. . . .


5 Oct 2009

دیداره‌کانی به‌رپرسی پێوه‌ندی‌یه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌‌كان?


ناوه‌ندی هه‌واڵ - له په‌راوێزی کاره‌كانی کۆبوونه‌‌وه‌ی وه‌رزانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارلمانیی شووڕای ئورووپادا، رۆژه‌کانی 1 و 2ی ئۆکتۆبری 2009، د. ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده به‌رپرسی پێوه‌ندی‌یه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به‌مه‌به‌ستی تاوتوێکردنی کۆمه‌ڵێک پرسی پێوه‌ندیدار به ئێران و مه‌سه‌له‌ی کورد له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له به‌رپرسانی پایه‌به‌رزی شووڕای ئورووپا و چه‌ند چالاکێکی مافی مرۆڤ له ستراسبورگ کۆبۆوه که به‌رچاوترینی دیداره‌كان به شێوه‌ی خواره‌وه بوون :
- کاتژمێر 11 ی سه‌رله‌به‌یانیی رۆژی 1 ی ئۆکتۆبر، ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده له‌لایه‌ن به‌ڕێز "تادۆز ئیوینسکی" وه‌زیری پێشوو له حکوومه‌تی له‌هستان و راپۆرتێری تایبه‌تیی شووڕای ئورووپا بۆ پرۆگرامی ناوه‌کیی ئێرانه‌وه له ده‌فته‌ری ناوبراو له بنکه‌ی سه‌ره‌کیی شووڕای ئورووپا له ستراسبورگ پێشوازیی لێ کرا. له‌و دانیشتنه‌دا که سه‌عاتێكی خایاند، سه‌ره‌تا به‌رپرسی پێوه‌ندی‌یه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی حیزب پاش روونکردنه‌وه‌یه‌كی جێگه و پێگه‌ی کورده‌کانی ئێران و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له مه‌یدانی خه‌بات بۆ ئازادی و دێموکڕاسی له ئێراندا، روانگه‌کانی خۆی و حیزبی دێموکڕاتی له‌پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ پرۆگرامی ناوه‌كیی ئێران خسته‌ روو. حه‌سه‌ن زاده وێڕای وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی ناکام بوونی پرۆسه‌ی شه‌‌ش ساڵه‌ی مشت و مڕی نێوان کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی و کۆماری ئیسلامی سه‌باره‌ت به پرۆگرامی ناوه‌كیی ئه‌م رێژیمه، گوتی به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و راستی‌یه که مه‌به‌ستی کۆماری ئیسلامی له‌ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه‌دا کڕینی کات بووه و ئه‌و رێژیمه هه‌رگیز واز له نیازی ده‌ستڕاگه‌یشتن به چه‌کی ئه‌تۆمی ناهێنێ، هێشتنه‌وه‌ی وه‌زعییه‌تی مه‌وجوود ده‌ستبه‌ری درێژه‌کێشان و گه‌وره‌ بوونه‌وه‌‌ی ئه‌و مه‌ترسی‌یانه‌‌یه که بوونی کۆماری ئیسلامی بۆ ئاشتی ناوچه‌یی و ئاسووده‌یی خه‌ڵکی ئێران پێکی هێناوه. هه‌ربۆیه ته‌نیا رێگای هاتنه ده‌ر له بونبه‌ستی ناوه‌کیی ئێران هاتنه‌سه‌ر کاری ڕێژیمێکی دێموکڕاتیک و به‌رپرسیار له‌و وڵاته‌دایه. مادامیش که هێرشی ده‌ره‌کیی نیزامی بۆ رووخاندنی رێژیم نه ئێستا زۆر له رۆژه‌ڤدایه و نه قه‌تیش مه‌تڵوبترین بژار بووه، باشترین رێگه یارمه‌تیدانی به‌ کرده‌وه‌ و راسته‌وخۆی ئازادیخوازانی نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ به ئاکام گه‌یاندنی خه‌بات به دژی ئه‌و رێژیمه‌یه. ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده له کۆتایی‌ قسه‌کانیدا به نیگه‌رانییه‌وه ئیشاره‌ی به وتارێکی سه‌فیری پێشووی فه‌ڕانسه له ئێران کرد که له‌م رۆژانه‌دا له رۆژنامه‌ی لۆمۆنددا بڵاوی کردۆته‌وه و له‌ودا ناوبراو داوای نه‌رمکردنه‌وه‌ی تۆنی ده‌نگی رۆژئاوایی‌یه‌کان به دژی کۆماری ئیسلامیی کردوه و رایگه‌یاندوه که ئه‌گه‌ر پرسی ناوه‌کی له قالبی سیاسی بێته‌ ده‌ر و چاره‌سه‌ری کارناسانه بۆ خواستی ده‌ستراگه‌یشتنی ئێران به ئینرژیی ئه‌تۆمی بدۆزرێته‌وه، کێشه‌که چاره‌سه‌ر ده‌بێ. به باوه‌ڕی حه‌سه‌ن زاده وه‌ها هه‌ڵوێست و روویکه‌ردێک که ده‌کرێ ئاکامی زۆر مه‌ترسیداری لێ بکه‌وێته‌وه له خۆشباوه‌ڕی‌یه‌ک زیاتر نییه و ئومێدی خواست که راپۆرتێری تایبه‌تیی شوڕای ئورووپا بۆ پرۆگرامی ناوه‌کیی ئێران له ‌داوی وه‌ها هه‌ڵوێستێک که ئێستا هێندێک لایه‌ن به شێوه‌یه‌کی گوماناوی لۆبیگه‌ریی بۆ ده‌که‌ن نه‌که‌وێ.
پاشان به‌ڕێز "ئیوینسکی" به وردی پێشینه و چوارچێوه‌ی مه‌ئموورییه‌تی خۆی له ‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پرۆگرامی ناوه‌کیی ئێران‌دا شی کرده‌وه و روانگه‌کانی خۆی له‌و باره‌وه‌ خسته روو. ناوبراو سه‌ره‌تا وێڕای ئیشاره به پێوه‌ندی‌یه مێژوویی‌یه‌کانی نێوان له‌هستان و ئێران، باسی ئه‌وه‌ی کرد که مه‌سه‌له‌ی ناوه‌کیی ئێران بۆ وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریکا ئه‌وه‌نده پڕ بایه‌خ بووه که ئه‌مریکا بۆ به‌ده‌ستهێنانی هاوکاریی رووسیه له به‌رخورد به ئێران‌دا ته‌نانه‌ت حازر بووه چاوخشاندنه‌وه به حزووری نیزامیی خۆی له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ئورووپا و یه‌ک له‌وان له له‌هستان‌دا بکات. به‌ڕێز "ئیوینسکی" ئینجا هاته سه‌ر باسی پرۆژه‌‌ی ئاماده‌ کردنی ئه‌و راپۆرته که شووڕای ئورووپا له‌ژێر سه‌ردێری "پێویستیی دژکرده‌وه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ به‌رامبه‌ر پرۆگرامی ناوه‌کیی ئێران‌دا" ئه‌رکی ئاماده کردنی به ناوبراو سپاردووه. "تادۆز ئیوینسکی" وێرای ئیشاره به‌وه که ئه‌و تا ئێستا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته چوار جار سه‌فه‌ری ئێرانی کردووه و له داهاتووشدا هه‌ر له‌‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا سه‌ردانی رووسیه و ئیسرائیل و ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی ئینرژیی ئه‌تۆمی ده‌کا و دیسان ده‌گه‌ڕێته‌وه تاران، به دووری زانی که پێش مانگی ژانویه‌ی 2010 هه‌ڵوێستی یه‌كجاریی کۆماری ئیسلامی روون بێته‌وه. به‌ڵام گوتی له‌هه‌رحاڵدا نه شوورای ئورووپا و نه باقیی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی‌ ئیدی حازر نابن قۆناغێکی دیکه‌ی دوور و درێژ و پڕ له ناڕوونی و دڵه‌خورپه‌ی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌‌یی و ده‌ست ئاوه‌ڵاییی کۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌و رێژیمه نوێ بکه‌نه‌وه.
له کۆتایی ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا هه‌ردوولا سه‌باره‌ت به پێکه‌وه به‌ستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ناوه‌كی و دۆسیه‌ی مافی مرۆڤ له ئێراندا و چۆنیه‌تیی تریبوون به‌خشین به ئازادیخوازانی ئێران له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌می ئه‌و مه‌سه‌لانه‌دا ئاڵوگۆڕی بیرورایان کرد.
- کاتژمێر 5ی ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ، ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده و نیشتمان عه‌زیزی دانیشتنێکی درێژ و پڕ نێوه‌رۆکیان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز "یۆران لیند بلاد" ئه‌ندامی پارلمانی سوئێد، جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی پارلمانیی شووڕای ئورووپا و به‌رپرسی کۆمیسیۆنی پرسه سیاسی‌یه‌کانی ئه‌و شووڕایه هه‌بوو. سه‌ره‌تا به‌رپرسی پێوه‌ندی‌یه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هه‌لسه‌نگاندنی خۆی له کۆبوونه‌وه‌ی به‌یانی له‌گه‌ڵ راپۆرتێری تایبه‌ت به به‌رنامه‌ی ناوه‌کیی ئێران بۆ به‌ڕێز "لیند بلاد" باس کرد. ناوبراویش زۆر ورد و راشکاو روانگه‌کانی خۆی له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا ده‌ربڕی. ئه‌و به‌تایبه‌تی گوتی له حاڵه‌تی ئێستادا که گوزینه‌ی نیزامی له رۆژه‌ڤ‌دا نیه مه‌گه‌ر ئه‌وه که ئیسرائیل ناچار به ده‌سپێشخه‌ری بێ، گه‌مارۆی ئابووری بۆ سه‌ر مه‌سره‌فی سوختی ئێران کاریگه‌رترین کارتی فشاری کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ سه‌ر کۆماری ئیسلامی‌ ده‌بێ. له وڵامدا ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده وێڕای ئیشاره به ئه‌زموونی گه‌مارۆ بۆ‌سه‌ر رێژیمی سه‌دام حوسێن، بێ‌باوه‌ڕیی خۆی به کاریگه‌ر بوونی ئه‌و گوزینه‌یه‌ش ده‌ربڕی و رایگه‌یاند که له‌نێوان هێرشی نیزامی‌ له‌لایه‌ك و له‌لایه‌کی دیکه‌وه درێژه‌دانی وه‌زعییه‌تی مه‌وجوود ته‌نانه‌ت به سه‌پاندنی کۆمه‌ڵێک سزای تازه که ره‌نگه بۆ هێندێکیان قوربانی‌یه‌که‌ی زۆرتر خه‌ڵکی ئێران بێ تا رێژیمی ئێران، کارسازترین رێگه پشتیوانیی به کرده‌وه و راسته‌وخۆ له ئازادیخوازانی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی ئێرانه. لێره‌دا حه‌سه‌ن زاده بڕیارنامه‌ی ژماره 515 ی چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ری شووڕای ئورووپای وه‌بیر به‌ڕێز "لیند بلاد" هێنایه‌وه که شووڕای ئورووپا به پێشنیار و ئیبتکاری شه‌خسی ئاغای "لیند بلاد" له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌رکوتی خۆپێشانده‌ران له پاش هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری له ئێران‌دا په‌سندی کردوه و له دوا پاراگرافی‌ ئه‌و بڕیارنامه‌یه‌دا شووڕای ئورووپا ئاماده‌ییی خۆی بۆ قووڵکردنه‌وه‌ی هاوکاری له‌گه‌ڵ هێزه دێموکڕاتیکه‌کان و کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیی ئێران ده‌ربڕیوه. له وڵامدا "یۆران لیند بلاد" وێڕای درکاندنی ئه‌و قه‌ناعه‌ته که دڵنیاترین و پایه‌دارترین رێگا چاره ته‌نیا گۆڕانی رێژیم له ئێران‌دایه، پێشوازیی له پێشنیاره‌کانی به‌رپرسی پێوه‌ندی‌یه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی حیزب له‌مه‌ڕ به‌شدارکردنی زیاتری موخالفانی کۆماری ئیسلامی له ئیداره‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییی دۆسیه‌‌کانی پێوه‌ندیدار به ئێران‌‌دا کرد.‌
- به‌شێکی دیکه‌ی دیداره‌کانی هاوڕێیانی حیزب له ستراسبورگ بۆ کۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سایه‌تی‌یه‌کی بواری مافی مرۆڤ‌ و تاوتوێ کردنی هێندێک پرسی پێوه‌ندیدار به کورده‌کانی ئێران ته‌رخان کرابوو. له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا، کاتژمێر 2ی پاشنیوه‌ڕۆی 1 ی ئۆکتۆبر، به‌رپرسی پێوه‌ندی‌یه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له‌گه‌ڵ لۆبی‌سازی ئه‌مریکایی و سه‌رۆکی پێشووی رێکخراوی چاوه‌دێری مافی مرۆڤ به‌ڕێز " میکائیل ماک گی" کۆبۆوه. له‌ دانیشتنێکی گه‌رم و دۆستانه‌‌دا هه‌ردوو لا به ئه‌زموونی ساڵه‌کانی 2000 و 2001 ی هاوکاریی نێوانیان له‌ بواری کۆڕ و کۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ پارلمانتێرانی ئورووپایی بۆ پشتیوانی له خه‌باتی کورده‌کان‌دا چوو‌نه‌وه و به‌هۆی گۆڕانی بواری چالاکیی به‌ڕێز "ماک گی‌" هێندێک رێکار بۆ راكێشانی سه‌رنج و پشتیوانیی ناوه‌نده فه‌ڕانسه‌یی‌یه‌كانی ستراسبورگ له قه‌زیه‌ی کورده‌کان له ئێرانیان‌دا تاوتوێ کرد.
- له دیدارێکی دیکه‌دا، کاتژمێر 11ی به‌یانیی رۆژی‌ دواتر، ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده له‌گه‌ڵ وه‌کیلێکی فه‌ڕانسه‌ییی چالاک له‌به‌رده‌م دادگای ئورووپایی مافی مرۆڤ که ناوی به‌ پارێزراوی ده‌مێنێته‌وه کۆبۆوه هه‌تا له‌باره‌ی ئیمکانی شکایه‌ت کردن له ده‌وڵه‌تی ئوتریش له پێش دادگای ستراسبورگ و له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ رێگریی حکوومه‌تی ئه‌و وڵاته له به‌ ئاکام گه‌یشتنی په‌روه‌نده‌ی تێرۆری د. قاسملوودا رێکاره‌ مومکینه‌کان هه‌ڵسه‌نگێنن و هه‌نگاوی بۆ هه‌ڵێننه‌وه.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1251 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact