. . . .


20 Oct 2009

دوو چاوپێکه‌وتنی به‌رپرسی پێوه‌ندی‌یه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌??


ناوه‌ندی هه‌واڵ : له دوو چاوپێکه‌وتنی به جیادا، ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده به‌رپرسی پێوه‌ندی‌یه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و نوێنه‌ری حیزب بۆ پێوه‌ندی له‌گه‌‌ڵ نیهاده‌کانی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ک له به‌ڕێزان "ئێنگوانگ شۆفێل" به‌رپرسی نوێنه‌رایه‌تیی گه‌لی تیبێت له‌لای نیهاده‌كانی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له ژنێڤ و "ئێلیزابێت دێکرێ وارنێر" سه‌رۆکی رێکخراوی بانگه‌وازی ژنێڤ بۆ نه‌هێشتنی مینه دژه که‌سی‌یه‌كان کۆ بۆوه.
به‌یانیی هه‌ینی 16 ی ئۆکتۆبری 2009، ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده له‌گه‌ڵ به‌ڕێز "ئینگوانگ شۆفێل" به‌رپرسی نوێنه‌رایه‌تیی گه‌لی تیبێت له‌لای نیهاده‌کانی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌كان له ژنێڤ و نوێنه‌ری رێکخراوی گه‌ل و نه‌ته‌وه بێده‌وڵه‌ته‌کان UNPO له ژنێڤ کۆ بۆوه. له‌و دانیشتنه‌دا هه‌ر یه‌ك له حه‌سه‌ن زاده و شۆفێل پاش شیکردنه‌وه‌ی تازه‌ترین گه‌شه‌سه‌ندنه‌کانی پێوه‌ندیدار به گه‌لی خۆیان بۆ یه‌كتر، خاڵه‌کانی وێکچوون له‌‌نێوان خه‌باتی ئێستای گه‌لی کورد به دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و خۆڕاگریی ده‌یان ساڵه‌ی تیبێتی‌یه‌کان له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی چینیان ده‌ستنیشان کرد و قامکیان له‌سه‌ر ئه‌و راستی‌یه‌ دانا که زۆر بوار بۆ ئاڵوگۆڕی ئه‌زموون و هاوپێوه‌ندی له‌نێوان تێکۆشه‌رانی گه‌لێکی وه‌ک گه‌لی تیبێت و تێکۆشه‌رانی کورد له ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌یه.
له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا باسی نه‌خشی چین له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌كان‌ له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کێشه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و یه‌ک له‌وان په‌روه‌نده‌ی ناوه‌کیی ئێران‌ و هه‌روه‌ها دیپڵۆماسیی نه‌یارانه‌ی ده‌وڵه‌تی چین له به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی چاوه‌دێریی نێونه‌ته‌وه‌یی مافی مرۆڤ‌دا کرا و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و هاودۆخی‌یه‌ کرا که گه‌لی کورد و گه‌لی تیبێت هه‌ردووکیان دوو گه‌لی بێ ده‌وڵه‌تن که به هۆی نه‌بوونی که‌سایه‌تیی حقووقی له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی‌دا، بۆ بردنه پێشی مه‌سه‌له‌ی خۆیان له‌به‌رده‌م رێکخراوی جیهانی‌دا ناچارن په‌نا بۆ پارا دیپڵۆماسی و ئه‌و کاناڵ و نیهادانه‌ به‌رن که تریبوون به رێکخراوه‌كانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و هێزه‌ دێموکراته‌کانی گه‌لانی بێده‌وڵه‌تی جیهان ده‌ده‌ن.
به‌ڕێز شۆفێل له‌و باوه‌ڕه‌‌دا بوو که که‌ناڵه‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی مافی مرۆڤ ئه‌گه‌ر به هه‌ماهه‌نگی و پوشتکاره‌وه به‌كار ببرێن ده‌توانن ده‌سکه‌وتی باشیان لێ بکه‌وێته‌وه و به‌کاربردنی ژیرانه‌یان ده‌توانێ له بێ روحمی و سه‌ختیی ئه‌و پارامێتره سیاسی‌یانه‌ که‌م بکاته‌وه که گه‌لانی بێ هێز و بێ پشتیوانی جیهان گیرۆده‌ی بوون. لێره‌دا ناوبراو به‌تایبه‌تی ئیشاره‌ی به ئه‌زموونی ئه‌م دوایی‌یانه‌ی فه‌له‌ستینی‌یه‌کان کرد که سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو پشتیوانی‌یه سیاسی‌یه‌ی له رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌كاندا هه‌یانه، ئێستا به هۆی بونبه‌ستی پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری سیاسیی کێشه‌که‌یان به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتوون که بۆ چاککردنی دۆخی رۆژ به رۆژی خه‌ڵکی خۆیان پێویسته له فۆرۆمه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کاندا هه‌وڵ و توانایه‌کی زۆرتر بۆ زه‌قکردنه‌وه و بردنه‌ پێشی بابه‌ته کۆنکرێته‌کانی مافی مرۆڤی گه‌له‌كه‌یان ته‌رخان بکه‌ن. له کۆتایی‌دا هه‌ردوو لا سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تیی بردنه‌ پێشی مه‌سه‌له‌ هاوبه‌شه‌کانی نێوانیان له‌لای نیهاده‌کانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌گشتی و ئۆرگانه‌كانی پێوه‌ندیدار به پارێزگاری له که‌مایه‌تی‌یه‌کان به‌تایبه‌تی ئاڵۆگۆڕی بیروڕا و ئه‌زموونیان کرد.

tibet1.jpg

له دانیشتنێکی دیکه‌دا که دوانیوه‌ڕۆی دوو شه‌ممه 19 ی ئۆکتۆبری 2009 له بنکه‌ی رێکخراوی بانگه‌وازی ژنێڤ بۆ نه‌هێشتنی مینه دژه‌ که‌‌سی‌یه‌کان واته "جنیڤا کاڵ" به‌ڕێوه چوو، نیشتمان عه‌زیزی و ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده له‌لایه‌ن خانمی "ئێلیزابێت دێکرێ وارنێر" سه‌رۆکی پێشووی ئه‌نجومه‌نی کۆماری ژنێڤ و ئه‌ندامی پارلمانی ئه‌م ئه‌یاله‌ته پێشوازی‌یان لێ کرا. له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا که سه‌عاتێکی خایاند، سه‌ره‌تا هه‌ردوولا پاش ئاوڕدانه‌وه له رابردووی پێوه‌ندیی نێوانیان که بناخه‌كه‌ی له سه‌رده‌می سکرتێریی مامۆستا عبدالله حسن زاده‌‌دا و له‌گه‌‌ڵ ناوبراو‌ دامه‌زرابوو، کۆمه‌ڵێک باس و خواسی پێوه‌ندیدار به کار و تێکۆشانی هه‌ردوولایان تاوتوێ کرد.
پاشان ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده وێڕای شیکردنه‌وه‌ی هێندێک مه‌سه‌له‌ی پێوه‌ندیدار به دۆخی ئێستای بزوتنه‌وه‌ی کورد له ئێران له‌به‌ر رۆشناییی رووداوه‌كانی ئه‌م دوایی‌یانه‌‌ی نێوخۆی ئێران‌دا و سیاسه‌تی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له‌و باره‌وه، روانینی خۆی سه‌باره‌ت به فه‌لسه‌فه‌ی وجوودیی ئه‌و ئیبتکارانه‌ی وه‌ک بانگه‌وازی ژنێڤ ده‌ربڕی که رێزگرتن له ئه‌رک و ئیجباره‌کانی قانوونی به‌شه‌ردۆستی به بزوتنه‌وه چه‌کداره نێوخۆیی‌یه‌کان پێشنیار ده‌كه‌ن. ئه‌و له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا فراوانکردنه‌وه‌ی بازنه‌ی لایه‌نه په‌یمانبه‌سته‌کانی ئه‌م جۆره ئیبتکارانه‌ی به فاکته‌رێکی وه‌دیهێنانی ئامانجی ئه‌م ئیبتکارانه که بریتی‌یه له به‌رپرسیار کردنی بزوتنه‌وه چه‌كداره‌‌کان له قه‌‌ڵه‌م دا، ئه‌وه جیا له‌وه که بۆ گه‌لێکی وه‌ك گه‌لی کورد هه‌مه‌لاگیر کردنی ئه‌م جۆره ئیبتکارانه‌ ده‌ره‌تانێكیشه بۆ پێکه‌وه گرێدانی تۆڕی ئه‌و نیهاد و ناوه‌ندانه‌ی سه‌رنج به کورد و خه‌باته‌که‌ی ده‌ده‌ن.
هه‌رچی خانمی "دێکرێ وارنێر"یشه وێڕای ته‌ئیدی ئه‌و بۆچوونانه، باسی ئه‌وه‌ی کرد که ئێستا رێکخراوی "جنیڤا کاڵ" جیا له کۆنوانسیۆنی ئۆتاوا و خه‌بات بۆ نه‌هێشتنی مینه دژه که‌سی‌یه‌کان، بواری کار و تێکۆشانی خۆی بۆ هێندێک پرسی دیکه‌ی قانوونی به‌شه‌ردۆستی وه‌ك به‌ چه‌کدار کردنی منداڵان و توند و تیژی له‌گه‌ڵ ژنان له کۆنتێکستی شه‌ڕی نێوخۆیی‌دا فراوان کردۆته‌وه. له کۆتایی ئه‌م دیداره‌ دۆستانه‌یه‌دا هه‌ردوولا سه‌باره‌ت به ئاجێندای قووڵکردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی‌یه‌کانیان هه‌ماهه‌نگیی پێویستیان کرد.
decrey2.JPG

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1216 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact