڵێک رێنوێنیی تازه له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مامه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌تان له‌گه‌ڵ گه‌لانی بێده‌وڵه‌تی جیهاندا به په‌سند گه‌یشتن که ده‌قی ئه‌م دۆکومێنته و ده‌قی وتاری نوێنه‌ری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا دواتر بڵاو ده‌كرێنه‌وه.
forumun.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1161 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact