. . . .


19 Oct 2009

سمیناری "حدک و ئاکامه‌کانی هه‌ڵبژاردنی خولی ده‌هه‌می سه‌رکۆما??


ناوه‌ندی هه‌واڵ: رۆژی یه‌کشه‌ممه رێکه‌وتی 18ی ئۆکتۆبری 2009 کومیته‌ی دانمارکی حیزبی دیموکراتی کوردستان سیمینارێکی سیاسی له ژێر ناوی ''حیزبی دێموکراتی کوردستان و هه‌ڵبژاردنی ده‌وری ده‌یه‌می سه‌رکۆماری له ئێران و ئاکامه‌کانی'' بۆ هاورێ کاوه ئاهه‌نگه‌ری نوێنه‌ری حیزب بۆ کاروباری یه‌کێتی ئوروپا به‌ڕیوه‌برد. سیمیناره‌که‌ پێشه‌کی به راگرتنی ده‌ققه‌یه‌ک بێده‌نگی بۆ رێزلێنان له گیانی پاکی شه‌هیدان ده‌ستی پێکرد. له‌ سه‌ره‌تادا هاورێ نه‌به‌ز مسته‌فا‌پوور به‌خێرهاتنی‌ به‌شداربوانی سیمیناره‌که‌ی کرد و به‌شداری ئه‌ندامان و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هه‌یئه‌تی پارتی دێموکراتی کوردستانی له‌و سمیناره‌دا به‌رزنرخاند. ئینجا کۆڕه‌که‌ به وته‌کانی هاورێ کاوه ئاهه‌نگه‌ری درێژه‌ی پێدرا. نوێنه‌ری حدک بۆ کاروباری یه‌کێتی ئوروپا سه‌ره‌تا ئاماژه‌ی به هۆکاره‌کانی نه‌سازان و له ئاکامدا له‌تبوونی حیزب به له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی ئێستاکه‌ی ئێران و کوردستان کرد و ''عه‌قڵییه‌تی انحصار'' و پراکتیزه‌نه‌بوونی دێمۆکراسی ده‌روون حیزبی به هۆکاری سه‌ره‌کی له‌تبوونی حیزب له‌‌ قه‌ڵه‌م دا. له درێژ‌ه‌‌ی باسه‌که‌دا هاورێ ئاهه‌نگه‌ری باسی هه‌ڵبژاردنی ده‌وره‌ی ده‌یه‌می سه‌رکۆماری له ئێراندا کرد و له میانه‌ی ئه‌و باسه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که هه‌ڵبژاردن کردارێکی سیاسیه و له وڵاتانی دێموکراتیک و کراوه‌ له باری سیاسییه‌وه ده‌بێته هۆی به‌ره‌وپێشچوون و هاتنه‌ئارای گۆڕانکاری، به واتایه‌کی دیکه گۆڕانکارییه‌ نه‌هادینه و یاسامه‌نده‌کان پێش به شۆڕش و گؤرانی بنه‌ڕه‌تی ده‌گرن. ئه‌مه‌ش نایه‌ته‌ دی مه‌گه‌ر له رێگای بوونی کێبه‌رکێیه‌کی سالمی سیاسی له نێوان ئه‌حزاب و کاندیداکان و هاتنه‌گۆڕێی به‌رنامه‌ و گه‌ڵاله‌ی جۆراوجۆر له روانگه‌ی جۆراوجۆره‌وه‌. هاورێ کاوه دواتر ئاماژه‌ی به‌ بایکۆت نه‌کردنی هه‌ڵبژاردنی ده‌وری ده‌یه‌می سه‌رکۆماری له لایه‌ن حدکه‌وه کرد و هه‌ڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی به هه‌ڵوێستێکی جیاواز وه‌سف ‌کرد. له درێژه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد که حدک له کاتی له‌تبوون وکۆنگره‌ی چوارده خۆی به خوازیاری گۆران پێناسه کردوه و ئاساییشه که به رووحیه‌ی ریفۆرم و گۆڕانخوازی بمێنێته‌وه‌ و به پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێک لایه‌ن و که‌سایه‌تی که له‌تبوونی حیزبی دێموکراتی یه‌کگرتوو ته‌نیا به کێشه‌ی ته‌شکیلاتی وه‌سف ده‌که‌ن، به باوه‌ڕی هاورێ کاوه ئاهه‌نگه‌ری هه‌ڵوێستی جیاوازی هه‌ردوو حیزبی دێموکرات به نیسبه‌ت هه‌ڵبژاردنی ده‌وری ده‌یه‌می سه‌رکۆماری له ئێراندا به جیاوازی بینش و لێکدانه‌وه‌ی سیاسی نێوان ئه‌و دوو حیزبه ناوبرد و ته‌ئکیدی کرد که له‌تبوونی حیزب لانیکه‌م بۆ توێژی رووناکبیر و رێفۆرمخواز که زۆربه‌شیان گه‌نجانی ئاکادمیکی نێو به‌ده‌نه‌ی حیزب پێکدێنن، کێشه‌ی چۆنێتی، روانگه‌ و ته‌حلیلی سیاسی بووه و هه‌یه‌. له‌درێژه‌دا به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به کارکردی به‌شداریکردن له هه‌ڵبژاردندا کرد که به مافی خاوه‌ندارێتی خه‌تم ده‌بێ. به واتایه‌کی دیکه که‌سێک که به‌شدار ده‌بێ خۆی به خاوه‌نی پرۆسه‌که‌ ده‌زانێ و هه‌ربۆیه‌ش به‌دوای راگه‌یاندنی ئاکامی هه‌ڵبژاردن، پرسیاری رووخێنه‌ر و هه‌ژێنه‌ری ''ده‌نگی من کوا'' هه‌موو جیهانی ته‌نیوه‌ته‌وه‌.

له درێژه‌دا هاورێ ئاهه‌نگه‌ری له به‌شی ئاکامه‌ ئه‌رێنییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی چه‌ند مانگی رابردوو ئاماژه‌ی به؛ که‌م کردنه‌وه‌ی پاسیڤیزمی سیاسی له نێو کۆمه‌ڵانی خه‌لک، هاتنه‌ ئارای شه‌فافییه‌تی سیاسی، رمانی مه‌شرووعیه‌ت و ئیقتداری ده‌ستگای رێبه‌ری و ولایه‌تی فه‌قیهـ له ئێران، ناساندنی رووخساری راسته‌قینه‌ی رژیمی ئێران به گه‌لانی جیهان، چالاکتر کردنی پێوه‌ندی نێوان ئۆپۆزیسیۆنی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران له تاراوگه، پێکهاتنی سه‌فبه‌ندی نوێ له نێوخۆی وڵات به گشتی و کۆمه‌ڵی ده‌سته‌ڵاتداری ماوه‌ی سی ساڵی رابردوو، راکێشانی پشتیوانی مه‌عنه‌ویی جیهان له بزووتنه‌وه‌ی خه‌لکی ئێران و سووڕانی وه‌ره‌قی سیاسی له ئێراندا کرد.

هاورێ کاوه ئاهه‌نگه‌ری سه‌باره‌ت به گشتگیرنه‌بوونی بزووتنه‌وه‌ی که‌سک له کوردستاندا و به‌شدارینه‌کردنی چڕوپڕی خه‌ڵکی کورد له‌م رووداوانه‌دا، باسی‌ چه‌ند هۆکاری وه‌ک، نیگای زۆر ئه‌منییه‌تی رژێم له ‌سه‌ر کوردستان و زۆرتربوونی خه‌ساره‌ت و راده‌ی قووربانیدان له کوردستان، نزمبوونی میچ و ئاستی داواو و مه‌به‌سته‌ سیاسییه‌کانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به نیسبه‌ت گه‌لی کورد له ئێران، له سه‌ره‌تادابوونی بزووتنه‌وه‌ و چڕکردنه‌وه‌ و پێوه‌ندی بزووتنه‌وه به کێشه‌ی '' تقلب'' له هه‌ڵبژاردندا به جێگای مافی نه‌ته‌وایه‌تی و پێکهێنانی گۆڕان له رژیمدا و ...هتد کرد.

کاوه ئاهه‌نگه‌ری له به‌شی کۆتایی وتاره‌که‌یدا ئاماژه‌ی به هۆکاری سه‌ره‌کی پێشوازی حدک له‌و بزووتنه‌وه‌یه کرد و وتی؛ حدک له دوو به‌سته‌ر و گۆشه‌نیگاوه ده‌ڕوانێته ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه. یه‌که‌م گۆشه‌نیگای کوردستانی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی که له ئاڵووگۆڕ و پێشهاته‌کان بۆ هه‌رچی زیاتر وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌نه‌ته‌وایه‌تییه‌کان که‌ڵک وه‌ده‌گرێت. هه‌روه‌ها له باری پێکه‌وه‌لکانی ژیانی نه‌ته‌وه‌کان و شه‌پۆله‌کانی به‌جیهانی‌بوون که گه‌لانی دنیا زیاتر له‌ هه‌میشه لێک نزیک ده‌کاته‌وه و په‌یوه‌ستبوون و پێوه‌ندی نێوانیان زیاتر ده‌کات، جێگیربوونی دێموکراسی و ئاسایش و ئه‌منییه‌تی ژیان له نێو گه‌لانی هاوسێی کوردیشدا، شوێنه‌واری راسته‌وخۆی له سه‌ر چۆنێتی ژیانی گه‌لی کورد داده‌نێت، هه‌ر بۆیه گه‌لی کورد پێویسته له دێموکراتیزه‌کردنی پێکهاته و بافتی کۆمه‌ڵایه‌تی جیرانه‌کانی پێشوازی بکات، ده‌نا پێچه‌وانه‌که‌ی هه‌رده‌م ده‌توانێ مه‌ترسیی بن بۆ ئاسایش و ره‌وشی ئه‌منییه‌تی کورد له ئێراندا.

هاورێ کاوه ئاهه‌نگه‌ری له کۆتایی قسه‌کانیدا ئاماژه‌ی به‌وه کرد که کورد ناتوانێ به ئامانج بگات مه‌گه‌ر به یه‌کێتی و گه‌یشتن به پلاتفۆڕمێکی هاوبه‌ش له نێوان هێز و حیزب و رێکخراوه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای کوردی له ئێراندا و به بێ یه‌کێتی ئاست و راده‌ی له‌ده‌ستدان و دۆڕان زیاتر له ده‌ستکه‌وته‌کان ده‌بێ.

شایانی باسه که به‌شی کۆتایی سمیناره‌که‌ ته‌رخانکرابوو بۆ پرسیار و تێبینی به‌شداران که به گه‌رمی پێشوازی لێکرا به‌شداربوانی کۆڕه‌که چالاکانه تێیدا به‌شداربوون.
kawe-ahengeri-danmark.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1336 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact